سوڵتانەکان تێکدەشکێن.!

کاردۆ محەمەد
 هێرشی سوپای تورکیا و گرتنی جەرابلوس، بە ئامانجی بەربەست دروستکردن و لێدانی پێشرەویەکانی کوردانی رۆژئاوا. بەشێک لە خەڵکی نائومێد کرد، کە جارێکی تر وڵاتان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان رەفتاردەکەن و دەست بەرداری پشتیوانی رەوایی کیشەی گەلەکەمان دەبن. لە راستیدا لەم ئانوساتەدا کێشەکە هەروا ئاسان نییە، بۆیە دەمەوێ لەم پرسەدا  ئاماژە بۆ چەند خالێک بکەم: 
- پرسی کورد لە دۆخێکدایە بە ئاسانی جارێکی تر ناتوانرێت فەرامۆشی بکرێت. لە بەر ئەوەی لە ئاستی نیودەوڵەتیدا پاڵپشتێکی بە‌هێزی ڕەوایەتی دوای ئەنفال و جینۆسایدکردنی پێ بەخشراوە.
- بەرژەوەندی وڵاتانی بەهێز، لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دوای گۆرانکارییەکان لە پشتیوانی پێکهاتەو نەتەوە ژیر دەستەکان دایە. گەلی کوردستانیش لە پێشەوەی ئەو گەلانە ئەگەر پێگەی سیاسیشمان لاواز بێت.
- هەرکاتێ پرسی کورد بەرەو پێشکەوتن بچێت داگیرکەران ئامدەی هەمو ناکۆکی خۆیانن بۆ لێدانی گەلانی ژیر دەستە، چونکە دەزانن بە سەربەخۆیی گەلی کورد نەخشەی داگیرکاریی و قەڵەمڕەویی ئەوان هەڵدەوەشێتەوە. ئەم هەماهەنگەشیان هەر لەو پێناوەیەو، بەڵام تا سەر نابێ و کاتییە و ناتوانی ناکۆکیە میژوویەکان و بەرژەوەندیە سولتانیەکانیان بسڕیتەوە.
. - ئەمەریکا; رەچاوی بەرژەوەندی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات، کە کوردی تێدایە، دوای جەنگی کەنداو، پاشتریش 11 سێپتەمبەر، کوردستانیش بنکەیەکی بەهێز و سەرەکی مرۆیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، لێرەوە پەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەپارێزێت و ڕوبەڕووی هێزی تیرۆرستان دەبێتەوە. ئەمە جگە لە بەرژەوەندی ئابووریی و بەرهێنانەکانی ئەمەریکا لە کوردستاندا وا دەکات ئەمەریکا پشت لە کورد نەکات لەم ناوچەیەدا.
- سەدەی بیست و یەک، شکستی دەوڵەتانی شکست خواردوی ناوچەکەیە، هاوکێشە و بەرژەوەندییەکان پێمان دەڵێن تازە دۆخی درووستکراوی جارانی بەتایبەتیش بارودۆخی کورد لەم ناوچەیەدا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران و ژێر دەستەیی کورد. بۆیە ئەگەر کورد کێشەی حوکمداریی خۆی نەبێت، بە دڵنیاییەوە لە داڕشتنی نەخشەی ناوچەکە پێگەی خۆی هەیە.!
 -لە ئێستادا ئەگەر پاشاکشێیەکی کاتیش ڕووبەڕووی کوردانی خۆرئاوا بێتەوە کۆتاییەکەی سەرکەوتنە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناتوانن پشتیوانی گەلێک نەبن کە لەسەنگەریی پێشەوەی پاراستنی ئاسایشت جیهانییە دژی تیرۆر.
- سووربوونی بەردەوامی تورکیا لەسەر ئەم سیاسەتە ملهوڕانەی لە ناوچەکەدا، تەڵەی زۆری ماوە بۆ قاچ گرتنی، ڕوداوەکان لە سەرەتادان و کات ماوە بۆ بینینی پێشهاتی نوێ.!
- دواجار  سەرکەوتنی گەلان بەندە بە ئیرادە و هونەریی بەڕێوەبردنی گەلان خۆیانەوە، کوردانی رۆژئاواش خاوەنی ئەو ئیرادەیەن کە سەرکەوتنیان مسۆگەر دەکات، ئەزموونی دوو ساڵی ڕابردووشیان و کۆمەڵیک هەنگاوی گەورە بەڵگەیەکی زیندووی ئەم سەرکەوتنەیانە لە داهاتوودا، پێشهاتەکانیش پێمان دەڵێن سوڵتانەکان تێکدەشکێنن و گەلانی ژێر دەستەش ڕزگارییان دەبێت.!

 * سەرۆکی فراکسیونی گوڕان، لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان.

30/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر