كەی دەستلەكار دەكێشنەوە؟

ئازاد چالاک

هێشتا هەر كۆدەبنەوەو قسەدەكەن، پەیام بڵاوئەكەنەوە، ڕوداو شیئەكەنەوەو باس لە قارەمانیەتی پ.م و شەهیدان دەكەن، ئاوەرەكان دەدوێنن و باسی وەحشیەتی دوژمن و گەلەكۆمەكێی دنیا دەكەن لە دژی كورد، باس لە نابەرابەری سوپای ئێراق وحەشدی شەعبی وهێزی پ.م كوردستان دەكەن، باس لە ئێراقی بونی خۆیان و هەولێرو چونە بەغداو گفتوگۆ دەكەن بەپێی دەستور. 
 ئێستا باسی هەموشتێك دەكەن، تەنها باسی شكستی خۆیان وحكومەت و ئیدارەو سیاسەتكردنیان ناكەن، باسی چەواشەكاری ڕاگەیاندنەكانیان و شیكەرەوەو موستەشارە بلیمەت و دانسقە كانیان ناكەن ودان بەهەڵە كوشندەكانیان ناهێنن كە بەدرێژایی حوكمڕانیان بەسەر كوردستان و خەڵكەكەیان هێناوە. 
نامەوێ لێرە تەنها باسی مەسعود بارزانی بكەم، چونكە پێم وانیە لە حاڵێكدا بێت، كەس ئێرەیی پێببات، وەك بەرپرسی یەكەمی  هەموو ئەو نەهامەتیانەی كەتوشی ئەم هەرێمە خێر لە خۆ نەدیوەی كردوە، بەڵكو دەمەوێ ڕوی ڕەخنەكانم ئاراستەی هەمو ئەوحیزب ولایەنە بەناو سیاسیانەی كوردستان و كادرو لایەنگرانیان بكەم و لێیان بپرسم بزانم جگە لە كلكایەتی و ڕەدوكەوتن چی تریان بەدەستهێناوە و چ هەڵوێستێكی بوێرانەیان هەبوە؟
ئایا ئاوانیش بەشێكی گەورەی ئەم تاوان و نەهامتیانە نین كە بەسەر كوردا هاتوە؟ ئەی ئێوە خاوەن دیدو پرۆژەی چاكسازی و بەرەی خەڵكی زوڵملێكراوو هەژار نەبون؟ بۆچی یەك لە دوای یەك چونەوە ژێر باڵی قومارچیە دۆڕاوەكان؟
گەر بارزانی و حیزبەكەی وەك داكۆكیكەرو سنگ دەرپەڕێنەری ڕیفراندۆم ودەوڵەتی سەربەخۆی كورد خۆی نمایشكردبێت، ئەی ئەوانیتر كە دەیانزانی بەم هەنگاوە هەرزەیە توشی نەهامەتی وشكست دەبین بۆڕازیبون كەئەنجام بدرێت و بێ باكانە ملی خۆیان و گەلە كەیان خستە بەر چەقۆی بەغدا، كەبۆ یەكەم جارە هەمو دنیابە جیاوازی ڕەگەزو بیرو بۆچون و ڕەنگیانەوە بەجیاوازی كێشەو بەرژەوەندیە كانیانەوە چ بەهەڕەشەو چ بە ئامۆژگاری، بەئاشكراو بەنهێنی پێیان وتین ئەو كارە دوابخەن چونكە هەمو دەسكەوتەكان لە دەست ئەدەن، كەچی هەركردتان و پەنجەی نە هامەتی و ماڵوێرانیتان لەدژی بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد بێ باكانە بەرز كردەوە!               ئەگەر 25ی  مانگی ڕابوردو هەندێك پێیان وابوو بێت كەچون بۆ دەنگدان و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی سەرفرازی بۆ كورد دێنێ، دەبێت ئێستا چی بڵێن و بۆچی دان بەهەڵە كانیاندا نانێن و بۆهەتا ئەمڕۆ كۆدەبنەوەو ڕێی چەواشەكاری هاوڵاتیان بەرنادەن؟                                          بەشێك لەبەرپرسانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو چونە پاڵ ئەم سەركێشیە گەورەیە، ئەوانیش گوێیان ئاخنی لەئاست هەمو ئەو ناڕەزایەتی و پێشبینیانەی كەدژی ڕیفراندۆم لەلایەن نوسەرو ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیری كوردەوە دەخرانە ڕوو. 
ئەمڕۆ ئەو بەشە بەرپرسەی یەكێتی لە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و ئەندام پەرلەمان، چۆن ئارەقی شەرمەزاری ناڕێژن وچۆن وەك كەسانی تر كات بەڕێ ئەكەن؟ بۆ لەخۆیان ناپرسن بەرامبەر بەچی و لەپێناوی چی درێژە بەم هەڵوێستە ناجوامێرانەیان دەدەن؟ دەپرسین ئەمینداری یەكگرتوو ئەندامانی م.س و سەركردایەتی ئەو حیزبە بۆچی پشتیان كردە كادرو جەماوەرەكەیان؟ كوان ئەو بەهانەو ئەو ڕێگریە ئاینی و نەتەوایەتی و یژدانیەی كەوای لێكردن دەست بۆ كارێكی مەترسیداری وەك ڕیفراندۆمە شكست خواردوەكە بەرن و بەگوێی كەس لەخۆتان زیاتر نەكەن؟ بۆچی هەمو جارێك شەرعیەت ئەدەنەوە بەدەسەڵاتێكی شكستخواردوی تاقیكراو؟                     لەچ ئایەتوو حەدیسێكی پێغەمبەر ئیلهام و عیبرەتتان وەرگرت؟ لەكوێدا ئاین پێمان دەڵێ دەستی زاڵم و گەندەڵ و تاوانبار بگرەو دەستی هەژارو لێقەوماوان بەردە؟ ئایا ئەمجارەشیان هەر (انْصُرْ أَخَاكَ ڤَالِمًا أَوْ مَڤْلُومًا) یە؟ تاوانی ئەمینداری یەكگرتوو پێ بزانێ یا نەزانێ شتێكی وای كەمتر نیە لە تاوانی هەردو بەڕێز مەسعود بارزانی و حەمەی حاجی مەحمود و حیزبە بچوكەكانی ترو خوداو گەلو مێژو بەدڵنیاییەوە لێتان خۆشنابن.
هەرچی گۆڕان و كۆمەڵیشە لەگەڵ ئەوەی هەتا دوا ساتەكان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبون، بەڵام دەبێت ئەوانیش باجی بەشێكی ئەو نەهامەتیانە بگرنە ئەستۆی خۆیان، چونكە وەك دوولایەنی سیاسی خاوەن هزرو هەڵوێست دەبا زۆر بوێرانە دژ بوەستانایەو بەرەی ڕەتكردنەوەیان هەڵبژاردایە، نەك بچونایە و بەشداری ئەوگەمە سیاسیە ناشیرینەیان بكردایە، ناكرێ دو لایەنی سیاسی دیاری خاوەن هەڵوێست بەقەدەر خاوەن كۆمپانیایەك بوێری و ئازایەتیان تیانەبێت و بانەشیش بسوتێ و نەكەباب هەڵبژێرن!
 ئێستا كاتیەتی پێش هەر لایەنێكی تر بەشێك لە بڕیار بەدەستانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، دەست لە بەرپرسیاریەتی بكێشنەوەو ڕێگە بۆ هاوڕێكانیان چۆڵبكەن و ئەو نەریتە جوانە بسەپێنن و لەخۆیانەوە دەستپێبكەن. 
فەرمون سەركردەكانی كورد ئاكامی ئەم شكستە گەورەیە بخەنە ئەستۆی خۆتان و شێرو ڕێویمان بۆ مەهێننەوەو باجی كارو كردەوە كارەساتبارەكەتان بدەن و بەویستی خۆتان شانۆی سیاسەت بەجێ بهێڵن.




24/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر