لێكەوتەكانی ساختەكاری

ئازاد چالاک
چەند جارێك، لەلایەن دۆست و هاوڕێكانمانەوە رووبەروی ئەو پرسیارە بومەوە، هۆكار چیە پارتی و یەكێتی لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، هیچ گەرموو گورییەكیان پێوە دیار نیە وەك لایەنە ركەبەرەكانیان، ئەیان پرسی چۆن بەو بێ‌ توانا داراییەی گۆڕان، ئاڵاو لۆگۆو ریكلامەكانی لەشارێكی وەك سلێمانی، كە گەورەترین شاری كوردستانە وا بەچڕی دەبینرێ‌ و كاندیدەكانیان ماڵەو ماڵ دەگەرێن كە چی حیزبە خوا پێداوەكانی دەسەڵات سەرەرای لەدەستدانی خاك و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و شكستی ئابوری و كارگێڕی و حكومڕانی خەمساردانە و بێ‌ باكانە وەك ئەوەی دڵنیابن لەسەركەوتنیان زۆر بەئاسودەیی سەر ئەخەنە سەر سەرین و تەسلیمی خەوێكی قوڵ دەبن؟!
كەس نیە نەزانێ‌ كە كۆمسیۆنی بەناو سەربەخۆی هەڵبژاردن لەعێراق و هەرێم سەربەخۆنین و ئەندامەكانیان وەك نوێنەری حیزب لەو كۆمسیۆنەن و هەموویان پاش ململانێ‌ و فشارێكی زۆرو رێكەوتنی ژێر بەژێری لایەنەكان، دادەنرێن و تەنانەت سەرۆكی حیزبەكان هەموو تواناو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆدانانی كەسی جێ متمانەی خۆیان لەوشوێنە هەستیارەدا!
لەخولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەندە بەنوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لەبەغدا دەستبەكار بووم، لە گەرمەی تاوتوێكردنی هەڵبژاردنی كۆمسیۆن دەمانویست كەسێكی كورد لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی وەك نوێنەری ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم ببێتە ئەندامی كۆمسیۆن بەڵام هەموو هەوڵەكانمان شكستی هێنا تەنانەت ئەو پێشنیارانەی كەباسی زیادكردنی ئەندامانی كۆمسیۆن دەكرد بۆ 13 و بۆ 15 ئەندام، پارتی زۆر بەتوندی و بەهەموو شێوەیەك دژی وەستاو نەیدەویست كەسێكی نزیك لە ئۆپۆزسیۆن بچێتە كۆمسیۆن.
دەوڵەتی یاساو نوری مالیكی پێیان ئاسایی بوو ژمارەكە زیاد بكرێ‌ بۆ كوردو سوننەو شیعە بەڵام دیسان پارتی كێشەی دروستكرد، مالیكی  راشكاوانە باسی ئەوەی كرد كە بەرێوەبەری نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان، هەموویان لەلایەن حیزبە باڵا دەستەكانەوە دادەنرێن و ناوی هاوڕێ‌ تۆفیقی وەك نمونە هێنایەوە كە بە تەكلیفی شەخسی سەرۆك كۆمار لەسلێمانی دانراوە!
كەس نیە نەزانێت كە پرۆسەی تەزویرو یاریكردن بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان تەنها ئەمجارەو بۆ هەڵبژاردنێك نەكراوە بەڵكو ئەمە پیشەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتە لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 هەتا ئەمڕۆ . لێرەدا ئەبێ‌ ئەوەش بڵێم كە پارتی لەچاو یەكێتی زیرەكانەو لێزانانە تر توانیویەتی گرەوی تەزویرو گەمەی هەڵبژاردن لەیەكێتی بباتەوەو بەردەوام رێگاو شێوازی نوێ‌ بەكاربهێنێ‌.
گەمەی هەڵبژاردن كۆتای پێ‌ دێت و براوەو دۆڕاو، تەزویر چی و تەزویر لێكراو روبەروی واقیعێكی نوێ‌ دەبنەوەو هەرلایەكیان بیر لەوەدەكاتەوە كە دەبێ‌ چی بكات؟!
جیا لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دنیا دۆراوەكان تەنها ئەو لایەنانەنین كە تەزوییان لێكراوە یاخود دەنگی كەمیان هێناوە، بەڵكو دۆڕانی گەورە بەر جەماوەر دەكەوێ‌ و زیانی كوشندە بەر بەرژەوەندیەكانی كورد وەك نەتەوە دەكەوێ‌، لێرەدا بەباشی دەزانم هەندێك لەو زیانانە بخەمە روو:
1_ هەرەسی هزری دیموكراسی و گۆڕانكاری كە لەرێی هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانەوە دێتەكایەوە، سەرەتای ئەو هەرەسەش لە بێ‌ ئومێدی و نەچون بۆ دەنگدان و خەمساردی بەو پرۆسەیە سەرچاوە دەگرێ‌، بەنامۆ بون بە ئێستاو داهاتوو كۆتای دێت، بەڵام ئەم حاڵەتە نەرێنی و پاسڤە دەبێتە بزوێنەرو پشكۆی توندوتیژی یاخود دابڕان و نامۆ بون بە نیشتیمان و كۆمەڵگا.
2_هەڵكشانی كێشەو نەخۆشیە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەك كە تەنها لەچوارێوەی حیزبدا نامێنێتەوەو باڵ دەكێشێ‌ بۆ خەڵكی بێلایەن و لەوانیشەوە بۆ لایەنگرانی حیزبە تەزویر چیەكان و دەبێتە كێشەی موزمن بۆ كۆمەڵگا بەگشتی كە ئەوكات چارەسەركردنیان زۆر قورس و زەحمەت دەبێت.
3_حیزبە دەسەڵاتدارەكان بەهۆی لەدەستدانی مۆراڵ و ئاشكرابونی ماهیەتیان زیاتر لەجاران ناچاری هەڵخلیسكاندن و زیاتر ملكەچی بێگانەو داگیركەرانی كوردستان دەبن و وڵات هەرزان فرۆش و هەراج دەكەن.
4_ زەقی و بێلەزەتی ساختەكاریەكان لەكەركوك و ناوچەكانی ترو گرنگی دانی عەبادی تەنها بەم كێشەیە زەرەرێكی زۆر گەورە بەپێگەی كوردو مافی كورد لە كەركوك دەگەیەنێ‌ و نابێتە مایەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان بەڵكو بەپێچەوانەوە ناكۆكیەكان  ئاڵۆزتر دەبێت و مافی تەزویركردنی فراوان  لەداهاتوودا دە بەخشرێتە لایەنی عەرەبی و توركمانی.
واتە كێشەو مافەكانی كورد لەكەركوك لەمەزلومیەت و رەواییەوە بووە كێشەیەكی پێچەوانە بەیاساو دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كورد لەمەزلومیەت و تەعەدا لێكراوو ماف خوراو بوو بەداگیركەرو تەزویرچی!
دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی جگە لەوەی لەرووی سەربازییەوە كەركوك و ناوچەكانی تریان دۆڕاند، لەروی سیاسی و رەوایی و متمانەشەوە مادەی 140 یان جارێكیتر خستە قوڵایی بیرچونەوەی خۆیانەوە.
5_ ساختەكاران یەكڕیزی و تەبایی لەرزۆكی لایەنە كوردستانیەكانیان بەیەكجاری لەگۆڕنا، چ لەناوخۆو چ لەبەغداو تەنانەت بۆ هەموو دنیایان سەلماند كە ئەوان چەند كاڵفام و چەند بێباك و چەند تاوانكارن، چۆن بەنەزانی و هەڵپەرستی و چاوچنۆكی خۆیان هەموو دەسكەوتەكانی كوردیان بەدرێژای مێژوی قوربانیدان و خەباتی رۆڵەكانی لەدەستدا.
بەرامبەر ئەم چەند خاڵەی سەرەوە دەبێت لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات و هاوڵاتیان چی بكەن؟
1_ پێكهێنانی بەرەیەك یاخود هاوپەیمانییەكی راستەقینە كە هەموو هێزو لایەنە سیاسیەكانی هەرێم لەخۆ بگرێ‌  بێجیاوازی و رێككەوتن لەسەر بەرنامەی كاری داهاتووی دورو نزیك بەجۆرێك كە ببێتە مایەی كۆكردنەوەی هێزو توناكانی خۆیان و جەماوەری فراوانی خەڵكی كوردستان. دەبێت هەموو لایەنەكان پەیماننامەی شەرەف لەنێوان  خۆیان ئیمزا بكەن و بەیەك دەنگی و یەك هەڵوێستی كار بۆ هەڵسانەوەو بەگەڕخستنی تواناكانی خەڵكی كوردستان بكەن و راستگۆبن لەنێوان خۆیان و لەگەڵ جەماوەرەكەیان.
ئەم بەرە فراوانە دەبێتە ئومێد بەخشێك بۆجارێكی تر هەڵسانەوەو كاری بەكۆمەڵ، پێویستە ئەم لایەنانە بگەنە ئەو بروایەی كە حیزبەكانی دەسەڵات بەهیچ شێوەیەك قابیلی بەخۆدا چونەوەو گۆرانكاری راستەقینە نین، چونكە ئەوان ناتوانن دەستبەرداری بەرژەوەندیەكانیان بن لەپۆست و لە پارەو هیچ لایەنێك چاوەروانی ئەوە نەبێت كە چاكسازی لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتە بێتە دی.
2_ حیزب و لایەنە سیاسیەكانی ئەم بەرەیە پێویستیەكی زۆریان بە بیرو هزری نوسەرو رۆشنبیرانە، پێویستیان بەسەندیكاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیە، پێویستیان بە مامۆستایان و و كاسب و موچە خۆرانە، جگە لەوانە هەمووی پێویستیان بەكەسایەتیە دڵسۆزو روناكبیرەكانی ناو یەكێتی و پارتیشە. بەكورتی هەموو حیزبەكان پێویستیان بە تەگبیرو راگۆڕینەوەیە، چونكە بۆهەمووان دەركەوت، كە بڕیاربەدەستان لەئاست گۆڕانكاری و روداوەكان نین. بۆیە دروستكردنی ئەو بەرەیە زەرورەتێكی هەنوكەیی و مێژووی یەو پێویستە خاڵەكانی ئەو بەرەو هاوپەیمانیەتیە بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێ‌.
كۆمەڵ و گۆڕان بەهەڵوێستەكانی پێشویان سەلماندیان كە دەستبەرداری داخوازیەكانیان لەگۆڕانكاری راستەقینە و سەروەری یاساو دادی كۆمەڵایەتی نابن، بۆیە پێویستە چوار لایەنەكەی تریش زۆر راشكاوانە لەسەر ئەم خاڵە یەك دەنگ بن و دەرگاش واڵا بكەن بۆهەر لایەنێكی تر كە هاو هەڵوێستیان بێت و بەعەقڵێكی كراوەوەو دور لەدەمارگیری و خۆبەزل زانی بناغەی بەرەیەكی نوێ‌ بەرهەم بێنن..


17/05/2018