پڵان "بی"

ئاری هەرسین

 

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی سەرۆکی ھەرێم کۆبونەوە. بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری نەکرد و، یەکێتیش بە شەرمنیەکی زۆرەوە کاک قوبادی ناردە کۆبونەوەکە. لە ئێستاوە ھەتا ڕۆژی ڕیفراندۆم ٧٧ ڕۆژی ماوە. ئەم ڕۆژانە بۆ مێژوی کوردستان چارەنوس سازن، بەڵام بە ئاشکرا دیارە کە ئیرادەیەکی بەھێز ھەیە کە نایەوێت ڕیفراندۆم سەربگرێت.

 

ھەندێک کەسانی خۆش باوەڕ لە حیزبەکەی ئێمەدا پێی وابوو کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گرێ کەرەوەیە. دیارە دەرکەوت کە یەکێتی لەودیو دێگەڵە نەک گرێی پێ ناکرێتەوە، بەڵکو گرێکانی خۆی ڕۆژ بە ڕۆژ زیادتر دەبن. بە تایبەتیش کە ملی یەکێتی لەژێر چەقۆی ڕەحمەتی گۆڕاندایە و ھەر کات بیەوێت دورگەکەی سلێمانی بۆ یەکێتی دەکاتە دۆزەخ.

 

ئێمە چیبکەین؟... بە تەوازوعەوە زیاد لە دووساڵ پێش ئێستا بەندە بۆچوونی خۆم لەسەر ئەم ھەل و مەرجەی ئێستای کوردستان (٢٠١٧) تۆمارکرد. ئەوکات ھەندێک کەس (کە ھەندێکیان بۆ یەک چرکەش نەیانزانیوە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی چیە و بۆ یەک ڕۆژیش ئارەقەیان بۆ نەڕشتوە) پێیان وابوو کە بەندە حەزم لە یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی خۆمانی کوردستانیان نیە.

 

دەڵێن: یەکێتی بەدڵ لەگەڵ ئێمە و بە عەقڵ لەگەڵ گۆڕانە، یان بە عەقڵ لەگەڵ ئێمە و بە دڵ لەگەڵ گۆڕانە. خۆی لە ڕاستیا ئەو دوانە ھیچ جیاوازیاکیان نیە، چونکە شاعیری فارس دەڵێت:

 

آنجا کە عشق خیمە زند جای عقل نیست

غوغا بود دو پادشاە اندر ولایتی

 

واتە: لەو جێیەی خێوەتگای (عەشق)ی لێیە، جێی (عەقڵ) نابێتەوە... چونکە نابێت لە وڵاتێکدا دوو فەرمانڕەوا ھەبن!

 

یەکێتی ناتوانێت عاشقیش بێت و بە عەقڵیش بڕیار بدات. ھەر بۆیەش بڕیاری پێ نادرێت. بۆیە ھەر حساب کردنێک لەسەر یەکێتی بۆ پشتیوانیکردنی ڕێفراندۆم، چاوەڕوانیەکی بێ ھودەیە.

 

ئێمەی پارتی ڕاستیەک ھەیە باش دەیزانین، گەر کەعەبەی ماڵی خوا بھێنینە سلێمانی، تەنانەت لای (ملحد)ە کانی گۆڕان و یەکێتیش کفرە... چونکە کەعبە شایانی ئەوە نیە لە ماڵی کوردستانیاندا بێت. چونکە ئەوانە پێیان وایە شوێنە پیرۆزەکان تەنیا قابیل بە عەرەبن. عەرەب و عەرەب و عەرەب... لای ئەم برادەرانە تەنیا قەومێک کە مافی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانی ھەیە، مافی وێرانکردن و ئەنفالکردنی ھەیە، مافی ئەوەی ھەیە ئاغا بێت و ئێمەش نۆکەری بین عەرەبەو بەس.

 

یەکێتی لایەنی یەکلاکەرەوە نیە لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا، ئەو لایەنە ئێمەین. لای ئێمە سەربەخۆیی لە ئۆکسجین پێویسترە بۆ خەڵکی کوردستان. ھەر بۆیەش لە کاتی پێویست دا و لە سەرو بەندی ڕیفراندۆمدا، گەر یەکێتی ھەر بەم جۆرەی ئێستای (لە بێ دەسەڵاتیدا) لەسەر دوو پەت یاری بکات، ئەوا ئێمە پڵانی "بی" جێبەجێ دەکەین.

 

بۆ زانیاری ھەموو لایەک ھیچ ھێزێک لەسەر زەوی نیە مافی گشتپرسی نە لە خەڵکی کوردستان بسەنێتەوە، نە تێکیشی بدات. ئێمەش قەڵغانی ئەو ڕیفراندۆمەین بە ڕۆح و بە گیان. نە تەداخولی سەربازی، نە چاوسورکردنەوە و، نە ھەڕەشەی مافیا ئامێزانە... ھیچی ناخوات. ئێمە پڵانی "بی" جێبەجێ دەکەین بە بێ دوودڵی.

 

ئاری محەمەد ھەرسین

٢٠١٧/٧/٨


08/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر