تێکدانی ئارامی و تەبایی ناوخۆمان، خەنجەرێکە لە خۆمانی ئەدەین

ئاری هەرسین


لەم ساتەوەختە ناسک و نالەبارەی مێژووی نەتەوەکەماندا و، لە ئێستادا کە لە ھەموو کاتێک زیادتر پێویستمان بە ھێوری و یەکڕیزی و یەکدەنگی ناو ماڵی خۆمانە، دیسانەوە ھێرشکردنە سەر پارلەمان و ڕۆژنامەنوسان و بارەگا حیزبیەکان سەرنجی ھەموانی لە کێشە سەرەکیەکان دوورخستەوە و، ئەولەویاتی سیاسیمانی وەلاناو، ئەجندای کوتەک و شەق وەشێن دەیەوێت شوێن بە ئەجندا سیاسی و نەتەوەییمان چۆڵ بکات.

بۆ پاساوی ئەم کردەوە ناشارستانیانە ھیچ بیانویەک بەجێ نیە. پارلەمانتار سیاسەتمەدارە، کەسانی سیاسەتمەدار بەرپرسن لە شێوازی قسەکردن و ھەڵبژاردنی ووشە و دەستەواژە و ڕستەکانیان، چونکە توێژێکی نوخبەی سەرکردە لە کۆمەڵگاکەمان پێکدەھێنن. ئەگەر پارلەمانتار، یان ھەر سیاسەتمەدارێکیتر، ھەستی خەڵکی بریندار کرد و بێڕێزی بەرامبەر کردن، ئەوا پێش ھەر کەسێک بێڕێزی بەرامبەر خۆی ئەکات. ئیتر پێویست ناکات کەس بە تێڵا ھەڵبوکتێتە سەری.

بارەگا حیزبیەکان بنکەی (دام و دەزگایەکی مەدەنین) کە پێی دەگوترێت حیزب. بارەگای حیزبی نە بنکەی حەشدی شەعبیە و، نە سەربازگەیە. بەڵکو ناوەندی کۆبونەوەو و ڕێکخستن و موناقەشەی سیاسیە. حیزبەکانی کوردستان، بەوانەشەوە کە مۆڵەتی فەرمیان نیە، خەباتی مەدەنی ئەکەن، ھەرکەسێک ھەر ھەڵوێستێکی لەسەر ئەم حیزبانە ھەیە ئەتوانێت بە ئالیاتی دیموکراسی و دوور لە توند و تیژی بەرەوڕویان ببێتەوە، ئیتر ھێرشکردنە سەر بارەگاکان و سوتاندنیان کردەوەیەکی قێزەوەن، نادیموکراسی و بگرە وەحشیگەریشە.

سەیر لەوەدایە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان شەوی ڕابوردوو بە تەوازع و ڕۆحێکی پێشمەرگانەوە پەیامێکی پڕ لە نیشتیمانپەروەری لەسەر مەسەلەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەش کرد، کەچی ھەندێک کەس بەخۆڕڕایی لەژێر دروشمی داکۆکیکردن لە بارزانی ئارامی ئەو نیشتیمانە تێکدەدەن کە بارزانی خۆی بە پێشمەرگەی ئەزانێ. ئەم کردەوانە نە خزمەت بە کوردستان و بە بارزانی ناکەن. پێویستە ھەموان بەسەر ھەست و سۆزی خۆماندا زاڵ بین و بە عەقڵ بیر بکەینەوە نەک بە دڵ.

بە کورتی بینای پارلەمان، ڕۆژنامەنوس، پارلەمانتار و بارەگا حیزبیەکان ھەریەکەیان لە شوێنی خۆیانەوە سیمبۆلیکی دیموکراسین لە وڵاتەکەماندا، بە ڕەغمی ھەر کەم و کوڕیەک کە ھەمانبێت. ئەرکی دام و دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێمە ڕێگە لە ئاژاوەگێڕی بگرێت، و ئەنجامدەرانی بەرەوڕوی قانون بکاتەوە، چونکە دیسان ئەوەی لە ئێستادا پێویستمان پێی نەبێت و شێرپەنجەی کوشەندەیە (ئاژاوە)ی ناوخۆمانە.

سەرفراز بێت نەتەوەی کورد...

ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان

٢٠١٧/١٠/٣٠



30/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر