خواردنەوەی جامە ژەھرەکە، باشترین بڕیارە

ئاری هەرسین
لەناو ئەو کەسانەی کە بانگەشە و لۆبیان بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم کرد، لەوانەیە بەندە پشکێکی ھێجگار زۆرم بەر بکەوێت. ئیتر چ لە ڕوی چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیەوە بێت یان گوتار نوسین و ئامرازەکانیتر. ھۆکاری ئەم تین و گەرم و گوڕیەش، بڕوای ھەمیشەیی و لەبن نەھاتومە بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وەک ھەموو میللەتانی جیھان. 

لەسەر ئەو خەبات و چالاکیە گەرم و گوڕەش، لە دادگای عێراقەوە ھەتا ئەمەریکا با بێمنەت بن و ھەر بڕیارێکم لەسەر دەر دەکەن با بیدەن. ھیچ شتێک لەوە خۆشتر نیە کە لەسەر مەبدەئی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دادگایی بکرێیت و سزای توند بدرێیت. ئینسان کە ھەنگاوی مەبدەێی نا، ئەبێت تەحەمولی ئەنجامەکانیشی بکات. بەڵام ھەتا مردن داوای لێبوردن لەکەس ناکەم لەبەر ئەوەی بڕوام بە سەربەخۆیی کوردستان ھەیە و لە ڕێفراندۆمدا بە بەڵێ دەنگم داوە.

 زۆر بەداخەو کە ئێستا دەبینین ھەندێک خەڵکی ھەل پەرست و کوڕی ڕۆژ، درێغی لە ھیچ گوتارێکی پڕو پووچ و نانیشتیمانی ناکەن بۆ ناشیرین کردنی ئامانجی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کە ڕێفراندۆم ئالیاتە شەرعیە دیموکراسیەکەیەتی. لەوە سەیرتر ئەو نەفس نزمانەن، کە بە زەردەخەنەیەکەوە باس لە تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە گەلی کوردستان دەکەن کە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجامیان داوە... وەک بڵێی زۆر بێشەرمانە تەبریر بۆ حەشدی شەعبی ئەھێننەوەو، دەیانەوێت وا لە خەڵکی کوردستانی بگەیەنن کە گوایا لە بنەڕەتدا حەشدی شەعبی زۆر شەریف وبێ تاوانن و، تاوانبار ئەو کەسانەن کە بە (بەڵێ) دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا. 

واتە حەشدی شەعبی لە تۆڵەی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمە بۆیە دەستدرێژی دەکاتە سەر ئافرەتی کورد و ماڵەکانمان بەتاڵان دەبات و دەیتەقێنێتەوە . ئەم جۆرە کەسانە، کە لە ئێستادا خۆیان لە خەڵکی کوردستان کردۆتە بیرمەندی سیاسی،  بۆچونەکانیان بە ئەندازەی ئەو گروپە چەوتە تەبیعەت پیاوسالاریە ی وڵاتانی خۆرئاوا بچووکە کە دەڵێن: ئەو ئافرەتانەی کە لە کۆمەڵگەدا دەستدرێژیان دەکرێتەسەر خەتای خۆیانە، چونکە تەنورەی کورت و پانتۆڵی تەسک لەبەر دەکەن!!! بە واتەیەکیتر پیاو مافی خۆیەتی دەستدرێژی بکاتە سەر ھەموو ئەو ئافرەتانەی کە تەنورە و پانتۆڵ لە پێ دەکەن... کە ئەم بۆچوونە خۆی لە خۆیدا کەم کردنەوەیە لە پێگەی پیاو. ھەروەھا بە شەرعی کردنی کردەوەی (ئیغتیساب)ە.

 ڕێفراندۆم سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست ھێنا. ھۆکاری سەرەکی و تاکە ھۆکاری ئەم وەزعە ناھەموارەی کە ئێستا لە ئارادایە، تەنیا و تەنیا نەبوونی یەکڕیزیمان بوو لە پڕۆسەی ڕێفراندۆمدا. ھەروەک سەردەمی میرنشینەکانی ڕابوردوو، دوژمن ئەمجارەش خاڵی لاوازی ئێمەی دۆزیەوە و لەوێوە لێیداین.... کە ئەوەش خاڵی لێکترازان و دووبەرەکی بوو. 

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندراوێکیدا بە بەرواری ٢٠١٧/١٠/٢٤ پێشنیاری سڕکردنی ئاکامەکانی ڕیفراندۆم دەکات. لەم ساتەوەختە ھەستیارە تاریکەدا، ئازایانەترین و حەکیمانەترین بڕیار خواردنەوەی ئەم جامە ژەھرەیە. بۆیە دەستخۆشی لەو پێشنیارە دەکەین و  پێویستە ھەموو لایەنە سیاسیەکان پشتیوانی لێ بکەن. لەئێستادا ھیچ ڕێگەچارەیەک بە ئەندازەی ئەم پێشنیارە عاقڵانە نیە.

 ئەنجامەکانی ئەم ڕێفراندۆم لەگۆڕ نانرێت و ھەتا ھەتایە ئەمێنێت. ھەل و مەرجی سیاسی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان بە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە. گرنگ ئەوەیە جیھان گوێبیستی (بەڵێ) کەی خەڵکی کوردستان بوو. ئێستا کاتی دەربازبوونە لەم قەیرانە نیشتیمانیەو دەست لە ناو دەست ھەنگاونانی عاقڵانەیە بەرەو داھاتوویەک ڕوناک.


25/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر