دەنگەكانی كاندید

خه‌لیل عه‌بدولآ
سیستمەكانی هەڵبژاردنی عیراق‌و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكە كە تاك یاخود كەسی بێلایەن زۆر بەختی ئەوەی نابێ‌ كەگرەوی هەڵبژاردن بەتەنها بباتەوە‌و سەركەوتن بەدەست بهێنێ‌. هەربۆیەش ئەو كەسانەپەنا بۆ لیستی حزبەكان ئەبەن‌و لەڕیزی ئەواندا خۆیان كاندید ئەكەن.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمیش بەو شێوەیە بوو كە زیاتر حزب‌و قەوارە سیاسییەكان بەلیست بەشداری ئەكەن.
 سیستمی هەڵبژاردنەكان كەسیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی نیمچە كراوە بوو،دەنگدەر ئەیتوانێ دەنگ بەلیستێك‌و لەناو لیستەكەشدا دەنگ بەكاندیدێك بدات‌و بەوەش ئەو كاندیدانەی دەنگی زۆر بەدەست ئەهێنن، كورسییە بەدەستهاتووەكانی ئەو لیستە پڕ ئەكەنەوە.
لەدوای دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی دەنگەكانی لیستەكان‌و كاندیدەكان، هەندێ‌ كاندید كە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە وای نیشان ئەدات ئەو دەنگانەی بەهێزی بازووی خۆی بەدەستهێناوە، نازانێ‌ ئەو دەنگانە دەنگی كەسیی خۆی نییە، بەڵكو دەنگی لیستەكەیەتی‌و لەلیستەكەوە بۆ ئە‌و چووە.
دڵنیام هەر یەك لە‌و جۆرە كاندیدانە كە خۆیان بەپاڵەوان نیشان ئەدەن، ئەگەر لەدەرەوەی لیستەكانیان خۆیان كاندید بكەن، بەشی كورسییەك دەنگ بەدەست ناهێنن.
نمونەی ئەو جۆرە كاندیدانەش هەیە نزیكەی 20 هەزار دەنگیان بەدەستهێنابوو، ئەیانگوت بەدەنگی خۆیان دەرچوون‌و دەنگیان بۆ لیستەكانیان كۆكردۆتەوە، بەڵام كەبەجیا لەو لیستە بەشداری هەڵبژاردنیان كرد تەنها 200 دەنگیان هێنا!.
بۆیە دەنگە زۆرەكانی كاندید بەپلەی یەكەم بۆ لیستەكە‌و بەپلەی دووەم بۆ ناسراوی كاندیدەكە ئەگەڕِێتەوە. پێدەچێ‌ بەهۆی ناسراوی‌و هاوڕێیەتی‌وخزمایەتی كاندیدەكەوە ژمارەیەك دەنگی تری دەرەوەی لیستەكەی مسۆگەر بكات!.


03/05/2014



وتارەکانی تری نوسەر