هەرێم لەناو دارستانێكی گڕگرتوودا

خه‌لیل عه‌بدولآ
لەدوای گەلی تامیل، گەلی كوردستان دووەم گەلی گەورەی دنیایە كەخاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە‌و لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا دەژی كەخاكەكەی بەسەریاندا دابەشكراوە.
لەدوای جەنگی یەكەمی جیهان‌و دابەشكردنەوەی سەرلەنوێی میراتی جەنگ لەنێوان براوەكاندا، ئیدی كێَشەی كورد لەكێشەیەكی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی دووتوێی پەیمانی سیڤەرەوە، بەپێی پەیمانی لۆزان بوو بەكێشەی ناوخۆیی ناوسنووری ئەو دەوڵەتانە.
گەلی كوردستان لەسنووری ئەودەوڵەتە داگیركەرانەدا بۆ بەرگریكردن لەناسنامەی خۆی‌و بەدەستهێنانی مافەكانی قوربانییەكی زۆری لەپێناو ئازادی‌و سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا داوە، بەڵام تائێستا بەو ئامانجە نەگەیشتووە.
ئەگەرچی بەپێی پرنسیپی مافی چارەنووسی دووتوێی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و یاسا نێودەوڵەتییەكان، تا ماوەیەكی دوورو درێژ ئەو بۆچوونە زاڵ بوو كەتەنها وڵاتانی كۆڵۆنی‌و وڵاتانی ژێر سایەی سیستمی راسپاردەی نێودەوڵەتی‌و هەرێمە نائۆتۆنۆمەكان مافی بوون بەدەوڵەتیان هەبوو.بەڵام گۆڕانكاریییەكانی دوای جەنگی سارد‌و بایەخدان بەپرسی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ‌و مافەكانی گەل‌و نەتەوەكانی سنوری دەوڵەتانی سەربەخۆ‌و خاوەن سەروەری دیدو تێڕوانینی نوێیان گەڵاڵە كردو تاڕادەیەك رێگەش بەگەل‌و نەتەوەكانی سنووری دەوڵەتانی سەربەخۆ درا كەچارەنووسی سیاسی خۆیان دیاری بكەن‌و دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكەن.
ئەوەش بەوەرچەخانێكی گرنگ لەیاسای گشتی نێودەوڵەتی‌وكردنەوەی دەروازەیەكی گەورە بۆ ئەو گەل‌و نەتەوانە دادەنرێت كە لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا دەژین.
لەو چوارچێوەیەدا دەتوانین گەلی كۆسوڤۆ بەنموونە بهێنیەوە كەبەشێك بوو لەسەروەری دەوڵەتی سربستان، بەڵام بەهۆی پێشێلكاری سامناكی مافەكانی مرۆڤ‌و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لەلایەن سربەكانەوە لەدژیان، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان زەمینەی ئەوەی بۆ رەخساندن كە لەرێی پەرلەمانی وڵاتەكەیانەوە بڕیاری سەربەخۆیی بدەن. سەرباری سكاڵای دەوڵەتی سربستان لەو بڕیارە، دادگای دادی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو بڕیارە كرد‌و بەبڕیارێكی دروستی دووتوێی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی لەقەڵەم دا.
تائێستا زیاتر لە 70 دەوڵەت دانیان بەسەربەخۆیی كۆسوڤۆدا ناوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی سربستان‌و ڤیتۆی روسیاوە ئەو دەوڵەتە نوێیە نەبۆتە ئەندامی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
سەرباری ئەو مافە قانونییەی كەیاسای گشتی نێودەوڵەتی بەگەلانی ناو سنوری دەوڵەتانی سەربەخۆی بەخشیوە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، كەچی لەم قۆناغەی ئێستادا هیچكام لەحزبە گەورە‌و كاریگەرەكانی هەر چوار پارچەكەی كوردستان داوای سەربەخۆیی ناكەن.
حزبەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان پێشتر داوای خودموختاریان دەكرد ئێستا لەدەوری فیدراڵی دەسوڕێنەوە، حزبەكانی باكور كە پێشتر باسی سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی سەربەخۆیان دەكرد، ئێستا باسی ئیدارەی دیموكراتی دەكەن.
حزبەكانی باشوور تائێستا مافی چارەنوسیان لە فیدراڵیدا كورت كردۆتەوە‌و لەپەیڕەوی ناوخۆی حزبەكاندا باسی سەربەخۆیی‌و دامەزراندنی دەوڵەت نەكراوە بەبیانووی ئەوەی كەدەستوری عیراق رێگە بەوەنادا.لەكوردستانی خۆرئاواش لەئیدارەی خۆجێیەتیدا كورتكراوەتەوە.
واتە لەم قۆناغەدا لەسەرتاسەری كوردستانی گەورەدا هیچ حزبێكی گەورە‌و كاریگەر دروشمی سەربەخۆیی بەرز نەكردۆتەوە‌و داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ناكات.
 
راستە مافی چارەنووس مافێكی گشیی هەموو گەل‌و نەتەوەكانە، بەڵام ئەوەش بەمانای ئەوە نییە كەبەشێوەیەكی رەها هەموو گەلێك دەگرێتەوە،بەڵكو نەتەوەیەكگرتووەكان چەند مەرج ‌و پێوەرێكی  وەك بوونی خاك‌و زمان‌و مێژوو ‌وناسنامەی بۆ ئەو مەبەستە داناوە.
  ئەو گەلەی ئەو مەرجانەی تێدا بێ‌، ئەبێت خۆی بەرەسمی داوای پیادەكردنی مافی چارەنووس لەنەتەوەیەكگرتووەكان بكات. هەرگەلێك چەند هەقیشی هەبێ‌ ئەگەر خۆی داوا نەكات ئاوڕی لێنادرێتەوە‌و كەسی تریش ناتوانێ‌  داوای ئەو مافەی بۆ بكات.
لەدوای قوڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌وگەیشتنە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و رەوانەكردنی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە، ئێستا زیاتر لەهەموو كاتێك باسی سەربەخۆیی‌و جیابوونەوە لەعیراق دەكرێ‌.
بێگومان سەربەخۆیی خەونی هەموو كوردێكە‌و لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی 2005یشدا راپرسییەكی نارەسمی كرا بۆ سەربەخۆیی 8ر98%ی دەنگدەران دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەوڵەتە گەورە‌و كاریگەرەكان پشتیوانی لەسەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەكەن؟
ئایا دەوڵەتانی ئێران‌و سوریا‌و توركیا‌و عیراق‌و دەوڵەتانی تری ناوچەكە دژی داوایەكی لەو جۆرە ناوەستنەوە، بەتایبەت ئێران‌و توركیا بەزەنگی مەترسی‌و راچڵەكینی كوردەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانی نازانن؟
هەروەك نووسەری ئەمریكی تۆماس فریدمان دەڵێ‌ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەناو دارستانێكی ئاگراویدا داهاتووی دەبێ‌‌و هەرێم نابێتە دورگەیەك لە ناو زەریایەك لەئاژاوەدا؟
ئایا تەنها مافی قانونی بەسە بۆ ئەوەی هەرێم داوای سەربەخۆیی‌و جیابوونەوە بكات؟ یاخود ئاستەنگ‌و بەرژەوەندییە سیاسییەكانی دەوڵەتە گەورەكان فاكتەری یەكلایی كەرەوەن؟
لەو روانگەیەوە‌و بەپێی ئەو بەرژەوەندییانە لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە، رێگە بەچەندین گەل‌و نەتەوە درا كە دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەینن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بەگەلانی وەك فەلەستین‌و بیابانی خۆرئاوا‌و تامیل‌و چەندانی تر نەدرا كە ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەرچەند بەپێی پێوەرەكانی یاسای گشتی نێودە‌وڵەتی ئەو گەلانەش ئەو مافەیان هەیە.بەڵام دیارە مافی یاسایی شتێكەو بەرژەوەندی سیاسی شتێكی ترە.
لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانەدا ئاسۆی بوونی هەرێمی كوردستان بەدەوڵەتێكی سەربەخۆ روون نییە‌و بەتەنها مافی یاسایی شەفاعەتی هێنانە دی ئەو خەونە ناكات‌و پشتیوانی سیاسەتی نێودەوڵەتیشی ئەوێ‌ كە تائێستا ئەو پشتیوانییە مسۆگەر نییە!
تێبینی: ئەم وتارە لەژمارە ١٥ ی گۆڤاری سپی میدیا بلآوکراوەتەوە


24/06/2014



وتارەکانی تری نوسەر