ژیان لەدەرەوەی پەرژینی حیزب

خه‌لیل عه‌بدولآ
ئاشكرایە بوون بەئەندام لەهەر حیزبێكی سیاسیدا كارێكی ئارەزوومەندایە، بیروباوەڕو ئامانجێكی هاوبەش ئەندامانی حیزب كۆئەكاتەوە، حیزبیش وەسیلەیە بۆ خزمەتی گشتی.
پەیرەِوی ناوخۆی حیزبەكان رێوشوێنەكانی بوون بەئەندام‌و دەست لەكاركێشانەوەشی دیاریكردووە.
هەر وەك چۆن ئەندامبوون لە حیزبێكی سیاسیدا مافێكی ئاسایی هەر هاوڵاتییەكە، بەهەمان شێوە وازهێنان‌و دەستلەكاركێشانەوەش مافێكی رەوا‌و رێگە پێدراوە.
بێگومان ئەندامێتی لەحیزبدا، وەك پابەندبوون بەباوەڕێكی ئایینەوە نییە‌و وازهێنان لێی كارێكی دژوار‌و ئەستەم نییە، مەرج نییە ئەندام تاكۆتایی ژیانی لەسەر ئەو بیروباوەڕە بمێنێتەوە‌و هەڵویستی نەگۆڕی بیست‌و دوو لەسەر حەوتی لەو بارەیەوە هەبێ‌!.
بەڵكو هەركاتێ‌ ئەندام هەستی كرد حیزبەكەی لەو ئامانجانە لایداوە كە ئەو بڕوای پێیەتی‌و بۆ بەدیهێنانی ئەوە چۆتە ریزی ئەو حیزبەوە، ئاساییە هەڵوێست وەربگرێ‌‌و واز لەو حیزبە بهێنێ‌‌و بچێتە حیزبێكی ترەوە كە لەقەناعەت‌و بیروباوەڕی ئەوەوە نزیكە یاخود بەبێلایەنی بمێنێتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج‌و هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە هەندێ‌ كادیر‌و سەركردەی حیزبەكان لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنە گشتییەكاندا، لەحیزبێكەوە بۆ حیزبێكی تر سەنگەر ئەگوێزنەوە‌و خۆیان ئەكەنە كاڵای بانگەشەی  هەڵبژاردن‌و تەنووری هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێ‌ گەرم ئەكەن.
ئەوەی ناونراوە سەنگەر گواستنەوە دەستەواژەیەكی مەجازییە، پێناسەی وردی ئەو حاڵەتە نییە، چونكە سەنگەر ناگوازرێتەوەو سەنگەری حیزبەكە هەر لەشوێنی خۆیەتی، ئەوەی ئەڕوا كادیر‌و سەركردەكەیە كە سەنگەری ئەم حیزب بەجێدێڵێ‌‌و ئەچێتە سەنگەری حیزبێكی تر. حاڵەتی سەنگەر گواستنەوە داهێنانی سەردەمی شەڕی ناوخۆیە‌و بەشێوازی تر درێژەی هەیە.
لەژیانی سیاسی‌و حیزبایەتیدا ئاساییە كەسانێكی گەنج بەهەر هۆكارێك بێ‌ واز لەحیزبێك بهێنن‌و هیوا‌و ئامانج‌و خۆزگەكانیان لەحیزبێكی تردا ببیننەوە‌و لەوێوە درێژە بەكاری سیاسی‌و حیزبایەتی بدەن.
بەڵام ئەوەی تێبینی ئەكرێ‌ هەندێ‌ كادیرو سەركردەی حیزبی بەتەمەن كە زۆربەی تەمەنی گەنجی خۆیان كردۆتە خۆراكی حیزبێكی دیاریكراو، ژیانیان ئەوەندەی بەبەرەوە نەماوە‌و خۆیان تەكوین كردووە‌و لەهیچ شتێكیشیان كەم نییە. كەچی بەهەر هۆیەك زیز ئەبن، ئەچنە حیزبێكی تر كە زۆر جیاوازترە لەدید‌و تێڕوانینیان، بێگومان زۆربەی ئەوانە لەو حیزبەدا ویژدانیان ئاسوودە نابێ‌‌و هەر لەگەڵ  یادەوەری‌و یادگاری حیزبی پێشوودا ئەژین كە تەمەنێكیان لەگەڵدا بەسەر بردووە.
بۆ پشتیوانی ئەو رایە تەنها دوو نموونە ئەهێنمەوە. لەسەروبەندی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێم لە 30ی حوزەیرانی 2013 لەلایەن پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و پارتییەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی پێی گوتم: لەدوای ئەو روداوە، كادیرێكی دێرین‌و بەتەمەنی یەكێتی كە لەو كاتەدا كادیری حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن بوو، تەلەفۆنی بۆ كردم‌و گوتی ئێوە بۆ وا لە یەكێتی ئەكەن؟ بۆ ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێم درێژ ئەكەنەوە، منیش پێم گوت تۆ ئیستا لە حیزبێكی ركابەری یەكێتیت ئەوە بۆخۆتان وەبەربهێنن‌و دەنگی پێ‌ كۆبكەنەوە، لەوەڵامی ئەوەدا كادیرەكە بەدڵی پڕ‌و قوڕگی پڕ لەگریانەوە گوتی: كە لەدەرەوەی یەكێتیشم، دڵم هەر لایەتی‌و حەزناكەم شكست بهێنێ‌، چونكە هەموو تەمەنی لاویم پێبەخشیوە!. 
هەر لەو چوارچێوەیەدا‌و لەپێش هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013دا، هاوڕێیەكم كە تازە وازی لەیەكێتی هێنابوو ‌و پەیوەندی بەحیزبێكی ترەوە كردبوو، بەیانیەك زوو تەلەفۆنی بۆ كردم‌و گوتی دەنگوباسی یەكێتی، منیش پێم گوت تۆ تازە وازت لەیەكێتی هێناوە، ئیتر دەنگوباسی یەكێتیت بۆ چییە، بڕۆ بۆ خۆت پشوو بدە. گوتی بەگۆڕی دایكم خەیاڵم هەر لایەتی‌و ئەمشەو لەخەوما مەكتەبی سیاسی ئاگری گرتبوو من كوژانمەوە!.
هەر لەسەر ئەو پرسە، چەند نموونەیەكی  جیاوازتر  ئەهێنمەوە: مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا یەكێك لەكەسایەتییە سیاسییە دیار‌و روناكبیرەكان بوو، لەلوتكەی دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، سكرتێری ئەو حیزبە بوو.
لە كۆنگرەی پێنجەمی پارتی لەساڵی 1960 لەبەغدا بەیەكجاری‌و بەنابەدڵی وازی لە‌و حیزبە هێنا‌و لەكاروباری حیزبایەتی دوركەوتەوە، بەمەرجێك كەسایەتییەكی هێندە بەتوانا بوو ئەیتوانی حیزبی تر دروست بكات یاخود پلەی بەرز لەحیزبی تردا وەربگرێ‌، بەڵام هیچی نەكرد، نەگلەیی كرد‌و نەبەیاننامەی دەركرد، دوور لە كاری حیزبایەتی، بەهێمنی‌و بێدەنگی ژیانی ئاسایی  بەرێكرد‌و بەو شێوەیە مایەوە تا ساڵی 1998 بەیەكجاری ماڵئاوایی كرد‌و لەسەر وەسێتی خۆی لەسیتەك نێژرا وەك وەفایەك بۆ بنەماڵەی حەفید‌و شێخ لەتیفی حەفید كە لە سەرەتای وەرزی خەبات‌و تێكۆشانیدا ئامێزیان بۆ كردبۆوە‌و لەوێ‌ حەشاریان دابوو.
مولازم عومەر یەكێك لەسەركردە دیار‌و ناسراوەكانی شۆڕشی نوێ‌، لەلوتكەی دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كارگێری مەكتەبی سیاسی بوو، دەستی لەكاركێشایەوە‌و لەكاری حیزبایەتی دووركەوتەوەو لەو كاتەوە ژیانێكی ئاسایی ئەژی‌وجێگەی رێز‌و تەقدیری هەموو لایەكە.
چەندین نموونەی دیكەی  هاوشێوەی كەسایەتییە سیاسییەكان هەیە، كە وازیان لەكاری حیزبایەتی هێناوە‌و پشوویان داوە‌و چوونەتە ژیانی ئاسایی‌و توانیویانە بەبێ‌ كاری حیزبایەتی‌و سیاسی ئەو تەمەنەی ماویانە بیگوزەرێنن‌و نموونەیەكی جوان پێشكەش بكەن.
بەپێچەوانەی ئەو جۆرە سەركردانەوە، هەندێ‌ سەركردەی تر هەن كەتەمەنێكی زۆریان لەحیزبێكی دیاریكراودا بەسەر بردووە‌و چوونەتە تەمەنەوە‌و پێویستیان بەخانەنشین بوون‌و پشوودان هەیە، كەچی لەجیاتی ئەوە تازە سەنگەر ئەگوازنەوە‌و بەنیازن لەحیزبێكی تردا درێژە بەخەبات بدەن!.
بێگومان ئەو جۆرە كەسانە لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بۆ ماوەیەكی كەم ئەبنە جێگەی بایەخی میدیاكان‌و سەردێڕی هەواڵەكان‌و مانشێتی رۆژنامەكان، بەڵام لەگەڵ نیشتنەوەی تای هەڵبژاردندا، ئەوانیش رۆشنایی میدیایان لەسەر لائەچێ‌‌و ئەكەونە تاریكی‌و لەپەراوێزی حیزبی هانا بۆبراودا بەشی كۆتایی رۆژەكانی ژیانیان بەنامۆیی بەڕێ‌ ئەكەن.
لەوەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كەسانەی كاری حیزبایەتی‌و سیاسی دەكەن‌و تەمەنیان هەڵدەكشێ‌، وەك هەربوار‌و پیشەیەكی تر، پێویستیان بە پشوو ‌و خانەنشینی‌و جێگە چۆڵكردن بۆ نەوەی دوای خۆیان هەیە‌و دەكرێ‌ بەبێ‌ حیزبەیایەتی، رۆژەكانی كۆتایی ژیانیان بەئاسودەیی بەرێ‌ بكەن.
تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارەی ١٤ ی گۆڤاری سپی میدیا بلآوبۆتەوە


26/05/2014



وتارەکانی تری نوسەر