دانوبی ئەفكار

خه‌لیل عه‌بدولآ
ن:سەمیر عەتەڵڵا    و:خەلیل عەبدولآ
مایكل مایەر كە لەهەشتاكاندا پەیامنێری (نیوزویك) بوو لەئەوروپای خۆرهەڵات.
دوا رۆژنامەنووس بوو كەچاوپێكەوتنی لەگەڵ چاوشیسكۆ لەهاوینی 1989 كردبوو.
لەوكاتەدا كە مۆسكۆو هەنگاریاو چیكۆسلۆفاكیا زیاتر ئەكرانەوە، چاوشیسكۆی دیكتاتۆری رۆمانیا توندترو داخراوتر دەبوو، لەجیهانێكدا دەژیا كەهیچ پەیوەندییەكی بەراستی‌و واقعەوە نەمابوو.
لەچاوپێكەوتنەكەدا مایكل مایەر لەچاوشیسكۆ ئەپرسێ‌ بۆچی دوكانەكانی بوخارست كەلوپەلیان تێدا نیە؟
وەڵام: لەبەرئەوەی گەلی رۆمانیا پێی باشترە لەگەنجینەكاندا بیشارێتەوە.
پرسیار: تۆ بایەخ بەپەرستنی تاك ئەدەی؟
وەڵام:جیهانی سێهەم بەگشتی حەزئەكا كەسێكی وەك من بپەرستێ‌.
پرسیار: رات چییە لەسەر ئەو ئەزموونە دیموكراسییەی لەپۆڵەنداو هەنگارییەوە دەستی پێكردووە؟
وەڵام: كارەساتێكە ئەبێ‌ دەستبەجێ‌ بوەستێنرێ‌.
دواتر وەڵامی پرسیارەكانی نەداوەتەوەو بەدرێژایی دوو كاتژمێر باسی مەزنی ئەزموونی كۆمۆنیستی‌و داروخانی خۆرئاوای گەندەڵی كردووە!.
(دەستەكانی رائەوەشاند، لێوەكانی ئەلەرزین‌و هاواری دەكرد، ئەم پیاوە بەتاڵا بوو هیچ ئامادەگی‌و كاریزمایەكی نەبوو. لەژیانمدا پیاوێكی وەك ئەو بەتاڵم لەبەها مرۆییەكان نەبینی بوو. بەتەواوی لە سۆز‌و ژیانی ئاسایی‌و تێگەیشتن لەشتەكان دابڕابوو. یاوەرەكانی بۆی ئەچەمینەوە بۆ ئەوەی قسەیان بۆ بكات).
نیكۆلای چاوشیسكۆ بەخێرایی بەپلەكانی حزبایەتیدا سەركەوت‌و ساڵی 1965 لە وەستای دروستكردنی پێڵاوەوە بوو بە زەعیم.
ساڵی 1967 هەموو دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بچڕاند ئەو نەبێ‌، لەسەر ئەو هەڵویستەی خۆرئاوا بڕیاری پاداشتكردنیدا، ریچارد نیكسۆن‌و شا ئەلیزا بێس و ئەوانی تر سەردانیان كرد.
هەروەها لەساڵی 1968 ئامادە نەبوو لەگەڵ مۆسكۆدا بەشداری داگیركردنی پراگ بكات، بەپێچەوانەی دەوڵەتانی بلۆكەكەی، لەساڵانی سەرەتادا رێگەی بەهاتنی رۆژنامە خۆرئاواییەكان بۆ ناو وڵات ئەدا‌و تەشویشی نەدەخستە سەر ئێزگە دەرەكییەكان.
بەڵام كاتێ‌ دەستی بەدروستكردنی دیكتاتۆیەتەكەی كرد هەموو شتێ‌ گۆڕا، وائەیزانی كەوەك فیدڵا كاسترۆ وتاربێژە،  بۆ ماوەی سێ‌ سەعات وتاری ئەدا. دووڕووەكانی دەوروبەری چەندین نازناویان لێنابوو وەك( دانوبی ئەفكار، سەركردەی مەزن، سەركردەی خۆشەویست، گەورەی بیلمەتەكان).
لەبەرئەوە دانوبی ئەفكار هیچ شەرمەزار نەبوو لەوەی كە كۆشكێكی 1000 ژووری لەمەڕمەڕی سپی دروست بكات كە بڕی تێچوونی  بەقەدەر داهاتی ساڵێكی هەناردەی رۆمانیا بوو. لەبەرانبەر ئەوەدا هاووڵاتیان بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەریزدا ئەوەستان بۆ بەدەستهێنانی نان‌و شیر، شتەكانی تر كەمالیات بوون‌و داوا نەدەكران!.
دوای شەش مانگ لە چاوپێكەوتنەكەی مایكل مایەر، دانوبی ئەفكار هەوڵی هەڵهاتنی دا، بەڵام پاسەوانەكانی دەستگیریان كرد، یاوەرەكانی كەپێشتر لەبەر دەمیدا ئەچەمانەوە، دادگایەكی رووكەشیان بۆ داناو بڕیاری گوللەبارانكردنی خۆی‌و ئیلینای خێزانیان دا‌و وێنەی تەرمەكانیان لەكوخێكی پڕ لەپووشدا گیرا.
ئیلینا چاوشیسكۆ بڕوای بەوەنەدەكرد كە بینی ئەیگوت ( ئێوە كێن، ئێوە كێن؟خۆتان بەچی ئەزانن؟).
هاوڕێ‌ زیرەكەكانی چاوشیسكۆ  پێش ئەوەی بقەومێ‌ رایانكردو بەدوور بوون لە فیشەك‌و زیندان‌و پووش. ئەوان واقعبین تر بوون، دركیان بەوە كردبوو ئەوەی لەچەندین ساڵدا كردبوویان بەو شێوەیە كۆتایی دێ‌، ئێوە كێن، ئێوە كێن؟!
وەرگێڕانی: خەلیل عەبدوڵڵا
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلشرق ئەلئەوسەتی27ی تەموزی 2014


29/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر