هەنگاوەكانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان

خه‌لیل عه‌بدولآ
 لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، بەپێی یاسای ژمارەی سێی  ساڵی 2009ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و هەڵبژاردنی پارێزگار دەست پێدەكات. دوای رێكەوتنی لیستە براوەكان، ئەبێ‌ نیسابی قانونی كۆبۆنەوەكان مسۆگەر بكەن، كەنیوە زیاتری دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایە. بەپێی ئەنجامە بەراییەكان تەنها لە پارێزگای دهۆك، پارتی دیموكراتی كوردستان نیوە زیاتری كورسییەكانی ئەو پارێزگایەی بردووە، بەوەش ئەتوانێ‌ بەتەنها ئەنجومەنی پارێزگا پێك بهێنێ‌‌و پارێزگار لەلیستەكەی خۆی هەڵبژێرێت.
بەڵام هەر بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانە، لەپارێزگاكانی هەولێر‌و سلێمانی هیچ لیستێك بەتەنها نیوەی كورسییەكانی مسۆگەر نەكردووە، لەبەرئەوە بەبەستنی هاوپەیمانی  لەنێوان لیستە براوەكاندا ئەو پرۆسەیە بەڕیوە ئەچێ‌.
ئەمەش هەنگاوە یاساییەكانی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا‌و حكومەتی خۆجێیەتییە:
1-لەماوەی 15 لەمێژووی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ، ئەبێ‌ پارێزگار بانگەواز بكات بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا. ئەگەر پارێزگاریش ئەو بانگەوازە نەكات، ئەوا ئەنجومەنی پارێزگا خۆبەخۆ كۆدەبێتەوە لە كاتژمێر 12 نیوەڕۆی رۆژی شازدەهەم لەمێژووی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە‌و دانیشتنەكەش بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام ئەبێ‌.
2- لەیەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا سەرۆكی ئەنجومەن‌و جێگرەكەی  لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بەزۆرینەی رەها هەڵدەبژێردرێن.
3- ئەوپەرٍِی لەماوەی 30 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئەبێ‌ پارێزگار لەناوئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بەزۆرینەی رەها هەڵبژێردرێ.
ئەگەر چەند كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگار هەبوو، هیچكامیان زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، ئەوا دواتر‌و لەدەنگدانی دووەمدا كێبڕكێ‌ لەنێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا ئەبێ‌ كە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، ئەوەی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا بەسەركەوتوو دادەنرێت.
4- پارێزگار دوو جێگری ئەبێ‌، ئەنجومەنی پارێزگا بەزۆرینەی رەها سێ‌ پالێورا‌و لە كۆی پێنج پاڵێوراو ئەپالێوێ‌ بۆ جێگری پارێزگار‌و فەرمانی دامەزراندنی دوانیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرئەچێ‌.
5-ئەگەرچی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا‌و جێگرەكەی‌و پاریزگارو جێگرەكانی  پێویستی بەدەنگی زۆرینەی رەها ئەنجومەنی پارێزگا  واتە نیوە زیاتر ئەبێ‌، بەڵام لابردنیان پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن هەیە، واتە لابردنیان قورسترە‌و دەنگی زیاتر ئەوێ‌.
6- سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگادا سوێَََََََََََََند ئەخۆن.بەڵام پارێزگار بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ لەبەردەم سەرۆكی هەرێمدا سوێند ئەخوات.
7- ئەنجومەنی پارێزگا بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی‌و لەسەر داوای سێیەكی ئەندامانی دەتوانێ‌ خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
8-پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران یان سێیەكی ئەندامانی ئەتوانێ‌ ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبوەشێنێتەوە.



07/05/2014



وتارەکانی تری نوسەر