گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان یان بەرژەوەندی خەڵك

محەمەد وەرتی

بێگومان شوڕشی ئەیلول و شۆرشی نوێ و ڕاپەرینە مەزنەكەی ئازاری 1991 هەرسێكیان بۆ دروست بوونی قەوارەیەكی كوردی وبوونی ئازادی بووە، بەڵام بزوتنەوەی گۆران دەسپێكی شۆرشێكی سپی تازەبوو بۆ بە دامەزراوەیی كردنی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی خەڵكی كوردستان لە هەرێمێكی دەوڵەتی سیستماتیكدا بژین، دوور لە میزاجی حزب وكەس وعەشیرەت. بەڵام بەشداری كردنی گۆران لە حكومەتی تەوافقی خەریك بوو بزوتنەوەكەی لە مەبادئ و ڕەكیزەكانی شۆرشەوە ئەكردە ڕەقەمی حزبێكی سیاسی.

من پێشنیار ئەكەم بزوتنەوەی گۆران بگەڕێتەوە بۆ مەسارە راستەقینەكەی خۆی ،كە مۆدێلی موعارەزەبوونە، چونكە چەندە زەوی پێویستی بەباران وئاوە بۆئەوەی سەوز وگەشاوە بێت،ئەوەندەش خەڵكی كوردستان ئەمرۆ پێویستی بە موعارەزەیە بۆئەوەی خزمەت بكرێت و بەخۆش گوزارانی بژی و داهات وسەروەت وسامانی لێ زەوت نەكرێت، هەروەها چۆن درەخت پێویستی بەخاكێكی بەپیتە بۆئەوەی تیدەگەشابكات وگەورەبێت وبێتە بەرهەم ئاواش سیستەمی سیاسی پێویستی بە موعارەزەیە بۆئەوەی ببیتە سیستەمێكی بەرهەم هێن وخۆش گوزاران بۆ خەلكی كوردستان، ئێمەش وەكو پێشینان گوتویانە: [كوێرە چیت دەوێت ئەویش دەڵێت دووچاوی ساغ] گۆڕانیش ،لەپێناوبەرژوەندی خەڵك دروست بووە، نەك بەرژوەندی شەخصی بۆیە پێویستە بەو ڕێگایەدا بڕوات، كەخەڵكی كوردستان پێی باشە، بۆئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ،كە شۆرشی دەوڵەتداری وموئەسسەساتە ، نەبێتە حزبیكی بچوكی چەند هەڵسوراوێك.چونكە زیندوێتی ب.گۆران وابەستەیە بە متمانەی دەنگدەرەكانی ،بەڵام زیندوێتی ئەوان(ی.ن.ك)و(پ.د.ك) دەنگدەرە موچەخۆرەكانیانە.ئەمەش بۆ بچوك بونەوەی گۆران زۆر مەترسیدارە. من زۆر ئەترسم دەرفەتیكی تری وەكو دروست بونی گوڕان بۆخەڵكی باشوری كوردستان جارێكی تر دروست نەبێتەوە.

مەساری ڕاستەقینەی بزوتنەوەی گۆڕان
بێگومان مەساری ڕاستەقینەی بزوتنەوەی گۆران، ئەوەیە،كەبەرژوەندی خەڵكی كوردستان لەكوێبێت بزوتنەوەی گۆران لەوێ بێت،وەبەرژوەندی خەڵك لەچیدابێت پێویستە گۆران ئەوە بكات.
ئەگەر ئەمرۆ بگەرێیتەوە بۆ ڕەئی جەماوەر: (مامۆستایانی زانكۆ وپەروەردەو، وە هەروەها مامۆستایانی ئاینی و فەرمانبەران و كاسپ كاران ....هتد) لێیان بپرسی : ئەرێ ئەمرۆخەلكی كوردستان پێویستی بە چی یە ؟بۆ رزگاربوون لەم هەموو قەیرانانەی تێی كەوتووە.بێگومان زۆربەیان لەسەرئەوە كۆكن، كە پێویستیان بەهێزێكە كەدیفاعیان لێبكات وببێتەپارێزەریان.خۆشبەختانە ئەمرۆ بزوتنەوەی گۆران ئەو شەرەفەی پێبراوە كەبۆتە محامی و پاریزەری مافەرەوانیان.
بەندی یەكەم:
كێشەكانی خەڵكی كوردستان:
ئەمرۆ كێشەی خەڵكی كوردستان دوو قەزیەیە: أ. ئابوریەكەی، لێ زەوت كراوە ، كە لەنەوت وداهاتەكانی ترپێك هاتووە؛ ،لەلایەن گروپێكی مافیایەوە.
ب. توشی سەرۆكێك بووە ، كەماوەكەی تەواو بووەو ئەیەوێت لەدەرەوەی یاسا بمێنێتەوە.
بیگومان مرۆڤەكان چ لەسەر ئاستی كۆمەڵَگە و چ لەسەر ئاستی تاك ، كاتێك توشی قەزیەیەك ئەبن، ئەچن بۆ محكەمەو محامیەك بۆخۆیان ئەگرن، بۆئەوەی هەم دیفاعیان لیبكات وهەم مافە زەوت كراوەكانیان بۆ بگەرێنێتەوە. ئەمرۆ ولەرابردوشدا ئەو شەڕەفە بەبەر بزوتنەوەی گۆران براوە، كە ببیتە محامی وپاریزەری مافە ڕەواكانیان.


بەندی دووەم
پێویستە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان چی بكات
پێویستە بزوتنەوەی گۆران بگەڕێتەوە بۆ مەساری ڕاستەقینەی خەباتی خۆی؛ بۆ ئەو قۆناغەی ئەمرۆیی خەڵكی كوردستانی باشور، ئەویش خەباتی موعارەزەبوونێكی مەدەنی ودیموكراتیە.لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
 1 . بێگومان هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان،لەپێناو بەرژوەندی خەڵك بزوتنەوی گۆڕانیان دروست كرد، ئەمڕۆش خەڵكی كوردستان پێویستی موعارەزەیەكی سیاسی مەدەنی هەیە.بۆئەوەی هەمیشە دیفاعی لێبكات و مافە زەوت كراوەكانیان بۆ بگەرێنێتەوە.
2. بزوەتنەوەی گۆڕان واتە شۆرش، شۆرشی دەوڵەتداری، نیزام ودەوڵەتی قانون، دامەزراوەی بوون، دوڵەتی دیموكراتیك و تەداولی سوڵتات، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەهەرێمێكی دەوڵەتیدا بژین.
3. بزوتنەوەی گۆڕان، واتە پڕۆژەیەكی چاكسازی ڕیشەیی لەسەرجەم سێكتەرەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری وپەروەردەی وئیداری....هتد.
بەندی سێ یەم
ئایا ئەو ئامانجانە لەچی رێگایەكەوە بەدیدێن
پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، كە دەوڵەتانی دونیا لەمێژوودا، تاكو ئێستا بە سێ رێگا توانیویانە خۆیان بگۆرن و ببن بە وڵاتی دەوڵەت وقانون.
1.    انقلابی عەسكەری،بۆنمونە كۆریای باشور، ئەمە لەكوردستاندا زەحمەتە چونكە ئێمە سۆپایەكمان نیە،كە عەقیدەی نیشتیمانی هەبێت.
2.    شۆرشی چەكداری، چەند نمونەی دیارهەیە ،لەمێژووی ولاتان، وەكو شۆرشی فەرەنسا وشۆرشی جۆن لۆكی بەریتانیا وشۆرشی جەزائرو ...هتد.ئەمەش زروفی دەولی و ناوخۆ رێگای پێنادات.
3.    خەباتی مەدەنی ودیموكراتی و هەلبژاردن. بۆنمونە توركیا. بەتایبەت حزبەكەی ئۆردۆغان توانی زۆربەی رەهەندەكانی ژیانی سیاسی وئابوری وكۆمەلایەتی وپەروەردەیی  لەتوركیا بگۆریت ،لە ریگای حكومەتی ئەغلەبیەی سیاسی. ئەمەش بەهەموو عەیب وكەموكوریەكانیەوە ، باشترین بژاردەیە- بە رەئی من – هەربۆیە  بزوتنەوەی گۆران ونەوشیروان مصتەفا ئەو رێگایەیان هەڵبژارد. بۆیە پێویستە بەردەوام  بین ودرێژەی پێبدەین.
بەندی چوارەم
بۆچی خەباتی موعارەزەیی باشترە لە حكومەتی تەوافقی
1.تائێستا لە مێژووی حكومرانی دونیا هیچ هێزیك یان هیچ حزبێكی سیاسی نەیتوانیەوە لە رێگەی حكومەتی تەوافقی ، نیزامی وڵات بگورێت و سیستەمێكی باش بێنێتە ئاراوە، وە یان ئابوری وڵات باش بكات.بەڵكو هەموو ئەوانە ،لە رێگای حكومەتی ئەغلەبیەی سیاسی، هاتونەتە دی.
2. چوارساڵی موعارەزە بوونمان تاقی كردەوە،بەشیوەیەك توانیمان گۆرانێكی نەوعی لەزۆربەی رەهەندەكانی ژیان بهینینە ئاراوەو ئاستی وشیاری تاكی كورد تا ئاستێكی زۆرباش بەرزبوویەوە.
3. بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی بەبەراورد بەهەلبژاردن(25/7/2009) نزیكە حەفتا هەزار دەنگ زیاد كرد.
4.خەباتی موعارەزە بوون بزوتنەوەی گۆرانی كردە هێزی دووەم لەكوردستان و نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستانی گۆری.
5.موعارەزە واتە دیموكراتی، ئەگەر موعارە زە نەبوو پرۆسەی دیموكراتی ناكامڵە.
6.بە بوونی مۆدیلی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕوویەكی گەشاوەی هەرێمی كوردستان نیشانی
دونیا ئەدەین و ئەیسەلمێنین كە لە كوردستاندا یەكیك لە بنەماكانی دیموكراسی هەیە.
7.ئەگەر موعارەزە نەبوو هاولاتیان زولمیان لی دەكرێت ومافەكانیان دەخورێت.چونكە هیچ هێزێك دیفاعیان لی ناكات.
8. كارەكانی حكومەتیش بەسیستی ئەرۆن وهەروەها توشی فەساد ئەبن.
9. ئێمە دووساڵ چوینە ناو دەسەڵات و ئەو بۆچونەی هەندێك لەهەڵسوراوانمان تاقی كردەوە، كەچی هەم ئێمە زەرەرمان كرد وهەم خەڵكی كوردستان ،وە كاریگەری زۆری كردە سەرقاعیدەی جەماوەریمان، چونكە لە زۆربەی دەوڵەتانی دونیا تەنیا (100) ڕۆژ قیاسە،كەچی ئێمە بە 700 رۆژ واتە حەوت ئەوەندەی ئەو دەرفەتەی ،كە قیاسە دەرفەتمان لەبەردەمدابوو،بەڵام نەمان توانی لە %2بەرنامەكەی خۆمان جێبەجێ بكەین،هۆكارەكانیشی مەعلومە لای هەموو خەڵك.
10.انتحاری سیاسیە بۆ هێزێك ،كە حكومەتی تەوافقی دروست بكات لەگەڵ هێزیك ، كەبە هیچ شێوەیەك بڕوای بە عملیەی دیموكراسی ومەدەنی و پڕۆسەی دەساودەست كردنی دەسەڵات نەبێت.چونكە مرۆڤ بۆ سەفەری سەعاتێكیش بێت هەوڵ ئەدات،لەگەڵ هاورێیەكی باش سەفەر بكات.
پێشنیار:
1. من پێم باشە بۆ خیاری بە موعارەزە بوون پرۆسەی( العصف الژهنی) لە ژووەرەكانی بزوتنەوەی گۆران وە لای دۆستان وهەواداران وپشتیوانانمان  لەناوەندەكانی زانكۆ وپەیمانگاكان و ناوەندە پەروەردەیەكان.ومەكۆكان و كەسایەتیە سیاسی و كۆمەلایەتی و ئاینیەكان(ئەوانی هەواداری گۆرانن). هەروەها هەلسوراوانی ناوبازنەو رایەڵەكان.ئەنجام بدەن.
2. كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتیمانی بكرێت و تاوتوێ ئەم پرۆژەیەی ئێمە بكرێت، وادواش ئەكەم ئێمە ببینەوە بە موعارەزە.
3.ئەو قسەیەی، كە ئەڵێت وەزیرەكانی گۆران دەركراون، ئەوە قسەی دیوەخانە،چونكە وەزیر بەسێ ریگا متمانەی لێ وەردەگیریتەوە: 1. پەرلەمان2.سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەهۆكاریكی قانونی.3. سەرۆكی هەرێم بە هۆكارێكی قانونی. هیچ كامێك لەمانە رووی نەداوەو تەنیا بریاریكی دیوەخانانەیە. ڕاستە وەزیرەكان ناتوانن لە ئەرزی واقعدا دەوام بكەن وبچنەوە بۆ هەولیر،تەنیا بە ملكەچ كردنی گۆران بۆ داواكاریەكانی پارتی، ئەمەش خیانەتە لە مەبادیئ وئەخلاقی سیاسی گۆران. بۆیە ئەتوانین لە بەیاننامەیەدا كە بریاری بوونەوە بە موعارەزەماندا، ئەو هۆكارە قانونی و ئەو حەقیقەتە قانونیانە بۆ خەڵ كو رای گشتی روون بكەینەوە.
4.داوا لەبەرێزتان دەكەم با كات نەكوژین وچاوەروانی ڕەحمەتی ڕۆژگارو پارتی نەكەین، بەڵكو هەرچی زووە ئەو بڕیارە ڕاستە بدەین- بەرەئی من-.
پوختە
لەئەنجامدا گەشتینە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:
1.    بزوتنەوەی گۆڕان بە هاتنە دەرەوە لە حكومەت هیچ زەرەرێك ناكات، نەبیرە نەوت و نە گومرگ و نەدەسەلاتی فعلی و نە پرۆژەی چاكسازی .
2.    سەرمایەی بزوتنەوەی گۆران تەنها جەماوەرو دەنگ دەرەكانیەتی، ئێمە ئەوكاتە زەرەرئەكەین كاتێك ، كە جەماوەر لەدەست ئەدەین.
3.    پارتی ویەكیتی ئەوكاتە زەرەر ئەكەن ،كاتێك كە سەرچاوەكانی داهات و بیرە نەوتەكانیان لە كیس ئەچێت.
4.    جەماوەری ئێمە كاتێك لە دەست ئەچێت ، كاتێك خاوەنی بەلێنی خۆمان نەبووین ودرۆمان كرد ،لەگەڵ دەنگدەرەكانمان. بەلام زۆربەی جەماوەری ئەوان كاتێك لە دەست ئەچێت،كاتێك  كە نەیان توانی بەرژوەندی ئابوری بەشیوەی ناشەرعی دابین بكەن و بەشیوەیەكی ناشەرعی پلەو پایەو پۆست ببەخشنەوە.
5.    چۆن زەوی پێویستی بە بارانە بۆئەوەی سەوزو گەشاوە بێت، ئاواش وڵات و دەسەڵات پێویستیان بە ئۆپۆزسیۆنە بۆئەوەی گەشاوەو پربن لە خزمەتگورزاری و چالاك بن.
6.    شۆرشی ئەیلول وشۆرشی نوێ و راپەرینە مەزنەكەی 1991 بۆ بوونی كیانێكی كوردیو خۆبەرێوەبەری دیموكراتیو ئازادی بووە،بەلام بزوتنەوەی گۆران شۆرشی دەوڵەت داری و موئەسسەسات و دەولەتی قانون و دیموكراتی وخەباتی مەدەنیو تەداولی سولتات وچەسپاندنی كەرامەت و مافەكانی مرۆڤە. بۆیە پێوستە ئەو رێگایە هەڵبژیرین كە نزیكە لە ئامانجەكانمان.
7.    ئەگەر ببینەوە بە موعارەزە جەماوەری كۆمەڵ ویەكگرتوو ویەكیتی هاوسزیمان بۆ دەدەبرن و پشتیوانیماندەكەن.
8.    هەلسوراوانی گۆران روحیان ئەكریتەو بەبەرداو سەربەرزانە ئەچنەناو شەقام وخەلك ئەجولێنن.
9.    زۆربەی ریخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زۆربەی سایت و گۆڤارو رۆژنامەو كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانی وەكو نالیا پشتیوانیماندەكەن.
10.    خەڵكێكی زۆری رَۆشنەبیروكەڵە نوسەری گەورە پشتیوانیمان ئەكەن.
11.    من وای دەبینم ئەگەر ئێمە بووینەو بە موعارەزە،لایەنەكانی دەسەڵات زۆربەی گرفتەكانی بێموچەیی وبیكاری ونەبوونی پرۆژەخزمەتگوزاریەكان چارەسەردەكەن،یان هەولێكی چری چارەسەر ئەدەن. ئەمەش لەنەتیجەدا بەقازانجی خەڵی كوردستنان ئەشكێتەوە، ئێمەش ئەوانەی كە لەماناو مەدلولاتی گۆران تیگەیشتوین قازانجی خەلكمان ئەویت، هەروەكو پێشینان گوتویانە كوێرە چیت ئەوێت؟ ئەویش ئەلیت: دووچاوی ساغ.
12.ئەگەر بریاری چونەوە بۆ حكومەت بدەن، ئەوا ئیوە مەسئولیەتی بچوك بوونەوەی بزوتنەوەی گۆران وقاعیدە جەماوەریەكەی هەڵدەگرن.
13. بەرای من زۆر عەیبە بزوتنەوەی گۆران كە ئیدیعای ئەوپەڕی مەدەنیەت و دیموكراسی و دەوڵەتداری دەكات بچێتە حكومەتێكەوە ، كەمافیایەكی بیرتەسكی وەكو نێچرڤان سەرۆكایەتی دەكات.





26/11/2015



وتارەکانی تری نوسەر