تكایە مەلا كرێكار مەنێرنە ناو داعش

محەمەد وەرتی
گومان لەوەدا نی یە،كە مەلا كرێكار،ئێستا كەسایەتیەكی ئسوڵی سەلەفی توندڕەوی ئیسلامی سیاسیە،بەڵام ئەگەر خوێندنەوەیەكی سایكۆلۆژی  بۆ كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی وفكری ئەو بەرێزە بكرێت،من پێم وایە بەشێكی توندڕەویەكەی پەرچەكرداری ئەو بارودۆخە ناهەموارە سیاسی وكۆمەڵایەتیەیە، كە لە هەرێمی كوردستاندا هەبوو،بەتایبەت  ساڵانی دوای ڕاپەرین وشەڕی ناوخۆی نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی.

دیارە لەم وتارەدا،من نامەناوێت خوێندنەوە بۆ كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی  ئەو بەرێزە بكەم،بەڵكو بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری دۆخی سیاسی وئەمنی و دارایی هەرێمی كوردستان، لە ئێستاو لە داهاتودا،پێم باشە چەند سەرنجێكی سیاسی و سایكۆلۆژی كۆمەڵایەتی خۆم بخەمە ڕوو.كە من وای بۆ دەچم،كاریگەریەكی بەهێز دەكاتە سەر تێكڕای ڕەهەندەكانی ژیانی خەڵك،لەهەرێمی كوردستان،هەم لە ئێستاو هەم لە داهاتودا.

دیارە دوای بڵاو بوونەوەی چاوپێكەوتنەكەی مەلا كرێكار،لە یەكێك ،لە كەناڵە كوردیەكان، پەرچە كردارێكی توندی سیاسی و میدیایی و كۆمەڵایەتی لێكەوتەوە، كە زۆربەی زۆری ئەو پەرچە كردارانە ،لە سەر ڕووبەری سایت و رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرجەستە بوون. كە لە بەشێكیاندا، مەلا ڕووبەروی ڕەخنەی توندبوویەوەو،لەهەندێكیشیاندا،سنوری ڕووبەری ڕەخنەی تێپەرٍاندو بوو بە تەشهیر.

ئەوەی كە من لێرە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەو خاڵانەی خوارەوەن:
یەكەم: من هاوڕای زۆربەی نوسەرو سیاسی و هاوڵاتیانی هەرێمەكەی خۆمم، كە زۆربەی زۆری وشەكانی مەلاو هەڵوێستەكانی- لەم بەرنامەیەدا- شایەستەی گەلە ستەم دیدەو بەشمەینەتیەكەی ئێمە نەبوون و زۆر نابەجێ بوون،بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت و بپرسین بۆچی مەلا كرێكار بەم شێوەیە دوا؟ وە تا ڕِادەیەك هەڵوێستی شەرعی و سیاسی خۆی یەكلا نەكردەوە ،سەبارەت بە داعش وگوتی : من نازانم ئەوانە كێن وچونن،دوای ئەوەی دەیان ناسم، من بڕیاری سیاسی وشەرعی خۆم ئەدەم لەسەریان.

من پێم وایە، ئەو قسەیەی مەلاكرێكار " من زانیاریم لەسەریان نی یە، نازانم كێن و چۆنن، ئەمەوێت دراسەیان بكەم،پەلەم نی یە،با ساڵێكیشی پێ بچێت،دوای ،كە گەشتمە نەتیجە،من بڕیاری سیاسی وشەرعی خۆم ئەدەم ،لەسەریان" ئەوەندەی یاریەكی سیاسیە،ئەوەندە وڵامێكی مدیایی نی یە،ئەو بەڕێزە، ئەیەوێت موعامەلەیەكی سیاسی لەگەڵ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بكات،بەشێوەیەك ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد،چاوپۆشی لێبكات وریَِگای پێ بدەن،بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، مومارەسەی كاری ئاینی وكۆمەڵایەتی وسیاسی خۆی بكات،ئەوا دێتە بەرەی گەلەكەی خۆی و دەڵێت: داعش خەوارجی سەدەی بیست ویەكن و ئەمانە گوزارشت ،لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ناكەن.بەڵام ئەگەر سەركردایەتی سیاسی كورد هەرسوربێت،لەسەرئەوەی ،كە مەلا كرێكار تیرۆرستەو دەبێت دادگایی بكرێت و بخرێتە زیندانەوە،ئەوا ئەو ناچارە بچێتە ناو دەوڵەتی ئیسلامی، لە موسڵ،هەروەكو گوتی: لەهیچ شوێنێكی ئەو دونیایە مافی ژیانیان بۆ من نەهێشتۆتەوە و دەبێت من هەر لە زینداندا بژیم،ئەوەش ناچارم دەكات،كە بچمە ناو دەوڵەتی ئیسلامی ،لە موسڵ.

دووەم: بەڕای من پێویستە مامەڵەیەكی سیاسیانەی عاقڵانە ،لەگەڵ مەلا كرێكار بكرێت،نەك بە هەڵچون و بە تیرۆرست كردنی،ئەگەربێت و چاوپۆشی لێبكرێت و ڕێگای پێ بدرێت بێتەوە بۆ كوردستان،بەرەی توندەڕەوی داعش زیانێكی زۆری پێدەگات ،هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی فكریەوە،بەڵام بە پێچەوانەوە، سوربوون ،لە سەر لێدوانی نامەسئولانەو بەتیرۆرست كردنی و دەركردنی فرمانی گرتن وزیندانی كردنی،خزمەتێكی زۆر باش بە داعش دەكات و سنوری جوگرافیای فكری داعش فراوانتر دەكات و هەروەها بۆی هەیە،لە ڕووی سەربازیشەوە، كەسانێك هەبن،بە هۆی لایەنگیری مەلا بۆ داعش،سەری خۆیان هەڵ بگرن و بچنە ناو داعش و شەڕی میللەتەكەی خۆیان بكەن.

سێیەم: زۆرئاسایە ئەگەر سەلفی نەزری لێبكرێت،هەروەكو ئەو هەموو كۆنە بەعسی وجاش وموستەشارە بەخشران و ئێستا دەسەڵاتێكی زۆرباشی سیاسی و حزبی و ئیداری و كۆمەڵایەتیان هەیە ،لە هەرێمی كوردستان،تاڕادەیەك،لەهەندێك ناوچەی ئەم هەرێمی كوردستانە،شوێنی دادگاو شارەوانی وپۆلیس و زۆرجومگە ئەساسیەكانیان گرتۆتەوە.مادام ئێمە توانیمان ئەو هەموو كۆنە جاش و كۆنە موستەشارو كۆنە بەعسیە ببەخشین ،زۆر ئاسایە با لەویش ببورین،خۆتاوانی ئەو ،لەتاوانی ئەوان گەورە تر نی یە.
چوارەم: بەدوور نازانرێت، گۆڕانێكی كۆمەڵایەتی وسیاسی و فكری و سایكۆلۆژی بە سەر مەلا كرێكار بێت،ئەگەر وەكو كەسێكی هاونیشتیمانی رێزلێگیراو سەیر بكرێت،جێگای ئاماژە پێدانە،ئەو قسە توندە ئسوڵیانەی ،كە ئێستا مەلا كرێكار دەیانكات،سەردامانێك، زۆرێك ،لە كەسایەتیە ناسراوەكانی ناو كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی دەیانكردن،بەڵام ئێستا دەبینین،دوای چەندین ساڵ كاری حزبی و حكومەتی وهەڵبژاردن وبەیەكەوە ژیان ،ئێستا گۆڕانێكی زۆریان بەسەردا هاتووەو وەكو كەسایەتی مەدەنی دەردەكەون و خەمی بەدامەزراوەیی بوونی كۆمەلگاو دادپەروەریان كردۆتە بنەمای كاری سیاسی وحزبی خۆیان.

لەكۆتایدا دەلێم: پێویستە بە زمانی عەقڵ و دیالۆگ، لەگەڵ مەلا كرێكار بجولێینەوەو بیهێنینە سەنگەری كوردایەتی و مەدەنیەت وبەرەی دژ بە تیرۆر،وە سود لە توانا فكری و سیاسی و دەربڕینە ئەدەبیە جوانەكانی وەرگرین، بۆ ئەوەی بەرەی جەهل وتاریكاندن،بەرتەسك بێتەوە و بەرەی كوردایەتی وبەدەوڵەتی بوونی هەرێمی كوردستان و مەدنیەت بەهێزتر بكەین، هەم لە ڕووی فكرو هەم لە ڕووی سەربازیەوە،بۆیە من وای دەبینم مەلا كرێكار بەشی خۆی وە بە حەجمی خۆی كاریگەری و قورسایی ئەوەی هەیە، كە بچێتە هەربەرەیەك، كاریگەری سلبی دەكاتە سەر بەرەكەی تر.


15/02/2015



وتارەکانی تری نوسەر