بەیاننامە شەش خاڵیەكەش چووە سەر خەرمانی چەواشە

محەمەد وەرتی
 بێگومان یەكێك لەو نەریتە سیاسیە خراپانەی،كە لە كەسایەتی مەعنەوی بەشێك لە سەركردایەتی كورد دا بەرجەستەبووە ،شاردنەوەی ڕاستیەكان و چەواشە كردنی ڕای گشتی هاوڵاتیانی خەڵكی كوردستان بووە ،سەبارەت بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی وەفدی دانوستانكاری كورد، لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا، بەدرێژای مێژووی گەلەكەمان.

زۆر بەدەگمەن  شەقامی كوردی توانیویەتی پەی بەناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەو دانوستانانە بەرێت ، كە سەركردایەتی كورد، لەگەڵ بەغداد یان هەرلایەنێكی تری ناوخۆی یان دەرەكی ئەنجامی داون. هەمیشە ئەوەی بەخەڵكی كوردستان گوتراوە،سەبارەت بە دەرەنجامی كۆبوونەوەكان ،لە دۆڵێك و ئەوەی، كە وتراوە، لە ناو كۆبوونەوەكاندا ،لە دۆڵێكی تربووە.بۆنموونە : كاتێك ،كە سەركردایەتی كورد ،لە گردی زەرگەتە ،سەرقاڵی كۆبوونەوە بوون بۆ بڕیاری بەشداری كردن ،لە حكومەتی عیراقی دا،هەرلەوكاتەدا،  عبادی و وەزیرەكانی، چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، بۆ وەرگرتی متمانەی  حكومەتەكەی لە پەرلەمان، بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی كورد بكات.
 
دیارە من نامەوێت زۆر لە سەر ئەو بابەتە بنوسم،وە باسی ئەو نمایشە زەلیلیەی نوێنەرانی كوردبكەم، كەچۆن بە سەری داخراوو، ڕوویەكی شەرمنانەوە، چوونە ناوهۆڵی پەرلەمان،چونكە زۆری لە بارەوە، گوتراو نوسرا، بەڵكو باسی ئەو بەیاننامە شەش خاڵیە دەكەم،كە وەفدی دانوستنكاری كورد،دوای تەوابوونی كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ میدیاكانی كوردستان، خستیانە ڕوو، كە هاوكات بوو لەگەڵ پێش كەش كردنی منهاجی وەزاری حكومەتی نویی عیراقی لەلایەن خودی عبادیەوە ،لە ناو هۆڵی پەرلەمان.

لەم كۆنگرە ڕۆژنامە نوسیەدا ،ئاماژە بەشەش خاڵ كرا، كەگوایە، ئەمانە ڕێكەوتنی لەسەركراوە، لەلایەن وەفدی كوردی وئیئتیلافی شیعەكاندا،وە یەكێك لەم شەش خاڵە،ناردنی بودجەی مانگی (9) ئەمساڵ بوو ، بەماوەی یەك هەفتە دوای پێكهێنانی حكومەتی نویی عیراق، خاڵێكی تر، ماوەی سێ مانگ دەرفەت دەدرێتە حكومەتی نویی عیراق بۆ جێبەجیكردنی داوە ڕاوەكانی گەلی كورد یان دەرخستنی نیەت پاكی ئەم حكومەتە ،بەرامبەر گەلی كورد.

جێگای ئاماژە پێدانە ئەم بەیاننامە شەش خاڵیە بۆ من جێگایی گومان بوو،هەرئەوكاتەی ،پێشكەش كرا، بەڵام ئەو كات ،بڕیارمدا هیچی لەسەر نەنوسم ،تاكو بەتێپەڕبوونی رۆژگار، ڕووی ڕاستەقینەی ئەم بەیاننامەیە دەردەكەوێت،لەبەرچەند هۆیەك، لەوانە:

یەكەم:هەموو رێكەوتنیك دەبێت لەنێوان دوو لایەندا بكرێت،نەك یەك لایەن، بەتەنیا بێت، شەش خاڵ بنوسێتەوە، و لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن ، بیانخاتە ڕوو،
دووەم: پاشان ئەم شەش خاڵە، دەبێت بەغداد، رەزامەند بێت، لەسەری.
سێ یەم: كە ئەوان ئەم شەش خاڵەیان خوێندەوە ، جەنابی عبادی منهاجی وەزاری حكومەتەكەی ،خویندبۆوە، لەناو هۆڵی پەرلەمان، چوارەم: لەمنهاجی وەزاری حكومەتی نوێی عیراقدا ، بەهیچ شێوەیەك ، باسی ئەم داخوازیانەی كورد نەكراوە، تەنیا خاڵی 19 نەبێت، كەتیایدا هاتووە: (من وحكومەتەكەم پابەندین ،بەچارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵواسراوەكان لەگەل هەرێمی وردستان، بەپێی دەستور.
 پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، كە ئێستا نەك هەفتەیەك،بەڵكو دوو هەفتە، بەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەی عبادیدا تێپەریوە،كەچی ناردنی موچەی مانگی (9)، ناوی لە كولەكەی تەڕیشدا نی یە ،لای عبادی و حكومەتەكەی.وە ئەوەی ئەو بابەتەی ئێمە پشت ڕاست دەكاتەوە، ئەوەیە، كەعبادی، لەسەردانەكەیدا بۆ شاری سلیمانی، بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بەوەنەكرد، كە وا بڕیارە موچەی مانگی (9) دەنێریت، بەلكو گوتی:( ناردنی بودجە پەیوەستە بەرێكەوتنی هەردولاوە.ومن بڕیاری قورس دەدەم و هیوادارم هەرێمیش بڕیاری قورس بدات).

ئەوەی لیرەدا مەبەستمانە ئەوەیە: تاكەی بەشێك ،لە سەركردایەتی كورد، لەسەر ئەم جۆرە نەهجە چەواشكاریە بەردەوام دەبێت، بۆچی وەكو پێشینان گوتویانە: ڕاست وڕەوان پێمان ناڵێن: ئەوە ڕووی ڕاستی بابەتەكانە،تاكەی خەڵكی كوردستان ،لەچاوەڕوانیدا، بەدەم میدیاكانەوە، شەوبكاتەوە، ئاخۆ ئەبێت كەی بەغدا موچەكەمان بۆ بنێرێتەوە و، ژیانی خەڵكی كوردستان، بگەڕێتوە دۆخی ئاسایی جارانی؟

لە كوتایدا ئێمە گەیشتوینەتە، ئەو بڕوایەیی ،كە هەمیشە بە چاوی گومانەوە ،سەیری لێدوانەكانی ،سەركردایەتی كورد، بكەین،وە بەهیچ شێوەیەك، متمانە بە قسەكانیان نەكەین.


25/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر