سوتانی سێ‌ كارتی پارتی

سیروان رەشید
درێژە كێشانی قەیرانی حكومڕانی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم و كێشەی ئابوری) و  قوڵبونەوەی كێشە ناوخۆییەكانی پارتی، ئەم حیزبەی خستۆتە ژێر بارێكەوە كە پارتی هیچ كاتێك هێندەی ئێستا لەژێر فشاردا نەبینراوە.

ناردنی فواد حسێن بۆ لای (بەرەی پرۆژەی هەمواری سیستمی حكومڕانی _سەرۆكایەتی هەرێم) لەژێر فشاری كاریگەریەكانی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان_دایە. چونكە لە 23ی حوزەیرانی 2015 وە تا 17/5/2016 كە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی تێدا ئەنجامدرا. پارتی بۆ بەلادا خستنی كێشەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كە خۆی لە (جۆری دەسەڵاتەكانی و میكانیزمی هەڵبژاردنی) دەبینێتەوە هەمیشە لە گوتاریدا سێ‌ بژاردەی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە دەخستە روو:

یەكەم: بە راپرسی جەماوەری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم یەكلابكرێتەوە، كە مەبەست لێی ئەوەبوو خەڵك یەكلایبكاتەوە سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمان هەڵبژێردرێ‌ یان لە ناو خەڵك. (بەیاننامەی م.س، پارتی 27/7/2015) 
دووەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (بەیاننامەی م.س، پارتی 12/8/2015
  سێیەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، (پەیامی بارزانی لە 9_8_2015 دا).

بەڵام لەدوای رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی یەوە، شەخسی بارزانی و بەرپرسانی پارتی دوورو نزیك بەلای ئەم سێ‌ بژاردەیەدا ناچن، ئەوەش لەدەرەنجامی رێككەوتنەكەیە كە پارتی لە هێزی یەكەمی پەرلەمانی خاوەن 38 كورسی_یەوە، كرد بە هێزێكی كەم سەنگتر، كە روونە گۆڕان و یەكێتی ئێستا پێكەوە هەم لەئاستی پەرلەمانی كورسیەكانیان زیاترە، هەم لەئاستی جەماوەریش بەپێی دواهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 110 هەزار دەنگیان لەپارتی زیاترەو ئەنجامی هەڵبژاردنی 30/4/2014،ش نزیكەی 200 هەزار دەنگ، فەرقی نێوان یەكێتی و گۆڕان پێكەوەو، پارتی بەجیایە، كە روونە لەهیچ هەڵبژاردنێكدا پارتی بەتەنها نایباتەوە، سەرەرای ئەوەی لە 2009 دا كە بارزانی لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرا، بەپشتیوانی بەرێز تاڵەبانی و یەكێتی و هەندێك دەنگی خەڵكی ئیسلامی و بێلایەن سەركەوت، بەڵام ئەمرۆ پارتی بەهۆی سیاسەتەكانیەوە، هەموو ئەو دەنگانەی دەرەوەی حیزبەكەی خۆی لەدەستداوە!.
لەلایەكی ترەوە پارتی ئێستا لەقەیرانێَكی قوڵی ناوخۆیدایە كە زەقترین ئەو كێشانەی ئێستا بەدەستیەوە دەناڵێنێت بریتیە لە:
یەكەم: جۆرو شێوازی بەرێوەبردنی حیزب و لاوازبونی رۆڵی مەكتەبی سیاسی و  ئەنجومەنی سەركردایەتیەكەی، لە دروستكردنی بڕیارو داڕشتنی سیاسەتی حیزبەكەدا و بەهێزبونی رۆڵی مەسرور بارزانی، لە دروستكردنی بڕیاری حیزبدا.
دووەم: قوڵبونەوەی ململانێی باڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.
سێیەم: نەخوێندنەوەیەكی دروستی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی و پەیوەندی لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دراوسێ‌، بە مامەڵەكردن لەگەڵ بەرامبەر هەموو شتێك بە (تیۆری موئامەرە لەسەر پارتی و بارزانی) و رۆڵبینینی خراپی دەزگای پاراستن لەو رووەوە، كەئەنجامەكەی بەشێوەیەك بووە، ئێستا هیچ سیاسەتێكی پارتی قابیلی لێپیچینەوەو رەخنەو داننان بەهەڵەدا نیەو سیاسەتەكانی حیزب سەد دەرسەد دروستەو بەرامبەراكانی خەریكی موئامەرەن لەپارتی!!.
پارتی بەم دۆخەی ئێستاوە كە لەژێر فشارێكی زۆردایە، ئەگەر میتۆدەكانی خۆی بۆ سیاسەتكردن نەگۆڕێت، دۆخی ناوخۆی حیزبەكەیو ئاقاری چارەسەری قەیرانەكانی كوردستانیش بەرەو هەڵدێرو مەترسیدا دەبات، چونكە ئەوەی پارتی ئێستا بۆ چارەسەر خستویەتیە روو، چارەسەر نیە، بەڵكو هەوڵی نانەوەی بەلبەلەو كێشەیە لەبەینی چوار حیزبەكەی خاوەن پرۆژەی هەمواری سیستمی حكومڕانی و گەڕكردن و بەلارێدا بردنی چارەسەری كێشەكانە!.

10/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر