ڕۆژانی ڕەشتر بەرێوەیە!

سیروان رەشید
سیروان رەشید
جۆرج  زیمێڵ، كۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی لەپێناسەی هەژاریدا، دەڵێ"هەژاران ئەو كەس و گروپانەن كە سەرچاوەی كۆمەڵایەتی و مادی و پێویستیان لەبەر دەستدا نیە، بۆ بەشداریكردن و چێژ وەرگرتن لە خۆشی و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگا".
 ئەم تێۆریزەكردنەی زیمێڵ لە زۆرینەی كۆمەڵگاكان راستی خۆی لەدەست نەداوە. بەتایبەت بۆ دۆخی كۆمەڵایەتی ئێستای خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە سایەی حكومەتێكی شكستخواردوو بێباك بەژیانی هاوڵاتیەكانی.

بە درێژایی 25 ساڵی رابردووی تەمەنی حكومڕانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، تا ئەمڕۆ هەرگیز وەكو ئێستا ئاشتی كۆمەڵایەتی لە مەترسی تێكچون و شێواندا نەبوە، ناكۆكیە سیاسیەكان و كێشەی دارایی و قوتی رۆژانەی هاوڵاتیان تادێت قوڵترو مەترسیدارتر دەبێتەوە.
گروپی دەسەڵاتداری هەرێم كە جڵەوی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەیان بە دەستەوەیە، بێباكانە مامەڵە لەگەڵ ئازارەكانی خەڵكدا دەكەن، لەكاتێكدا تارماییەكی رەشی نەبونی و برسێتی باڵی بەسەر خەڵكی كوردستاندا كێشاوە!
دیمەنەكە بەحۆرێكە، بەكۆی گشتی دۆخی ژیانكردن، كاریگەری ڕاستەقینەی كردۆتە سەر مرۆڤبوون. بەجۆرێك: كارەبا و سوتەمەنی نیە، بێكارییەكی مەترسیدار كەوتۆتەوە، نەك موچە، روبعە موچەش لەكاتی خۆیدا نادرێ‌، دۆخی دەرونی هاوڵاتیان هیلاك و شێواوە.
لەولاشەوەو بەبەرچاومانەوە، دزینی پارەو سامانی وڵات بەلێشاو لوش ئەدرێ‌و دەسەڵاتداران و بنەماڵەكانیان تادێ‌ پێی خۆیان بۆمانەوە بەهێزو قایمتر دائەكوتن.
 
ئێستا دەرەنجامەكە؛ جیاوازی چینایەتی نێوان كەمینەیەكی دەوڵەمەن و زۆرینەیەكی هەژار كەوتۆتەوە، كە هەرێمەكەی كردووە بە دنیایەكی‌ دوكەرتبو لەنێوان دوجۆر مرۆڤ‌وو ژیاندا، گروپێكی كەمی دەسەڵاتدارو دەستوپێوەندەكانیان، بێ‌ ئەندازە دەوڵەمەندو داراو هەبوەو زۆرینەی خەڵكیش تەواو لەلێواری هەژاری و  نەداری و  ژیانی‌ كولەمەرگی‌‌و مەمرەو مەژی‌ گوزەرانیان نزیك بۆتەوە.

ئەو قەیرانەی كوردستانی تێ كەوتوە زادەی ئەمڕۆ نیە، بەڵكو زادەی جۆری سیستەمی بەڕێوەبردنی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستانە.
كەڵەكەبونی قەیرانەكان بەدرێژای دوو ساڵی رابردوو هەرێمی بەو سەرەنجامە گەیاند كە ئێستا تێیدا دەژی و بەداخەوە هێشتا لەلایەن دەسەڵاتەوە، نەك هیچ دیدێكی رون و دۆڵسۆزانە بۆ هەرێم، بەمەبەستی دەربازبون و چارەسەر لەم قەیرانانە نیە. بگرە لەولاوە مەترسیدارترین دیدو تێڕوانین بۆ ئەم قەیرانی داراییە خراوەتە روو، كە ئەویش ئەو تێڕوانینەی حكومەتە كە لەزاری وەزیری سامانە سروشتیەكان، خراوەتە روو كە پێی وایە "ئەگەر نرخی نەوت ببێتە 100 دۆلارو بگرە ملیۆنێك دۆلاریش، چارەسەری قەیرانی دارایی ناكات"
محەمەد هاودیانی، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ئاشكرایكرد كە "رێژەی‌ هەژاریی لەهەرێمی كوردستاندا بۆ سەدا 12 بەزربووەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ئامارێكی بانكی نێودەوڵەتی كە بەشدارە لەپرۆسە چاكسازییەكانی هەرێم ئەو رێژەیە لەساڵی 2012 تەنیا سەدا 3.5 بووە، هەروەها رێژەی بێكاریشی لەئێستادا بە لە  13.3 قەبڵاند"
سەرباری ئەوەی بەپێی زانیاری راپۆرتە دزە پێكراوەكانی لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیرانەكانی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  كە ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كردوە، لە راپۆرتەكەدا مەترسی گەورە لەسەر داڕمانی زیاتری دۆخی دارایی هەرێم خستوەتەڕو و ئاماژەی بەوەشداوە، كەبەم حاڵەی ئێستاوە تامانگی دووی ساڵی داهاتوو ناتوانرێت روبعە موچەیەكی دیكە بدرێ"!
چ ویژدانێك قبوڵی دەكات هەزاران خێزانی‌ ئەم وڵاتە بەجۆرێك ژیان بگوزەرێنن كە لەژێر هێڵی‌ هەژارییەوە بێ و ژیانی‌ مەمرەو مەژی‌ مومارەسە بكەن، بەڵام لەولاوە گروپی دەسەڵاتدارو دەستوو پێوەندەكانیان، پێرفێكت ژیانیان مسۆگەربێ‌ و بەرژەوەندیە ئابوریەكانیان مەستی كردون و جگە لەبەر لوتی خۆیان میللەت نابینن!
تادێت كۆمەڵگای كوردی ئاڵۆز دەبێ‌ و ئاشتی كۆمەڵایەتی لە مەترسی تێكچون و شێواندا نزیكتر دەبێتەوەو، پێداویستیە مادیەكانی ژیانیش لەگەڵیدا زۆرتر دەبێ. هاوڵاتیان بەقوڵی هەست بەوە دەكەن كەچیتر ناتوانن ئاسایی بژین و ترسی هەژاری لە داهاتودا دایگرتوون!


02/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر