بۆچی دروشمی عەبادی، عەبادی!؟

سیروان رەشید
بەرزكردنەوەی دروشمی "عەبادی عەبادی" لەخۆپیشاندانەكەی دوێنێ‌ رۆژی 12ی ئەم مانگەی مامۆستایان و موچەخۆران لە سلێمانی، وەك ئاماژە دانێك؛ بۆ گەڕانەوە بۆبەغداو دابینكردنی موچەو قوتی ژیان و  پشتكردنە گروپی مافیای دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم؛
زادەی شكستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە لەسەرنەكەوتنیان لەدابینكردنی مووچەو قوتی ژیانی هاوڵاتیان!
زادەی پێنەدانی چوارمانگ مووچەی 2015 و دواكەوتنی سێ‌ مانگ موچەی 2016 و پێدانی تەنها 8 مانگ روبعە موچەیە!
زادەی بەردەوامی دووساڵ قەیرانی دارایی و بەردەوامی ئیرهابی بژێوییە دژ بەموچە خۆرانی هەرێم!
زادەی ئەنجامنەدانی چاكسازی راستەقینەو كەمنەكردنەوەی گەندەڵیی و فەرهودكردنی ئاسمان و ژێرزەوی و سەرزەوی وڵاتەكەمانە لەلایەن ئێوەوە!
زادەی شكستی  كۆنتراكتی 50  ساڵەی نەوتەكەتانە لەگەڵ ئەردۆگان و كورەكەیدا!
زادەی دزینی لە 10%ی ئاڵوگۆڕو گۆڕینی دراوی دۆلارە بە دینار، كە بانقەكەتان هەموومانگێك دەیان ملیۆن دۆلار ئیستیفادە دەكات، لەو ئاڵوگۆرە كە زیاترە لەمووچەی كۆی مامۆستایان!
زادەی هەراجكردنی نرخی نەوتی هەرێمە، بەكۆمپانیا بیانیەكان و لوشدانی 6 ملیۆن دۆلار شیرینی و كۆمیشنە لەلایەن ئێوەوە .
زادەی بێ ئومێد بون لەئێوەی دەسەڵاتدارو پەنابردنی بۆ عەبادی، بۆ ئەوەیە كە ئێوە رۆحی نەتەوەیتان لای خەڵكی كوردستان نەهێشت و  شكۆی میللەتتان شكاندو بەها نەتەوەییەكانتان كرد بەقوربانی خۆتان و خێزانەكانتان!
زادەی 25 ساڵ ستەم و بێ‌ مافی و بەرقەراركردنی ئەزمونێكی شكستخواردوی دكتاتۆریانەو گەندەڵی حكومڕانیەكەتانە، كە نەتان توانیوەو نەتان ویستووە یەك بەرپرس محاسەبە بكەن، بەڵام بەغدا دەیان وەزیرو كاربەدەستی باڵای دا بەدادگاو لەپەرلەمانەكەی متمانەی لێسەندەوە! 
زادەی ئەوەیە كە ئێوە لەباتی بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابوری پتەو بۆ كوردستان، ژێرخانی ئابوری هەرێمتان لەپێناوی شەخس و بنەماڵەو حیزبدا هەڵتەكاند، كە ئەنجامەكەی ئەوەتا ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدا.
زادەی ئەوەیە؛ كە بەسیاسەتی چەوتی ئابوری‌و بەتایبەت لەبواری نەوت‌و غازدا كەناشەفاف‌و جێ گوماناوییەخەڵكی كوردستانتان بەژیانی مەمرە‌و مەژی‌و دەست پانكردنەوە گیرۆدەكردوە، هەر لەسایەی ئەم سیاسەتەتاندا كوردستانتان توشی قەرزی 20 ملیار دۆلاری كردوە كە نەك ئێمە بەڵكو دەبێت چەندین نەوەی تریش باجی قەرزەكانی گەندەڵی‌و نەشارەزایی ئێوە بدەنەوە!

زادەی شكستی ئاشتی هەورامی و گروپەكەیەتی كە سامانی نەوتی لەنیعمەتەوە بۆ میلەت كرد بە نیقمەت و بەڵا.
دەبێ‌ بپرسین ئێوە بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەتان پەناتان بۆ بەعس و دەبابەكانی برد، ئایا خەڵك مافی نیە بۆ ژیان و قوتی رۆژانەی دزراوی پەنا بۆ ئەو بەغدایە بەرێ‌ كە وەزیری داراییەكەی لەخۆتانە.؟ 


13/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر