تەنها 51%ی خاك نیە، هەرێم 50%ی دەسەڵاتیشی لەدەستداوە!

سیروان رەشید
بڕیاری هەڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەهۆی عینادی و سەركێشی بارزانی و حیزبەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و، گوێ نەدان بە ئامۆژگاری دەنگە نارازیەكانی ناوخۆو ئەمریكاو بەریتانیاو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەرەشەكانی بەغداو تاران، هەڵەی ستراتیژی و كارەساتی گەورەیان بۆكورد خستۆتەوە، كە زیانەكە هەر لەدەستدانی كەركوك و 51%ی خاكی باشوری كوردستان نیە، بەڵكو بەغدا بەشێكی گەورەی دەسەڵاتیش لە هەرێمی كوردستان سەندۆتەوە. كە دیارترین ئاماژەكانی بریتین لە: 
یەكەم: هەردوو فرۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی تەنها بە روكەش لای حكومەتی هەرێم دەمێننەوەو، جومگە گرنگەكانی: كۆنترۆڵكردن و رێگەنەدان بە نیشتنەوەی هەموو فرۆكەیەك بەبێ ویستی بەغداو سیكۆرتی و ئاسایشی فرۆكخانەكان و هەروەها كرێی فرۆكەخانە مەدەنیەكان و حساباتی كرێی نیشتنەوەی فرۆكەو باجی مانگانەی گەشتیاران و، دانانی رێكخەرێك بۆ هەردوو فرۆكەخانەكە لەلایەن بەغداو بەرێوە دەبرێن.

دوو:  لەسەر ئاستی پێگەی دیبلۆماسی و پەیوەندی بەدەرەوە، لێرە بەدواوە، بەبێ رەزامەندی بەغدا، هیچ سەرۆك وڵات و وەزیرو شاندی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی ناتوانێت راستەوخۆ بێنە هەرێم.

سێ‌: لەسەر ئاستی ئابوری، سەرباری ئەوەی هەرێم دەبێت داهاتە ناوخۆییەكان و گومرگ و خاڵە سنوریەكان تەسلیمی بەغدا بكات، هەرێم سێ كێڵگەی نەوتی گەورەشی لەناوچە جێناكۆكەكان لە دەستداوە كەپێك دێن لە (٥۳٥) بیرەنەوت، كە داهاتەكەی بۆ هەرێم رۆژانە (۳۷٥) هەزار بەرمیل بوو.

چوارەم: گۆڕینی تەرازوی هێز لەنێوان هەرێم و حكومەتی عێراق دا. هەرێم وەك دۆڕاو بەغداش وەك براوەی جەنگ دەردەكەوێ و، ئەو گۆڕینی پارسەنگی هێزەش مەترسی و لێكەوتەی تەریك كردن و بچوك كرنەوەی قەبارەی دەسەڵاتی كوردی لەبەغدا بەدوادا دێت، كەسەرەڕای ئەوەی ئەمجارە كورد لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، كورسیەكانی لە بەغدا بۆ ٥٠ تا ٥٥ كورسی دادەبەزێت، لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراقیشدا ئەمجارە حكومەتی تەوافوقی دیموكراسی پەیرەو ناكرێ و حكومەتی زۆرینەی سیاسی پێك دەهێنرێ‌، كە بەدڵنیاییەوە كورد ئەو پێگەیەی لە حكومڕانی بەغدا نابێت كە ئێستا هەیەتی.

پێنجەم: لەسەر ئاستی دۆزە نەتەوەییەكەمان، هەڵەی ستراتیژی ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەرێمی كوردستانی لە ناوچەكە و لە دونیادا تاك و تەنیا و بێدۆست كردو دۆزی نەتەوەیی كورد و سەربەخۆی كوردستانی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بۆ چەند قۆناغ و دەیەیەك گەڕاندەوە دواوە. ئێستا كورد هیچ دۆستێكی لەجیهاندا نەماوەو پشتیوانی ئەمریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساش، بەهۆی عینادی بارزانی و بڕیاری هەڵەی پارتی و یەكێتی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەدەست چوو!.
ئەم كارەساتەی ئێستا بەسەر بەسەر كورد دا هاتووە هیچی كەمتر نیە لەنسكۆو شكستی ساڵی ۱۹۷٥، كە بارزانی و حیزبەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بەرپرسن لەم شكستەو مێژووش وەك خاڵێكی رەش بۆیان دەنوسێتەوە!.


21/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر