مۆنۆپۆڵی كەمینەی خۆسەپێن!

سیروان رەشید
هۆكاری سەرەكی كێشەو تەنگژەی ئێستای حكومڕانی هەرێم، تەنها زادەی روداوی كودێتای 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو نیە، بەڵكو زادەی ئەو نا هاوسەنگیە یە؛ كە لە دابەشكردنێكی نادادپەروەرانەی پۆست و بەركەوتی راستەقینەی هەڵبژاردنی هێزە سیاسیەكانی هەرێم كەوتۆتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە 38 كورسی پەرلەمانەوە، زۆربەی جومگەو پۆستە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆخی پاوان كردووە و بەتەواوەتی خۆی زاڵكردووە، بەسەر سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا.

هاوبەشی لەدەسەڵاتداو رەچاوكردنی پێدانی مافی بەركەوتی راستەقینەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن، زامنی سەقامگیری سیاسی و پێشخستنی دیموكراسیەتە، بەڵام با سەرنج بدەین لە دەرەنجامی دواهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە پارتی بەتەنها 38 كورسی لە كۆی 111 كورسی پەرلەمان بەدەستهێناوە واتە كەمتر لە 37%ی دەنگی خەڵكی كوردستانی هەیە، كە ئەمە نەك زۆرینەی ناو پەرلەمان ناگەیەنێت 50+1ی نیە، بەڵكو كەمینەیە لەبەرامبەر  58 كورسی (گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ) دا.
 ئایا دەستبەسەرداگرتن و مۆنۆپۆلكردنی ئەو هەموو جومگەو دەسەڵاتە گرنگانەی حكومڕانی هەرێم، لە پای ئەنجامی 38 كورسی پەرلەمانە بۆ پارتی، یان بۆ هێزێكە كە بەرەوو ژووری 80% ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی بەدەست هێنابێت.

ئێستا پارتی ئەم جومگەگرنگانەی بەدەستەوەیە:
# سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
# سەرۆكایەتی حكومەت (ئەنجومەنی وەزیران)
# سەرۆكایەتی دەسەڵاتی دادوەری (دادگاكان و داواكاری گشتی)
# فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە (جوڵاندنی پێشمەرگە لە ململانێی ناوخۆی و شەڕ لەگەڵ دەرەوە)
 # سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایش ( هێزی ئاسایشی ناوخۆ )
 # مەلەفی پەیوەندیەكانی دەرەوە (پەیوەندی لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دەرەوە)
 # مەلەفی ئابوری ( دەسەڵاتی فرۆشتن و وەرگرتنی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ)
حەقە لە پارتی بپرسین؛ ئایا مۆنۆپۆڵكردنی ئەم هەموو جومگەگرنگانەی حكومڕانی ماف و بەركەوتی هێزێكە 38 كورسی هەبێت؟ 

هاوبەشی راستەقینە لەدەسەڵاتدا، بەپێناسەیەكی سادە بریتیە؛ لە رێگرتن لە پاوانی دەسەڵات لەلایەن هێزێكی دیاریكراو یان دامەزراوەیەكی سیاسی. لە هەمان كاتدا هەلڕەخساندنە بۆ هێزە سیاسیە جیاوازەكان تا پیادەی بەركەوتی هەڵبژاردنی خۆیان بكەن. بەڵام واقعی حكومڕانی هەرێم پێچەوانەی ئەم وێنەیە!.

پارتی دیمەكراتی كوردستان، ئێستا كە هەموو دەزگاو پێگە سیاسی‌و ئەمنی‌و سەربازی‌و ئابورییە گرنگ‌و بنەڕەتییەكانی كوردستانی لە ژێردەستدایە. بەپشت بەستن بە لۆژیكی هێز و بەس، ئەم دۆخەی بۆخۆی دروستكردووە!

ئەوەی كە پارتی ئێستا بەدەستیەوە نیە و كردویەتی بەكێشەی گەورە لە ململانێی لەگەڵ (گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ)دا بۆ ئاساینەكردنەوەی دۆخی هەرێم و نەكردنەوەی گرێ كوێرەكە، گەڕكردنە بە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چونكە ئێستا تەنها سەرۆكایەتی پەرلەمانە، كە بەدەست پارتیەوە نیەو، دەیەوێ‌ وەك كەمینەیەكی خۆسەپێن، دەسەڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بخاتە ژێر چنگی خۆیەوە، ئیتر ببڕای ببڕ پەرلەمان ملكەچ و دەستەمۆی خۆی بێ و جارێكی تر نەتوانێت دەست بۆ ئەو پرسانە بباتە كە بەزیانی شەخسی و حیزبی ئەو بشكێنەوە!.

09/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر