نەوت و تورکیا..پارتی و یەکێتی

هۆشیار عەبدولآ
ئەو بەزمەی ئێستا لەسەر نەوت و بۆڕی نەوت و ناردنەدەرەوە و وەستاندنی نەوت دروست بوە ، بەرەنجامی هەڵەیەکە کە زۆر دەمێک بوو ئێمە هاوارمان دەکرد ئەوەی کە هەموو هێلکەکان بخەیتە سەبەتەی یەک دەوڵەتەوە کە تەنها تورکیایە هەڵەیە .

لە سیاسەت و داهات و پارەی نەوتدا هەر پارتی نا یەکێتیش بەشدراو و بەشدارە و بە لێدوانی دوو مەکتەب سیاسیان ئەستۆپاکی وەرناگرن .

ئەوەی کە یەکێتی قۆڵی لە قۆڵی پارتی دەرنایەت لەبارە هەرە دیارەکەدا نەوت وداهاتەکەی بوە جا چوە بۆ باڵێک نەک هەموو باڵەکان ، ئەوە کێشەی سەرەوەی یەکێتیە تەنانەت هی قاعیدی بەڕێزی ئەو حیزبەش نیە تا کێشەت خەلکی کوردستان بێت.

لە هاوکێشەی نەوت و تورکیادا یەکیتیش و پارتیش دوو هەڵەی ستراتیژیان کردوە کە پێم وانیە ئاسان لێی قوتار بن ؛

یەک ؛ ئەوان پێیان وابوو بە نەوت و پارەی نەوت ئەتوانن ئیدی حوکمی ئەو کوردستانە بکەن چۆنێک دەیانەوێت، وا دەرنەچوو هەم نەوت دای لە کورتی و هەم خەڵک بێزاری تادێ بەرەو سەرترە .

دوو ؛ تورکیا دەکرا و دەکرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش پەیوەندی لەگەڵ بسازێنیت بەڵام کاتێک پارتی ئەولەویەتی یەکەم و دوەم و سێهەمی دەبێتە تورکیا و یەکێتیش (لە ساڵانی رابردودا تا ئێستاش ) بێدەنگی هەڵدەبژێرێت( چونکە بەشدراوە) ئەو کاتە تورکیا بە ئارەزوی خۆی مەرج دەسەپێنێت و مامەڵە دەکات.

لێرەوە جێیداخە تەنانەت هەندێ لە سەرکردە و پەرلەمانتارەکانی گۆڕانیش کەوتنە هەڵەی تەقاندنەوە و نەتەقاندنەوەی بۆریە نەوتەکە کە ئەسڵی نەبوو وەک ئەوەی بیریان چوو بێت کە تورکیا دەیان جار وتویەتی ئەولەویەتی ئەوان لە ناوچەکە دژایەتی پەکەکە و داعشە، بێگومان ئەگەر دوەمیان مرۆڤ گومانی لێی هەبێت نابێ لە نیەتیان دژی پەکەکە بە گومان بین ، لێرەوە ناکرێ هەر کەس وتی پەکەکە وا دەکات یان نا راستەوخۆ متمانەی پێبکەین ئەوە مانای ئەوە نیە ئەوانیش هەڵەیان نەبێت،سیاسەتی پەکەکەش وەک حزبەکانی تر لە هەندێ روەوە خەوشدارە. 

کە هەموو داواکاری و چاوەروانیەکانت بە تەنافی تاکە دەوڵەتێکدا هەڵواسی، بێگومان ئایندەی ئابوری سەربەخۆ و ژیانی خەلک و موچەیان وای لێدێت کە دەیبینین ، ئەوە جیا لە مەترسی ئەوەی جارێکی ترکورد بکرێتەوە بە گژ کورددا ، من بە خەستی بۆنی  شەڕی نێوان براکان دەکەم ، شەرێکی بە وەکالەت لەگەڵ پەکەکەدا ، هیوادارم هەڵە بم و وادەرنەچێت .

29/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر