بزوتنەوەی گۆڕان ، مەرجی حزبی نیە ، ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی جڤاتدا جێگیر کرا ، پڕۆژەیەکی نیشتمانیە و چاوەڕێی ئەوەین لە بەرژەوەندی خەڵک و پرۆسەی سیاسیدا ، لایەنە سیاسیەکان پشتیوانی ئەو پڕۆژەیەی گۆڕان بکەن .
ئەوانەی کە ئەڵێن بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی حزبیی خستۆتە ڕو ، ئیشیان بەو جۆرە قسانە هەیە و ڕێخۆشدەکەن بۆ کودەتایەکی تر بەسەر پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیدا ئەگەر نا هەمو داواکاریەکانیی گوڕان ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە و بە جێبەجێکردنیان قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئیداری دەستپێدەکات و جۆرێک لە متمانەش دەگەڕێتەوە بۆ نێوانی خەڵک و دەسەڵات .
کۆتاییهێنان بە بریاری ستەمکارانەی پاشەکەوتی موچە و ئاشکراکردنی داهاتی نەوت و کۆتاییهێنان بە تاڵانیی و دواخستنی ڕیفراندۆم و پاراستنی هەرێم لە مەترسی و ئەجێندا ناوخۆیی و دەرەکیەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە نەخشە ڕێگایەکی تۆکمە و پابەندبون بە کاتی هەڵبژاردنە گشتیەکانەوە داواکاری گۆڕانن وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی نەک داواکاری حزبیی .
ئەوانەی دژی پڕۆژەکەی گۆڕان قسە دەکەن با پێمان بڵێن کام خاڵ و داواکاریمان حزبیە ؟ با پێمان بڵێن کام خاڵیان ڕەهەندی نیشیمانی نیە؟
گۆڕان نابێتە بەشێک لە ئەجێندای خزمەتکردن بە حزب و ئەشخاص لە سەر حسابی بەرژەوەندی گشتیی .
گۆڕان ، وەک هەندێک لایەن نابێتە پرد بۆ گواستنەوەی زیاتری کارەسات و ناخۆشی و نەهامەتی بۆ خەڵکی کوردستان .
ئەوانەی شانازی ئەکەن بەوەوە کە پردن بۆ تێپەڕینی بەرژەوەندیە حزبیی و کەسیەکان خۆیان بەرپرسیارێتی کارەکانیان هەڵدەگرن لەبەردەم خەڵک و مێژودا .