ئەگەر لەبری كاك مەسعود بوومایە
بۆ هاوڕێم توانا عوسمان

عه‌زیز ره‌وف
ئەگەر لەبری كاك مەسعود بوومایە، هەرگیز ئەوانەم نەدەكرد كە پێشتر ئەنجامم داون، بەڵكو داوای لێبوردنم لەهەموو ئەو هەڵانە دەكرد كە كردومن. 
ئەگەر كاك مەسعود بوومایە، هەرچی ڕاوێژكار و ڕۆژنامەنوس و دەربارەكانی دەورم هەیە هەموویم دەردەكرد، گوێم لە منداڵێك دەگرت، ئەو منداڵەی لە ئەفسانەكاندا هەیە و هاوار دەكات پاشا ڕووتە، پاشا جلی لەبەردا نیە. 
ئەگەر من كاك مەسعود بوومایە، سەردانێكی گۆڕستانم دەكرد و بیرم دەهاتەوە شتێك هەیە پێی دەوترێت مردن، لانی كەم سەردانی باوكم دەكرد لە بارزان و بیرم دەكەوتەوە كە دواجار جێگەم دوو مەتر خاكە، ئەوە ناهێنێت، وڵات بە وێرانی جێبهێڵم.
ئەگەر لەجێی كاك مەسعود بومایە، دیوارە درۆزنانەكانی كوردایەتیم دەڕوخان، سیاسەتم دەبردە شەقام، بیرم دەكەوتەوە ئەم ئەزموونە شەهیدەكان دروستی كردوون نەك من.
ئەگەر لەجێی كاك مەسعود بوومایە، دەچوومە سەر گۆڕی سەردەشت عوسمان و داوای لێبوردم دەكرد، دەمووت هەموو كەس ئازادە ڕەخنە بگرێت و هێڵی سورم نیە، كچی من و كچی هەر هاوڵاتیەك ئازادە كێی خۆش دەوێت و كێ خۆشی دەوێت.
ئەگەر لەجێی كاك مەسعود بومایە لە كەناڵەكانی زاگرۆس و كوردستان تی ڤی و ڕووداو و كەناڵ بیست و چوارم دادەخست، یان تەنها گۆرانی حەسەن زیرەك و حەیرانەكانی حەسەن سیساوەییم دادەبەزاند.
ئەگەر لەجێی كاك مەسعود بوومایە، بە ئاردۆگانم دەوت لاچۆ ناشرین عاجزم لێت.
ئەگەر لەجێی كاك مەسعود بومایە، ئەوەی پێی بوتمایە جەنابی سەرۆك، پێم دەوت دەرد، ناماقوڵیت كردووە و سەرت دای لەبەرد، تێدەگەیشتم ئەوەی پێم دەڵێ جەناب، ئیشێكی پێمە، دەیەوێت گەندەڵیەك بكات، دەیەوێت تاڵانیەك بكات.
ئەگەر لەجێی كاك مەسعود بوومایە لە كورسیەكەی ژێرم توڕهەڵدەدا و دەچوومە گەڕەكی تەیراوا لە هەولێر، یان قالاوا لە سلێمانی و دەستی پیرەژنێكی دەست زبرم ماچ دەكرد و دەموت چەند خۆشە كۆڵانەكان، چەند زیندانە كۆشكی سەرۆكایەتی.
من لە جێی كاك مەسعود بوومایە سەردانی ماڵە شەهیدەكانم دەكرد و ئیعترافم دەكرد كوڕی ئێوە چەند ئازا و منداڵەكانی منیش چەند خێرابوون لەڕاكردن. 
من لەجێی كاك مەسعود بوومایە، دەنوشتامەوە بۆ داكی شەهیدێك و دەموت پێویست بە ویكیلیكس ناكات، ئەوە هەموو بەڵگەكان، بەخۆم و هەموو كردەوە چاك و خراپەكانمەوە، ئەوەتا سوجدە بۆ خەمەكانت دەبەم.
من لەجێی كاك مەسعود بوومایە هەرچی بارەگای حزبە دەمكرد بە گەوڕ و هەرچی ئاژەڵی كوردستانە تێیدا بەخێوم دەكرد و پێویستم بە نەوت نەدەبوو. دەشتی شارەزوورم دەكرد بە گەنم، هەرچی ڕۆژنامەنوسی دەربار و پارلەمانتار و وەزیری بێ ئیش هەیە دەمكرد بە سەپان.
من لەجێی كاك مەسعود بوومایە، هەرچی حیمایەم هەیە دەمنارد بۆ لادێكان و دەمكردن بە شوان، هەرچی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەم هەیە، دەمكردن بە گاوان.
دواجار ئەگەر من لەجێی كاك مەسعود بوومایە بەحزبەكانی ترم دەورت ڕاستە من سەركردەیەكی باش نەبووم، بەڵام ئێوەش ئەو فریشتەیە نین، ئەوە من بەقسەی عەزیز ڕئووفم كرد، دەی ئێوەش، لەجیاتی قسەی گەورە فەرموو نەمامكێك بنێژن.

30/07/2016



وتارەکانی تری نوسەر