گومان و گڕ

عه‌زیز ره‌وف
ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕێکی هەژارنشینی هەولێر درێژکراوەی ئەو گومانەیە کە لە پشت هەر ڕووداوێکی ئەو شارە ڕوو دەدات و بکەرەکانی نادیارن. لە خۆکوشتنی گوماناوی ئیسنانەوە بۆ هێرشی تیرۆرستی، لە گیانلەدەستدانی پڕ لە لێڵی و تاریکەوە بۆ گڕگرتن و سوتانی ئەو دوکانە هەژارنشینانەی شوێنەکەیان لە جەرگەی شاردایە و چاوی بازرگانێک یان بەرپرسێکی لەسەرە، درێژکراوەی ڕووداوگەلێکی لێڵ و پڕ گومانن کە تا دێت دەستی خاوەندارێتی کۆی نیشتیمان لەلایەن نوخبەیەکی دەسەڵاتەوە کە بە خۆیان و منداڵەکانیانەوە، بە خۆیان و چەکدار و لەشکرێک لە پیاهەڵدەر و شوێنکەوتەکانیانەوە درێژتر دەکەن.
لە پشتی هەر مەرگێکەوە لە پایتەخت گومانێک هەیە، لە پشت هەر کارێکی تیرۆرستی و خۆکوشتنی فەرماندەیەکی سەربازیەوە یەک دنیا لێڵی و ئەگەری سیناریۆ لەئارادایە. دەرکەوتەی ئەم سیناریۆیانە لە ڕفاندن و تیرۆکردنی سەردەشت عوسمانەوە دەست پێ دەکات کە تەنانەت ئەنجامدەرانی ئەم سیناریۆیە ئەوەندە خراپ تەمسیلیان کرد کە وەک پەڵەیەکی ڕەشی تاوان لەدەسەڵاتدارانی ئەو شارە ناسڕێتەوە و تا لەو ڕووداوە دوورتر بەکەوینەوە خوێنی ئەم ڕۆژنامەنوسە نە وشک دەبێتەوە و نە بیردەچێتەوە.
هیچ هێزێکی ستەمکار ناتوانێت تاسەر بە سیناریۆ لەسەرپای خۆی بوەستێت. لە خیانەت و فرۆشتنی خاکەوە بۆ دزینی سامانی نیشتیمان، لە دزینی دەنگی خەڵکەوە بۆ سوتانی دوکان و شتومەکی هەژاران، درێژکراوی دەسەڵاتێکن تا گومانەکان لەسەری زیاتر بێت لاسارییەکانی زیاتر دەبێت.  
ئێمە لە نیشتیمانێکداین لە پشتی هەر گڕێکەوە گومانێک هەیە.


25/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر