27ی مانگ، چیم دی؟

عه‌زیز ره‌وف
ئەوا 27ی مانگیش تێپەڕی، بە هەموو هاوار و هوتافەكانیەوە، بە هەموو ڕێپێوان و دروشمەكانیەوە، ئەوا ئەم ڕۆژەش تێپەڕی، بە هەموو وزە و چالاكیەكانیەوە، بە هەموو چەپڵە و خەون و ئاواتەكانیەوە. ئەم ڕۆژەش تێپەڕی و هیچ نەگۆڕاو هیچ ڕووینەدا، ئەوەی لەشوێنی خۆیەتی كارمەندان و مامۆستایانن و ئەوەشی لە ڕەفاهیەتی خۆیدا دەژین بەرپرسەكان بوون بە هەموو حزبەكانەوە.

من لەوێ بووم، لەسەرەتاوە، هێشتا كەس نەهاتبوو لەوێ بووم، خۆپیشاندەران بێتاقەت و خاڵی لە هەر هەوڵێكی گۆڕینی دنیا، ڕێك داواكاری نان بوو هیچی تر، ڕێك داواكاری موچە بوو هیچی تر. دواتر ژمارەی خۆپیشاندەران زیاد دەكات. نە مایك هەیە و نە مینبەر، تەنها كۆمەڵە هاوارێك، كڕوزانەوە و دڵپڕی بۆ خراپی ژیان. ئینجا ئاراستەكە دەگۆڕێت بەرەو پارێزگا، ژمارەكان زیاد دەكەن و ڕێڕۆیشتنەكە وا دەكات حەماس زیاتر بێت و گوێم لە دەنگی "دەمی ڕاپەڕینە" بوو، ئینجا بە خێرایی " دز ، دز ،دز" ، ئینجا" چۆڵیكە ئەو كورسیە"  زۆر ئاڵۆز بوو ئاسان نەبوو تێبگەی ئەم جۆرە لە گردبوونەوەیە بەڕاستی بۆ چیە و چیان دەێت. ئێرە بەردەم پارێزگایە، ئەو پارلەمانتارانەی كە شەوان لەسەر شاشەن، چونە سەر دیوارەكە و خۆیان شین و مۆر كردۆتەوە، گۆڕان و ئیسلامیەكان، یەكێتیەكان لەو لاوە بەشدارن بەس نازانن چی بكەن، ئەوان بەشدارن لە حكومەت و گەندەڵی و بەشداریشن لە خۆپیشاندان، چاوەكانیان پڕ لە پرسیار.

دیسانەوە چەپڵە، " سەرۆك بەقوربانت بێت". وای هاوار خوایە، ئەمانە خۆیان متمانەیان بە حكومەت بەخشی، بەشداریشن لە حكومەت و پارلەمان و كەسیان جورئەت ناكەن دەست لەكار بكێشنەوە، هاوار دەكەن و عارەقی شین و مۆیان دەركردووە و هێرش دەكەنە سەر حكومەت. وای هاوار، دیسان چەپڵەی داماوەكان، دەستخۆشی و ڕەسم و سێڵفی. پارێزگار گۆڕانە و سەرۆكی ئەنجومەن یەكێتی، هەی لەوە، هەمووی لەگەڵ خواستی داواكارییەكانە، پارێزگار پەیامەكە دەگەیەنێتە هەولێر، وەك ئەوەی لە عەسری بەرددا بژین و هەولێر نەزانێت خەڵك چی دەوێت.
دوای چەند سەعاتێك تەواو، دوای جێهێشتنی دەبەی ئاوی بەتاڵ، نوێژێكی جەماعەتی سەر جادە، دواتر چی، هەركەس بۆ ماڵ، فەیسبووك بكە مەیدانی دابەزاندنی وێنەكان، تەماشای شاشەكان بكە و خۆت بدۆزەرەوە، گوێ لە هەندێ بەناو چاودێری دۆخەكە و یەك دوو وردە بەرپرس و چەند پارلەمانتارێكی دەس بەتاڵ، ئەی دواتر چی؟ گەڕانەوە بۆ دۆخی جارانی پڕ لە نەهامەتی و نەگۆڕینی دنیا و ڕاهاتن لەگەڵ خەم و برینەكانی خۆت.

ئیتر هێرش بكەرە سەر پارتی، سەری گەنجێكی بە موس تاشیوە، هەی لەوە، پارتی بە نوێژی نیوەڕۆ ڕۆژنامەنوس دەكوژێت، توشی شۆك نابن، بە لێكردنەوەی موو لە سەر و برۆی پێشمەرگەیەك سەخڵەتن. ئیتر بڵێ هەولێر بۆ ناجوڵێت، كابرای پارلەمانتار ماڵی لە هەولێرە، بە دڵی خۆی هێرش دەكاتە سەر پارتی، كەس نە سەری دەتاشێت نە برۆ، ئێستا هاتۆتە سلێمانی دەڵێ دەسەڵات خراپە. هەولێر بێساحێبە، تۆ بڕۆ پیشەنگ بە ئەگەر نەهاتە سەر جادە، دەتوانی گلەیی بكەی، ئەها ئەی خەڵكی بەشمەینەت، نەهامەتی بۆتۆیە، بێموچەیی و نەداری ژیانی تۆیە، سەر و برۆ تاشینیش بۆ تۆیە، كەچی بەرپرسانی هەر پێنچ حزبەكە كێشەیان نیە، توڕە دەبن، كۆدەبنەوە، ڕێك دەكەون، شەڕی میدیایی دەكەن، بەڵام دواجار چی، تۆ هەر لەشوێنی خۆت و ئەوانیش لە شوێنی خۆیان. 

بەكورتی عەزیزان، نە شۆڕش وا دەكرێـت، نە خۆپیشاندان، نە گردبوونەوە وا دەكرێت، نە مانگرتن. ئەم فۆرمە لە نیگەرانی نەگۆڕدرێت، وزەكان دەمرێـت و لەگەڵ خۆماندا كۆمەڵگەیەك  دەكوژین و ئەوەی كێشەی نیە بەرپرسانی ئەم حزبانەن كە جیاوازی ڕیشەیی لەنێوانیاندا نەماوە.

29/09/2016



وتارەکانی تری نوسەر