با چاوەکانمان بشۆین

عه‌زیز ره‌وف

1

خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و داخوازییەکانیان لە خزمەتگروزاری و پێداویستی بەشی ناوخۆیی گەورەترە و ئەم توڕەبوونە ڕیشەیەکی قوڵتری هەیە و گەورەترە لە داخوازی بچوک. نیگەرانی خوێندکاران زیاتر توڕەبوونیانە بۆ ناڕوونی ئایندەیان و دانەمەزراندەیان و دەستنەکەوتنی هەلی کار و بەحزبیکردنی زانکۆ و نادادی کۆمەڵایەتیە، بەڵام نەبوونی ئاوی گەرم و پێداویستەکانی بەشی ناوخۆیی هۆکاری تەقینەوەی ئەم ناڕەزاییانەیەو تاسەر ئێسقان دروستە و پێویستی بە فراوانکردن هەیە و ئەم هۆشیاریە دەبێت فراوانتر بکرێت.

2

ناڕەزایی کچانی زانکۆ سەرەتایەکە بۆ ناڕەزایی فراوانتر. ئەم سەرەتایە لە هەموو کاری ڕێکخراوەکانی ژنان گرنگتر و کاریگەرترە بەوەی کە قبوڵ نەکەن سوکایەتی بە کەرامەتیان بکرێت. دەم و چاوهەڵبەستنی کچانی زانکۆ و بەرگریکردن لە داخوازیەکانیان ئەو کردەیەیە کە دەبوو وە دەبێت دروست بێـت و لەپاڵ پیاواندا بزوتنەوەی ناڕەزایی دنیای ئێمە فراوانتر بکرێت و ئەسڵەن بزوتنەوەیەکی جەماوەری تەنها بە نێرینەکان جگە لە دروستکردنەوەی دنیایەکی کۆنەپارێز و نایەکسانی وەک دنیای بیست و حەوت ساڵی ئێمە زیاتر هیچی لێ چاوەڕێ ناکرێت. بەبێ شکانی تەوق و بەندەکانی نایەکسانی و جیاوازی ڕەگەزی هەرگیز دنیایەکی جوانتر دروست نابێت. ئەوەی ئەم کچانەی زانکۆ کردنیان زۆر گەورەترە لە کاری ڕێخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان کە هەرچەندە فراوانتردەبن ڕێژەی کوشتنی ژنان گەورەتر دەبێت.

3

ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات هەمان مۆدێلی بەناو هێزی بێئەزموونی ئۆپۆزسیۆنە کە ئەم هەنگاوە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونیدا ئەنجامیدا و دواتر هیچی لێ شین نەبوو جگە لە دەسکەوت بۆ کۆمەڵێک لە هەرزەی سیاسی. پشتبەستن بە دەنگەدەنگی میدیایی و هات و هاواری پشت شاشە و دوور لە بیرکردنەوەی عەقڵانی و دوور لە پەروەردەی سیاسی و بەبێ ڕێخستنی خاوەن فکر و دنیابینی، دۆخی دنیای ئێمە جوانتر ناکات و بەرەی ناڕەزاییەکان فراوانتر ناکات، بەڵکو پاش ماوەیەک بێدەنگ دەبێت و هەموو شت دەچێتەوە شوێنی خۆی.

4

دروستکردنی پاڵەوانی سەر شاشە و هەست و سۆزدەربڕین بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس، دووبارەبوونەوەی هەمان مۆدێلی سەردەمێکە کە هەوڵدەدرا بە میدیا دنیای ئێمە جوانتر بکرێت نەک بە پەروەردە و مۆدێلی نوێی سیاسی. (لە سەرەتای دروستبوونی گۆڕان ڕۆژنامەنوسێک کامێرای کەناڵەکەی خستبوە دوای خۆی لەبەردەم دادگای سلێمانی دەیوت داوای یاسایم لەسەر تۆمار کراوە، تا دواتر دەنگی پێ کۆکردەوە و ئیتر بوو بە سیاسی و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە کاری ڕۆژنامەنوسی کرد و ئۆپۆزسیۆنیان ناشرین کرد و خەڵکی کوردستانیشیان لە گۆڕنکاری لە دنیای ئێمە بێومێد کرد). ئەم جۆرە لە کاری سیاسی و ڕۆژنامەنوسی دەستێکی زۆر کەشفە بۆ دەسەڵات و هیچی لێ شین نابێت جگە لە بێئومێدی زیاتر و پەرتپەرتبوون و پاشاگەردانی زیاتر. ئەم فۆرمە لە دورستکردنی پاڵەوانی شاشە دەبێ کۆتایی پێبێت و کەرەستەی تر تاقی بکەینەوە بۆ فراوانکردنی ناڕەزاییەکانمان.

5

تەمەڵی و بێتاقەتی و عەقڵنەشکان بە مۆدێل و کار و شێوازی تری سیاسی هەمان ئەزموونی چەند ساڵەی ئێمە تاقیدەکەنەوە کە بریتیە لە خەباتی پارلەمانی و دەنگەدەنگی میدیایی و جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵک. ئەم جۆرە لە ناڕەزایی جگە لە خۆماندووکردن و بێومیدی خەڵک و ئاوکردن بەسەر ئاگری ناڕەزاییەکاندا زیاتر هیچ بەرهەمێکی نابێت و هەرگیز بەم جۆرە لە فۆرمی ناڕزایی دەسەڵات ترسی لا دروست نابێت، بەڵکو ئەم فۆرمە لە ناڕەزایی هەمان مۆدێلی چەند ساڵی ڕابردووی ئۆپۆزسیۆنی دنیای ئێمەیە و دواجار هەموو دەنگەکانی بردەوە ناو دەسەڵات و بوو بە قاچی سناعی بۆ ئەم سیستەمە حوکمڕانیە. جارێک ئەدۆنیسی شاعیر وتی: ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە هەموو شتێ پێویستی بە سەرلەنوێ )دەستنیشانکردن( و )پیاچوونەوە( و )کارکردن( هەیە.

با چاوەکانمان بشۆین و شێوازێکی تر دنیا ببینین، دنیایەکی دووبارە نا.


27/11/2018



وتارەکانی تری نوسەر