كێ شاجوانە؟

عه‌زیز ره‌وف
ئایا بەڕاستی كەسێك لە كەسێكی تر جوانترە؟ ئایا جوانی تەنها بوونێكی جەستەییە یاخود ڕۆحی؟ ئێمە دەتوانین لە سەر ستەیجێك جوانەكان لەیەك جیا بكەینەوە؟ ئایا كۆمەڵگەی ئێمە كێشەی دۆزینەوەی كچە جوانەكانی هەیە یان پیاوە ناشرینەكانی دەسەڵات؟
ئێمە لە كۆمەڵگەیەكداین كە كارخانەیەكە بۆ لەبیربردنەوەی قەیرانەكان. ئێمە لە شوێنێكدا ژیان دەكەین، هیچی لە شوێنەكانی دنیا ناچێت، دەمانەوێت مێینە بەلەباریكەكانمان بێنینە سەر ستەیج و بەوانی تر بڵێین ئێمەش لەناو دنیای سەرمایەداری و مۆدێرنەداین.
لە ئێستادا، ئێمە كێشەمان دۆزینەوەی مێیینە جوانەكان نیە، بەڵكو كێشەمان لە ناشرینە نێرینەكاندا هەیە كە مەملەكەتێكیان لەگەڵ خۆیاندا ناشرین كردووە. ئێمە كێشەمان نیە كێ لەسەر ستەیج جوانە یان ناشرین، بەڵكو كێشەمان ئەوەیە كە تۆ  بە پیشاندانی كچە بەلەباریكەكان دەتەوێت ناشرینیەكانی خۆت بشاریتەوە. 
ئێمە مێینەی ناشرینمان نیە تا ئێوە جوانەكان هەڵاوێرن، بەڵكو ئێمە سیستەمێكی ناشرین و سەركردەی ناشرین و حزبی ناشرین و شاشەی ناشرینمان هەیە. 
بەڕاست جوانەكان ئەوانەن لەسەر شاشەن، یان ئەوانەن لە سەنگەرن، ئەوانەن لەسەر ستەیجن یان ئەو مامۆستا و كارمەندە ژنانەن لە بێموچەیی لەسەر شەقامەكان خۆپیشاندان دەكەن؟ 
ئەو كچانە جوانن كە بە ئازادی دەفڕن، نەك لەناو قەفەزی شاشەكان و زیندانی ستەیجەكان قەتیس كراون، ئەو مێینانە جوانن كە بێ ئەوەی ئەوی تر بڵێ جوانن خۆیان جوانن، نەك ئەو مێینانەی دنیایەك پارەی ئەم مەملەكەتەی تێدا سەرف دەكرێت و لەسەر شانۆ نمایشی پێ دەكەن تا بە خەڵكی بسەلمێنن جوانن.
جوانی ناسەلمێندرێت، ئەوەی جوان بێت خۆی جوانە، چەند داماون ئەو كچانانەی چاوەڕێی ئەوەن لیژنەكان بیانكەن بە جوان. 
ئێمە كێشەی دۆزینەوەی كچە جوانەكانمان نیە، بەڵكو كێشەی پیاوە ناشرینەكانمان هەیە، پیاوە نێرە ژن كوژەكان، عەشائیرەكان و ئەو پیاوە دینیانەی بە ڕیزە ژنی جوان لە خۆیان مارە دەكەن و لەماڵەكانیاندا زیندانیان دەكەن. ئێمە كێشەی پیاوە ناشرینەكانی حوكمڕانیمان هەیە كە پێویست بە خۆماندوكردن ناكات و دیاریكردنیان زۆر ئاسانە.

07/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر