كەڵبەكانی دەركەوت

عه‌زیز ره‌وف
دوو ئەزموون لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی ئومێدی زۆرێك لە چاودێران بوون، هەمیشە ئومێدێك دروست دەبوو بەوەی كە مۆدێلی ئیسلامیەكانی تونس و توركیا دوو مۆدێلن كە دەتوانن لەگەڵ دیموكراسیدا هەڵبكەن. هەمیشە دەكرا دڵمان بەوە خۆش بێت كە ئیسلامیەكان دەتوانن لەگەڵ دیموكراسیدا ڕێ بكەن و بەوەش مۆدێلێی توركیامان وەك مۆدێلێكی سەركەوتووی ئیسلامی لە ناوچەكەدا ناوزەد دەكرد. بەڕاستی لەم بیركردنەوەیە سەركەوتوو نەبون و كەڵبەكانی ئاردۆگان دەركەوتن. پێشتر هەر هەنگاوێكی نادیموكارسیانە و شەڕانگێزانەی ئاردۆگان ئەگەر بە نەزانی سیاسی و مامەڵەی چەكداری پەكەكە لێكبدرایەتەوە، ئەوا بەڕاستی بە پڕكردنەوەی زیندانیەكان لەلایەن پارلەمانتارە كوردەكانەوە، بەتەواوی ماسكی ئەم پیاوەی هەڵماڵی و هەرچەندە دەمی دادەخست بەڵام نەیتوانی كەڵبەكانی بشارێتەوە.
بەدەر لە هەست و زۆرێكی ناسیۆنالیستیانە بۆ بەرگریكردن لە پارلەمانتاری كورد لە توركیا، خەمی من تەنها خەمە ناسیۆنالیستیەكە نیە ئەوەندەی خەمێكی مەرگی دیموكراسی و سەرهەڵنەدانی دیدی لێبوردەیی و پێكەوەژیانە لە ناوچەكەدا. كردەوەكانی دوێنێ شەوی ئاردۆگان تەواو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێئومێدی كردین بەوەی كە زۆر زەحمەتە هێزەكان بتوانن دیموكراتی بن، زۆر زەحمەتە بتوانیت سیستەمێك دابڕێژیت كە كۆی هێز و نەتەوە و گروپە جیاوازەكان تێیدا مامەڵە بكەن.  
دەسگیركردنی پارلەمانتارانی كورد بەبەرچاوی هەموو دنیاوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە لێكچونێك هەیە لەنێوان هێز و نەتەوە و گروپە خۆرهەڵاتیەكان بۆ سڕینەوەی كەمایەتیەكان و ئەتككردنی دیموكراسی. فاشیزمی خۆرهەڵاتی دەم و چاوی خۆی دەرخست و قات و ڕیبات نەیتوانی پیشانی جیهانی بدات كە كارەكتەرێكی سیاسی، سوڵتانێكی دەست و پەنجە خوێناوی، جیاوازە لە عەمامەبەسەرێكی دینی و ویراسی سوڵتانێكی چەند سەدەیی نەیتوانی كۆمەكی بكات لانی كەم وەك سوڵتانێكی عادل (گەر لە ژێرماسكیشدابێت) خۆی نمایش بكات.
دیكتاتۆرەكان ئەزموون لەوانی تر وەرناگرن. ئەوان نازانن زۆر درەنگە بۆ پڕكردنەوەی زیندانەكان، نەتەوەیەك لە باكور وەك قارچك هەڵتۆقیوە، زەحمەتە سوڵتان بتوانێت بە پڕكردنەوەی زیندانەكان لە چالاكوانانی كورد، نەتەوەیەك بێدەنگ بكات.
سوڵتان كەڵبەكانی دەركەوت، لانی كەم ئەوە دەسكەوتە گەورەكەیە بۆ زۆرێك لەو هێز و گروپ و چاودێرانەی كە ئەزموونی ئاردۆگانیان بە ئەزموونێكی سەركەوتوو وێنا دەكرد.

04/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر