سەرەتایەكی دڵخۆشكەر

عه‌زیز ره‌وف
ئەگەر لە دوای ڕاپەڕینەوە لەدەرەوەی هێزە كوردیەكان دید و تێڕوانینی تر هەبوایە، گەر لەسەرەتاوە هەست بكرایە ئەم هێزە كوردیانە بەهەشت بۆخۆیان و جەهەنەم بۆ خەڵك دەهێنن، ئیستا لە قۆناغێكی تردا دەبوین.
ئەوەی ئەمڕۆ لەكەلار ڕویدا و پێشتریش لە شارەكانی تر هەستمان پێكرد لەمەڕ توڕدانی كۆی هێزە كوردیەكان بەخۆیان و توڕەهاتیەكانیانەوە، سەرەتایەكی دڵخۆشكەرە. ئەوە خۆی بۆخۆی هوشیاریەكی گەورەیە كە لەدەرەوەی هێزەكان مرۆڤگەلێك هەن بە خۆیان و خەون و خولیاكانەوە بیركردنەوەی تر و داخوازی تر و ئومێدی تریان هەیە.
ئەمە سەرەتایەكی دڵخۆشكەرە كە چین و توێژەكان گوێ لە حیكایەتی كەس ناگرن خۆیان نەبێت. ئەم سەرەتایە گرنگە بۆ ئەوەی كۆی ئەم هێز و لایەن و دەسەڵاتە بخەینە بەرمیلی خۆڵەوە. پیان بڵێین ئەوەی ئێوە بەناوی سیاسەتەوە دەیكەن هیچ نیە جگە بەرژەوەندی بۆ خۆتان و جەهەنەم و فەرامۆشی و خەم و برین بۆ نەوەی سەر شەقامەكان.
ئێستا سیاسەت لەسەر شەقامە، ئەمە سەرەتایەكی دڵخۆشكەرە، نە پەیام و نە پاكێج، نە كۆبوونەوە و نە خیتابی بێتامی میدیاكان دەتوانێت ئەم دەنگەی سەر شەقامەكان بوەستێنێت و نە حیكایەتی هێزەكان هاوتایە لەگەڵ ئەم داخوازیە ڕەوایانەی خەڵك لەسەر شەقام. 
 سەرەتایەكی دڵخۆشكەر دەبینم، سەرەتایەك، لەدەرەوەی حیكایەت و خیتابی بێتامی هێزەكان، سەرەتایەك كە سەرجەم هێزەكانی جێهێشتووە و خۆیەتی بە خەم و برین و دروشم و داواكارییەكانیەوە. دەبێ ئەم سەرەتایە فراوانتر بكرێت، ڕێگەنەدرێت ئەم سەرەتایە كۆتایی پێ بهێنرێت.
پێم وایە ئەگەر لە كوردستان سیاسەت لەئارادابێت ئەوەیە لەسەر شەقامە، ئەوەی تر هیچ نیە جگە لە تورەهاتەكانی كوردایەتی و دەسكاری درۆزنانەی دنیای ئێمە، كە لە پیشتیانەوە دنیایەك درۆ و ناڕاستی سیاسی خۆی حەشارداوە.

23/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر