لەڕۆژی جیهانی كچاندا، نامەیەك بۆ پۆشیای كچم

عه‌زیز ره‌وف
پۆشیا گیان،  ڕۆژی جیهانی كچان لە تۆی گوڵ پیرۆز بێت، هیوادارم ڕۆژێك پێم نەڵێی باوكە بۆ منت هێنایە ئەم جەهەننەمە، بەڵام هەموو هەوڵت بۆ دەدەم ناڵێم بەهەشت، بەڵكو دۆخێكت بۆ دروست بكەم، كە خۆت و خەون و خولیاكانت تیا گەشە بكات. 
پۆشیا، تۆ هێشتا پێدەكەنی دڵنیام هی ئەوەیە هێشتا هەواڵی ناخۆشت پێ نەگەیشتووە، هیوات بۆ دەخوازم هەواڵی ناخۆشت پێ نەگات.
كچەكەم تۆ كچی سەردەمێكی كە وتە و كردەی كاڵفامانە هیچ مەترسیەكی لەسەر نیە و وتنی ڕاستی و هەنگاوی  ڕاستی دنیایەك مەترسی بەدوای خۆیدا هەڵگرتووە. باوكت دەیەوێت لە تایپی دووەم بێت و هەمیشە بە ڕێگە سەختەكاندا ژیان دەكات.
كچەكەم، شەرەفی من تۆ نیت، دەزانی بەناوی شەرەفەوە چەند بێشەرەفی لەم كۆمەڵگەیەدا ئەنجام دراوە؟ شەرەفی ئێمە بیست و پێنچ ساڵە شكاوە، بیست و پێنچ ساڵە بەبەرچاومانەوە شەرەفی نیشتیمان لەلایەن نوخبەیەكەوە دەشكێت.
كچم، دنیا ناشرینە تۆ تاوانت چیە؟ ئەوە تاوانی باوكتە نەیتوانیوە دنیایەكی جوانت بۆ دروست بكات. نیشتیمان جەهەننەمە تۆ چیت كردووە؟ ئەوە بێدەنگی باوكان و دایكانە وایكردووە جەهەنم دروست بێت.
پۆشیا گیان، ئیشی من ئەوەیە پێت بڵێم ژیان بەردەوامە. ئیشی من ئەوەیە بۆت بسەلمێنم كە خۆر هەموو بەیانیەك هەڵدێت و تۆش دەتوانی خۆت بیت. كێشەكە ئەوەیە هەر نەوەیەك هات ویستی منداڵەكانی لە خۆی بچێت، بەڵام من ئەو مەعدەنە نیم، من دەواجنم دانەناوە مریشەكان لەیەك بچن. من دەڵێم ئەگەر تۆ لەمن چویت ئەوە یەكێكمان زیادین، یەك پۆشیا هەیە، وەك چۆن یەك عەزیزیش، ئەگەر عەزیز ویستی لە كەسێكی تر بچێت ئەوا ئیهانەی خۆی دەكات، ئەگەر من بمەوێت تۆ لە من بچیت ئەوە ئیهانەی تۆ دەكەم. ئیشی من ئەوە نیە كچەكەم. 
هەناسەی بابە، كەس فریات ناكەوێ خۆت نەبێت. دوای هەر مەزهەب و ئایدۆلۆژیایەك دەكەوی ئازادی، بەس بە گومانەوە، من فێرت ناكەم بیر لە چی بكەیتەوە، بەڵكو فێرت دەكەم بیر بكەیتەوە. ئەگەر بیر بكەیتەوە دەتوانی خۆت بیت، بیر بكەرەوە لەپێناوی گەشەكردنی بیركردنەوەتدا.
كچی شیرینم، گەر گوێت گرت لە مەلاو سیاسی و ڕۆشنبیرەكان، بەقسەی كەسیان مەكە، خۆت نەبێت، ڕاستی لای كەسیان نیە خۆت نەبێت.  
كچم باوكت چی بكات؟ هەر ئەوەندەم پێ دەكرێت شەقێك لەو مەزهەب و تەقالید و ئایدۆلۆژیایانە هەڵبدەم كە تۆ بە زەعیفە وەسف دەكەن. كچم دەزانم لەم كۆمەڵگەیەدا مێینەبوون سەختە، بەڵام تۆ بە ئارەزووی خۆت شانازی بە مێینەبوونی خۆتەوە بكە و باوكت تا دواچركەساتەكانی ژیان لەگەڵتە. 
پۆشیا گیان، تەنها لەیەك شتا لە باوكت بچۆ، گومان لە هەمووان بكە وەك باوكت، گوێ لە حیكایەتی كەس مەگرە، حیكایەتەكانی خۆت نەبێت. خۆت هەم چیرۆكی و هەم جوانی، هەم یاخیبوون و هەم سەرسەختی.
كچم، باوكت زۆر هەوڵیدا دنیا بگۆڕێت نەگۆڕا، گەیشتمە ئەو قەناعەتەی گۆڕینی دنیا لە گۆڕینی تاكەكاندایە، هەر هێزێك وتی دەسكاری دنیا دەكەم، ئەوە بەو شێوەیە دەسكاری دەكات كە خۆی دەیەوێت و دواجار نیشتیمان دەكات بە جەهەننەم. دەزانی باوكت سەری سپی كرد لەگەڵ مافیاكان و ئاواش بڕوا بەچكە مافیاكانیش حوكمڕانی سەردەمی ئێوە دەكەن. 
پۆشیا گیان، جەستەت هی خۆتە، هەر مەلایەك وتی جەستەت داپۆشە تۆ فێربە بڵێ تۆش كە چاوت بۆ ناگیرێت من تاوانم چیە، هەر كەس وتی ئەوە عەیبە و ئەمە شورەییە، تەعبیر لە ناخی خۆی دەكات، كە پڕە لە ناشرینیەكان. باوكت زۆری بینی لەوانەی كە قسەیان كرد و درۆیان كرد.
كچەكەم، تا بتوانم باڵت پێ دەبەخشم، بەڵام ئیشی خۆتە خۆت فێری فڕین بكەی. بەو ئاسمانەشدا مەفڕە كە من دەمەوێت تێیدا بفڕی. خۆت ئاسمانەكانت هەڵبژێرە. ئیشی من نیە فێرت بكەم، بەڵكو ئیشی منە ئارەزووی فێربوونت لا دروست بكەم. ئیشی من نیە باڵەكانت هەڵپاچم ، ئیشی من ئەوەیە ئاسمانت بۆ ساف بكەم تا بە ئارەزووی خۆت بفڕیت.

12/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر