كۆتایی شانۆگەریەكە

عه‌زیز ره‌وف
دواجار ئۆپراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ دەستی پێ كرد، ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هیچ نهێنی تێدا نەبوو، هەموو دەمانزانی كەی و لەكوێوە دەست پێ دەكات، وەك ئەوەی كە پێمان بڵێن مادام موسڵ بە بێ تەقە كۆنترۆڵ كرا، ئاواش بە سانایی دەتوانرێت ئازاد بكرێتەوە. 
ئەم كردەیە ڕێك لە شانۆگەرییەك دەچێت كە سەرەتا و كۆتایی دیارە، شانۆگەرییەك كە دەبێت كارەكتەرەكانی نمایش بكەن و دوجاریش وەك مژدەیەك كۆتایی شانۆگەریەكەمان پیشان بدەن، ئەمەش وەك كردەیەك بۆ دنیایەك نیەت لە خوڵقاندن و كۆمەككردنی دەوڵەتانی ئیقلیمی بۆ هێزێكی وەك داعش. 
دەبێ ئەم شانۆگەریە بەرهەم بێت، چەكێكی زۆر كۆن بووە لە مەخزەنەكانی خۆرئاوا، ئەی كێ ئەم چەكانە سپی بكاتەوە و بیانخاتە بازارەوە؟
نەوتێكی زۆر لە ناوچەكەدا هەیە، ئەی چۆن وامان لێ بكەن بیر نەكەینەوە و هەر دڵخۆش بین بە وەهمی كۆتایی داعیش؟ 
هەڵبژاردنی ئەمریكا نزیكە، دەبێت ئیدارەی ئۆباما سەركەوتن پیشانی جیهان بدات، ئەی چۆن پیشانمان بدات ئەمریكا موعجیزەی هەیە و دەتوانێت كێشەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەكات؟ 
هەموو دەزانین دروست بوونی داعش و سەرهەڵدانی ئەم هێزە تاریكە و ململانێكردن لەگەڵیدا شەڕی لەجیاتیكردنە، تەسفیەی حیساباتی زلهێزەكان و وڵاتانی ناوچەكەیە.
داعش بە تەلەفۆن دێت و بە تەلەفۆن دەڕوات، بێ تەقە خۆی دەكا بە شەنگالدا و بێ تەقەش بۆی دەردەچێت. بەبێ هیچ بەرگریەك بەبەرچاوی هەموو دنیاوە دوو ساڵە موسڵی كۆنترۆڵ كردووە و ئێستاش مژدەی ئەوە بە عیراقیەكان دەدەن كە داعش كۆتایی پێ دێنن. 
داعش بۆ ئێمە لانی كەم خەباتی مەدەنی لەناوبرد. ئەوانەی دەبوو لە كوردستان لەسەر گەندەڵی دادگایی بكرین، لە سەنگەرەكانەوە وێنەیان دادەگرت و دەبوو بڵێین خوا دەس بە باڵیانەوە بگرێت.
كۆتایی هێزێكی وەك داعش كۆتایی بیركردنەوەی داعشئاسا نیە، وڵات پڕ لە هێزگەل و تاكی وەك داعش لانی كەم وەك داعشەكان ئازا نین ڕوخساری خۆیان هەڵماڵن. تیرۆر هەر لەسەر دەستی داعش و هێزگەلی دینی وەك داعش ئەنجام نادرێت، لانی كەم لە كوردستان چەند ڕۆژنامەنوس شەهید بوون هیچیان بەدەستی هێزە دینیەكانی وەك داعش تیرۆر نەكران، بەڵكو بەدەستی ئەو هێزانە تیرۆر كران كە شەڕی داعش دەكەن. 
وڵات لانی كەم لەگەڵ هاتنی داعشدا تارماییەكانی خۆی تۆختر كردەوە، بە هاتنی هێزێكی وەك داعش پەیكەرەكانی دیكتاتۆریەت و ستەمكاری لە وڵاتدا جوانتر كرد و بۆ ماوەیەكی زۆریش لێپرسینەوە لە گەندەڵیەكان و لابردنی سەركردە ماوەبەسەرچووەكانی دواخست، یان لانی كەم بیری بردینەوە. 
ئیدی لانی كەم داعش فێری كردین كە شەڕ دژ داعش تەنها بە خەباتی چەكداری و سوپا ناكرێت،بەڵكو شەڕی داعش بە فكر دەكرێت، شەڕی سەربازی ئاسانە بەڵام شەری فكری و پەروەردەی نەوەیەك كە لانی كەم لە داعش جیاواز بێت ئاسان نیە و هەوڵی زۆر جدی دەوێت. 
ئیتر ئێستا داعش وەك جەستە و هێز لە ناوچەكە دوور دەكەوێتەوە. كە داعش هات كەس خۆی نەكرد بە خاوەنی شكست.  شكست كەس ساحێبی نیە و سەركەوتن زیاد لە ساحێبێكی هەیە.


19/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر