كلاسیكۆی نێوان پارتی و گۆڕان

شاخەوان سەنگاوی
            
ئەم یاریە یاریی نێوان بەرشلۆنە و ریال مەدرید نیە تا هەموومان بەبێ‌ جیاوازی تەمەن بە دیار تیڤیەكانەوە دۆش دابەمێنین و ترپە ترپە دڵمان پلەی گەرمی لەشمان بەرز بكاتەوە ، چاویشمان لە سەر چركە ژمێری كاتژمێرەكەبێت تا كاتی یاسایی یاریەكە بە كۆتا بهێنێ‌ . براوەی یاریەكە دیاری بكات ئێمەش وەكو هاندەر بە شان و باڵی تیپەكەی خۆماندا هەڵبدەین و ئەوانیش باس لە شكست و سەركەوتنەكانی خۆیان بكەن . بەڵكو ئەم كلاسیكۆ سیاسیەی نێوان گۆڕان و پارتی مێژووكەی دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دروست بوونی گۆڕان . چونكە ئەم بزوتنەوەیە بۆ خۆی لە نێو ژینگەی دەنگی نارازی خەلكی ئەم هەرێمەوە هەلقوڵاوە ،  بۆیە ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقی و حزبایەتی گۆڕانە لە هەر كوێ‌ یەك ئیدی بەبێ‌ جیاوازی ناوچەگەری دەنگی ڕەوای ناڕازی خەلك هەبێ‌  پێویستە ئەم بزوتنەوەیە كورد وەتەنی سوری بەر لەشكربێت و لە ویێ‌ بێت ، چونكە بۆ خۆی پەیوەندی نێوان ئەم بزوتنەوەیە و خەڵكی هەرێم بە تایبەتی تر لایەنگرەكانی  پەیوەندیەك نیە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی دارایی بێ‌ بەڵكو پەیوەندیەكە لە سەر بنەمای بەخشینە لە پێناو ئامادە بوون بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانە ، هەر بۆیە گۆڕان دەبێت ئامادەگی ئەوەی هەبێ‌ ئەگەر تەنانەت یەك هاولاتی ئەم هەرێمە ئیدی لە بەرەی ئەم بێت یان لە بەری بەرامبەرەكەی بەمەرجێك بە دەنگی ڕەوا هاتە سەر شەقام و تف بارانی بەرپرسانی  كرد لە سەر مافە زەوتكراوەكانی خۆیی ئەوا بێ‌ یەك و دوو با گۆزەكە لە سەری ئەماندا بشكێت !

لە بەر ئەوەی ئەگەر بهاتایەو خواستی كاركردنی بەرپرسانی ئەم هەرێمە لە ماوەی چارەكە سەدەیەك لە پرۆسەی حكومداری لە بەشی باشوردا لە سەر چەسپاندی بنەماكانی دیموكراسی بوایە بە سەرجەم  ڕەهەندە ئیداری و سیاسی و ئابووری و سەربازی .....هتد بەبێ‌ لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تەسكی تاك و خێڵ و حزبگەرایەتی ئەوا ئێستا ئەم هەرێمە پێنج ملیۆن كەسیە لە هەنگاوەكانی كۆتا قۆناغی چەسپاندنی دیموكراسیدا دەبوو ....

لە گەڵ هاوشانی ئەمەشدا دەبووە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ هەرێم كە توانای هەبێت بەرامبەر سەرجەم ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە بواری (سیاسی و ئابووری و سەربازی ) ئیدی چ لە ناوچەكە و جیهان و بەتایبەتی تر لە ناوخۆی كوردستان خۆیدا رووی بدایە هیچ دەرئەنجامێكی نێگەتیڤی لە سەر پرۆسەی ئیداری و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەكی هەرێم نەك جێ‌ نەدەهێلا بەڵكو لە كەیەكیشی دروست نەدەكرد . لە بارتەقای ئەمەشدا یاسا سەروەر دەبوو ، گۆزەش بەبێ‌ هۆ لە سەری  كەسیدا نەدەشكا .

بەڵام ئەگەر بێتوو خوێندنەوەیەكی واقیعانە بۆ واقیعەتی حكومداری كوردستانی باشور بكەین لە هەر گۆشە نیگایەكەوە دەگەینە ئەو دەروازەیەی كە پێمان دەڵێ كۆی ئەو بیردۆز و یاسا و رێسایانەی كە لە لایەن بیرمەند و فەیلەسوف و زاناكان بۆ بە سیستەم كردنی ژیانی تاك وكۆمەڵگا دانراوە و پەیڕەو دەكرێت لە بواری ئیداری و سیاسی و ئابووری و سەربازی  ....هتد ئەوا لە حەرەمی ئەو چوار چێوەیەی كە ئێمە ناومان ناوە پرۆسەی حكومداری لە باشوری كوردستان جگە لە هاوشێوەیی بڵقێكی سەرئاو هیچ هاوشێوەیەكی دیكەی شك پێ‌ بەری نیم . بۆ سەلماندنی ئەم دێڕەی سەرەوەشم  23 ی حوزیران بە نموونە دەهێنمەوە كاتێك پەرلەمان مەبەستی بوو بە رێكارە یاسایەكەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكاتەوە بەبێ‌ هەڵوێستە كردن و لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تەسكی حزبگەرایەتی  ، تا دەستەبەرێكیش بكات  بۆ كردنەوەی دەلاقە داخراوەكان لە سەر نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوری هەرێم  و گەڕانەوەی هەیمەنەت بۆ دامەزراوەكانی تەشریعی و یاسادانان و تەنفیزی ئا لەم ساتەوەختە بەدواوە لە ژێر فشاری هەندێك لە حزبەكان ئەم ئیرادە دووبارە لە پەرلەمان سەندرایەوە و بە جۆرێكیش سەندرایەوە كە كار گەیشتە ئەو رادەیەی كە لە 12 تشرینی یەكەم  ڕێگا بە سەرۆكی پەرلەمان نەدرا نەك بچێتە بینای پەرلەمانەوە بەڵكو شەقامێكی پایتەختیشەوە كە ئەم بەروارەی سەرەوە لە لایی پارتی بە بەرواری گۆڵی یەكسان كردنەوەو تەرتكردنی تیپی بەرامبەر دێت  لە لایەن ناوبژیوانەوە (حكومەت ) .مەزهەلەكە لێرەوە دەست پێدەكا یاری بەردەوامە بەڵام  تیپێك لە نێو یاریگاداو تیپێكیش لە سەر كورسیەكانی تەماشاكردنە .


       [email protected]                                                                                        











24/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر