نەمانی كۆدەنگی لە ناو پەرلەمان و مەترسیەكانی

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب
   وادەی دیاری كراو بۆ كۆبونەوەی نائاسایی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە 19 / 8 / 2015 بوو تا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت , بەڵام بەهۆی تەواو نەكردنی ڕێژەی یاسایی كە دەبوایە لانی كەم (56 ) ئەندام پەرلەمان لە كۆبونەوەكەدا ئامادە بوونیان هەبوایە كۆبونەكە دواخرا . جێگای وە بیرهێنانەوەیە من پێشوتر سەرنج و بۆچونی خۆم لەم بارەیەوە داوە تا چەند كۆدەنگی حیزبەكان بڕ دەكات لەبەرامبەر پرسێكی گرنگی وەكو پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و زۆر بەڕاشكاوانە لەبەرواری 22 / 6 / 2015 بابەتێكم لەژێر ناونیشانی (پرسی سەرۆكایەتی و ئایندە) لە (سایتی سبەی) بڵاوكردوەتەوە ، واتا ڕۆژێك پێش یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرسی ناوبراو وە لەو بڵاوكراوەیەدا ئەگەرەكانم خستە ڕوو كە هەمویان هاتنە دی لەوانە:

1- بە پێی یاسا هەموو تاكێكی كورد بۆی هەیە خۆی بپاڵێوێت بۆ سەرۆكی هەرێم  تەنها بارزانی نەبێت , ئەویش لەبەر ئەوەیە دانانەوەی بارزانی بۆ جارێكی دی پێشێل كردنی یاسایە و دژەوانەی بنەما دیموكراسیەكانە . دەبوایە هەریەك لەو لایەنانەی كە لەبەرامبەر پارتین خاڵی بنەڕەتی لە كۆبونەوەكانیان چ لە ناو خۆیاندا و چ لەگەڵ پارتیدا پێداگیری بوایە لەسەر ئەم خاڵە بنەڕەتی و هەستیارە تەنانەت هەموو دانیشتنەكانیان لەگەڵ پارتیدا بەیەكەوە بوایە نەك جیابەجیا تا بەئاشكرا یەك ڕایان بەرامبەر بە پارتی ڕابگەیاندایە و سوور بونیان لەسەر هەموو بابەتەكان لەم تەوەرەوە سەرچاوەی بگرتایە .

2- باسم لەوەش كردوە كە شان بەشانی پاڵنەرە یاساییەكان پاڵنەری سیاسیش هەن پێویست دەكات لێیان ئاگادار بین بەوەی هەر لایەنێك دەیەوێت دەنگی هاوڵاتیان بۆ خۆیان ڕابكێشن تا بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانیان پێ بەدی بهێنن . ئا ئەوەتا ببینن چۆن لەلایەن هەندێ سەركردەی ناو یەكگرتووی ئیسلامی ئەوە ڕادەگەیەنن گوایا بەشدارنەبونی ئەو پێنج ئەندام پەرلەمانەی فراكسیۆنی یەكگرتوو بووە هۆی تەواو نەكردنی ڕێژەی یاسایی و بەمەش كوردستانیان لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ بە دوور خستۆتەوە . وە من لەلایەن خۆمەوە وا بەستەكردنی ئەم بابەتە بەو لایەنەوە بە تەواو نابینم و پێی وەرناگرم , چونكە تەواو نادروستە و دوور لە باوەڕ پێكردنە .

3- ئەوەشم ڕونكردبووەوە تەنها ئەم كۆدەنگیە لەو كاتەدا بەس نیە , بەڵكو گرنگ ئەوەیە كۆدەنگی و یەك ئاراستەیی بڕ بكات تا بڕیاری یەكلایی كەرەوەی لەسەر دەدرێت .. بەڵام دەركەوت لە وادەی دیاری كراو بۆ خوێندنەوی دووەم بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كۆ دەنگی ئەگەر مابێتیش بەڵام گەیشتە ئەو ئاستەی ڕێژەی یاسایی پێ تەواو نەكرێت , بەوەی (7) ئەندام پەرلەمان كە لەپێشودا ئامادە بوون لەم دانیشتنەدا ئامادە نەبن (5) ئەندامی یەكگرتوو (2) ئەندامی بزوتنەوەی ئیسلامی و شیوعی . هەریەكەیان بە بیانووی جیاجیا كە هیچ بیانویەكیان ناچێتە ناو كاسەی سەری كەسانی ژیر و هۆشەنگەوە .

   لە كۆی ئەمانە هەر هەمویان دەردەكەون كە جۆرێك لە پەرتەوازە بوون و لێكترازان بەدی دەكرێت جیاواز لەوەی كە لەپێشودا هەبووە بەوەی هەندێ لە ئەندامانی پەرلەمان پاشەكشە بكەن و ئامادەی كۆبونەوەی پەرلەمان نەبن , ئەمەش دوو هۆكاری هەیە و سێهەمی نیە یان لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی كەسێتی و حیزبایەتیە یاخود لە ژێر گوشار و هەڕەشەی لایەنی خاوەن بەرژەوەندیە لە ئامادەنەبوونی ئەندامانی پەرلەمان لەو دانیشتنە . هەردوو خوێندنەوەكە تەنها بێ بەهانیشاندانە بەرامبەر بە دەنگی هاوڵاتیانی كوردستان و هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت . لە باری یەكەمدا جگە لە ناپاكی نەتەوەیی و نیشتمانی و مامەڵەكردن بەدەنگی هاوڵاتیانەوە هیچی تر ناگەیەنێت , لە باری دوەمدا لەرزۆكی و ترسنۆكیە لە سیاسەتكردن و مانادانێكی تری بۆ نیە , چونكە سیاسەتی ڕاستەقینەپێویستی بە كەڵە پیاوی ڕاستگۆ و دڵسۆز و بوێر هەیە و نەسڵەمێتەوە بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان بەوەی دەمانەوێت بیخەینە سەر ڕەوڕەوەی بەرەو پێشچوون لە كایەی دیموكراسی .

   زیاد لەسەر ئەمە ئەوە دەڵێم مانەوە و هاوهەڵوێستی لە گرنگترین پێدراوەكانی ئەم قۆناغەیە و نابێت لە دەست دانی هەندێ لە ئەندامانی پەرلەمان بە ئامادە نەبوونیان وا بكات ساردبونەوە یان خاوبونەوە لەئاراستەی ئەندامەكانی تری ناو پەلەمان بەدەربكەوێت , بەڵكو پێویستی بە بەردەوامی و سەرگەرمی هەیە تا پرسی دیموكراسی و سەروەر بوونی یاسا شوێنی خۆیان وەردەگرن.


22/08/2015



وتارەکانی تری نوسەر