دادگای (…) بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   لاتان سەیر نەبێت كاتێك ناونیشانی ئەم گوتارە بەم شێوەیە نوسرا بێت لەبەر ئەوەی بابەتەكە هەڵێنجراو و سەرچاوەگری ڕاستیە لەسەر بنەمای خەون و خەیاڵَ دانەڕێژراوە , بەڵام كەسانی دەرەوەی یاسا و تەنانەت كاڵ فام لە ناو خودی خێزانی دادوەری ناتوانن خوێندنەوەی دروستیان هەبێت بە پیادەكردنی یاسا لەكاتێكدا بەڵگەی یاساییان لەبەر چاو نەبێت تا بڕوا بەم ڕاستیە بهێنن .
   لە ڕابردوودا هەرچیەكم گوتبێت یان نوسیبێت بێ بەڵگە نەبووە و ئێستاش بەهەمان ڕێچكەی پێشووم بە بەڵگەوە ڕاستیەكان  ئاشكرا دەكەم و قسە و لێكدانەوەی بابەتیانەی خۆمیان لەسەر دەدەم تا بزانرێت ئەوانەی سپاردەی دادپەروەریان لە ئەستۆدایە و چارەنوسی مافی كەسانی تریان بە دەستە ئاستەكەیان چەندە ...!
   دادگا لە هەستیارترین دامەزراوەكانی ناو دەوڵەتە و تەواوی دامەزراوەكانی تر پێشكەوتن و توانیان لە بەهێزبونی ئەم دامەزراوەوە وەردەگرن , بەجۆرێك ئەم دامەزراوە چەندە بەهێز بێت هێندەش كارگێڕی دەوڵەت و فەرمانڕەواییەكەی قایم و خۆگر دەبێت بەپێچەوانەشەوە چەندە لاواز بێت چەند بارە لەرزۆك و ناجێگیر دەبێت . وە ئەم دامەزراوەیەش لە دەست ئەو كەسەدایە كە (دادوەر) ە .
   كاتێك دادوەر بە ئەركی خۆی هەڵناستێت و بە لاڕێدا دەبرێت بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی تایبەتی چەند كەسانێك یان تاقمێكی دیاری كراو ئا لەو ساتەدا مانای ڕاستەقینەی خۆی لە دەست دەدات بەوەی ئەو كەسانەی دادگا و دادپەروەریان كردۆتە ئامرازی گەیشتن بە بەرژەوندیە تایبەت و مادیەكانی خۆیان , ئەمەش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ مەبەست و ئامانجەكانی دادپەروەریدا یەكانگیر نابێت .
   بێگومان تا ڕادەیەك ئاساییە دادوەر سنوور بۆ پەیوەندیەكانی دابنێت بۆ ئەوەی لە ئاكامدا كاریگەری لەسەر بڕیاری دادپەروەرانەی دانەنێت , وەلێ ئەوە بە ئاسایی و سروشتی نابینم كاتێك وا پێویست بكات لەگەڵ ئەوانەی وا دەخوازێت مامەڵەی ئاسایی بكرێت , بەڵام ئاسایی نەبێت و لەگەڵ ئەوانەی پێویست دەكات خۆی بە دوور بگرێت پەیوەندی تۆخ بكاتەوە .
   لە هەرێمدا دادگایەك هەیە كارگێڕیەكەی لەلایەن چەند دادوەرێكەوەیە بە شێوەی هەشتپەل ئاسا پەلی هاویشتوە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی تاكە كەسی نەك دادپەروەری تا ئەو ڕادەیەی بوەتە بگرە و بەردەی و كێشمەكێشی ناو دادگاكان شكاندنەوەی بەبەرژەوەندی بەڵێندەر . ئێستا قسەكەمان لەسەر ئەوە نیە كە لایەنێكی كێشەكە بەڵێندەر بێت , بەڵكو گرفتەكەمان ئەوەیە پەیوەندی بەڵێندەرەكە بە چەند دادوەرێكەوە تا چەندە پتەوە ...
   بەرژەوەندیەكە ئائەمەیە : كارێكی ئاساییە دادوەر سەرەتا وەكو هەموو كەسێكی ئاسایی بیر لە بەدەستهێنانی شوێنی نیشتەجێ بوون بكاتەوە ئەگەر لە ڕێَگایەكی ڕەوا لە بەڵێندەرێكی بكڕێت , بەڵام بە سروشتی نابینم خاوەنی شوێن یان یەكەی نیشتەجێبوون بێت ... بەردەوام هەر لە هەڵپەهەڵپدا بێت بۆ چەندین یەكەی نیشتەجێبوون و كڕینی لە بەڵێندەر بە مانگانەیەكی لەسەرخۆ  و دانی بە هەوای شان .
   ئایا شتێكی دروستە بۆ نمونە : ئەگەر یەكەیەكی نیشتەجێبوون بۆ كەسێكی ئاسایی بەهاكەی (140000) دۆلار بێت , بەڵام بۆ دادوەر بە (100000) دۆلار بێت...!؟ یاخود بە دەستهێنانی ڤێلای گرانبەها بەنرخێكی جیاوازی لە ڕادەبەدەر ... دەبێت پرسیامان هەبێت ئەم ئاسنكاری و كەم نرخیە بۆ چ مەبەستێكە ..؟ دەبێت چی لە پشت ئەم كارانەوەیە خۆی حەشار دابێت ...؟؟ ئەم پرسیارە لای من و ئەوانەی ئاگادارن وەڵامی هەیە پێدەچێت كەسانی سادەش وەڵامیان دەستگیر بێت . یاخود بە دەست تێكەڵاوكردن بۆ پۆشتە و پەرداخ كردنی كەل و پەلی ناو ماڵ بە تەواوی لەلایەن كۆمپانیایەك بۆ دادوەرێك بەرامبەر بەوەی كارێكی بەڵێندەرایەتی بۆ بچڕیووە و قازانجێكی بەرچاوی لە پشتەوەیە ... هتد .. دەبێت چ نهێنی و كاری ژێربەژێر و شاراوەی تر هەبن و جارێ دەرنەكەوتوون .
  هەرئەوە ماوە بیڵێم ئەم تێوەگلان و گەندەڵیانە ئەگەر پێی ناوترێت بەڵێندەرایەتی كەواتا چی پێدەڵێن ..؟؟؟؟


05/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر