بۆچی دەبێت نەوشیروان مستەفا ڕاپێچی دادگا بكرێت ...؟

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   زەقترین و گەرموگوڕترین ڕوداو و باسی هەنوكەیی ناو هەرێمی كوردستان سكاڵا تۆماركردنە لەدژی نەوشیروان مستەفا وەك لەسەر  زمان و وتەی هەندێ ڕاگەیاندنكار و بەرپرسی حیزبی ناو پارتی گوێمان لێی دەبێت پاشان دادگایی كردنێتی بە بیانوی هاندان و نانەوەی گێرەشێوێنی و تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان . لێرەدا پێویستە بڵێین ئایا پێویستە نەوشیروان مستەفا بدرێتە دادگا لەسەر ئەو تۆمەتانەی پێی تۆمەتباركراوە یان نا ...؟ لەم چەند خاڵانە دەبێت ڕون بكرێتەوە :

1/ بەر لەهەموو شتێك دادگاكان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا ئەوەندە دەستكراوەن و سەربەخۆن تا ئەو ئەندازەیەی هەموان یەكسانین لەبەرامبەر یاسادا و بەبێ جیاوازی لەسەرمان پیادەدەكرێت تەنانەت گەورەترین و باڵاترین بەرپرسانی حیزبی و دەسەڵاتدارانی هەرێم پێش خەڵكی هەژار ملكەچی بڕیاری دادگاكانن . سەرباری ئەمەش دادوەران ئەوەندە بێلایەنن و پاشكۆی بڕیاری حیزب و بەرپرسان نابن بەو ڕادەیەی بوەتە مایەی شانازی لەسەتاسەری جیهاندا و لە هیچ وڵاتێكی ئەوروپاشدا نمونەی وا نابینرێت  و لە دادپەروەریدا بێگانە و دۆست و دوژمنانمان ئیرەییمان پێدەبەن .

2/ نەوشیروان مستەفا هەر خەریكی دەست تێكەڵ كردنە لەگەڵ دوژمنانی كورد بۆ هێنانەدی مەرام و بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەكەی و هەردەمەی دەستی دوژمنێك دەگرێت پەلكێشیان دەكات و دەیهێنێتە سەر حیزبی ڕكابەر و نەیارانی و ئامادەیە گشت شت و پیرۆزی نیشتمانی و نەتەوەیی لەدەست بدات لە پێناو مانەوەی خۆی و خانەوادەكەی .

3/ نەوشیروان پێی كردۆتە كەوش و لەسەر كورسی دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی نایەتە خوارەوە و ناهێڵێت كەسێك لە ناو هەرێمدا نەك بچێتە سەر كورسی , بەڵكو بوار نادات كەس هەناسەی چونە سەر كورسی هەڵبكێشێت .

4/ نەوشیروان دەستی گرتوە بەسەر داهات و ئابوری كوردستاندا بەتایبەتی پرسی نەوت ئەوەی هەیە و نیە خستویەتیە ژێر جڵەو و فەرمانی خۆیەوە لە پێناو زیاتر خۆسەرمایەداركردن و خۆ سەپاندن و چنگی لەبینەقاقای هەژاران و بێدەرەتان چەقاندوە و قوت و موچەی لێبڕیون بە مەبەستی ناچاركردنی هێزی بەرامبەری تا مل بدات بە خواستەكانی .

5/ نەوشیروان لە ژێر زەبردا دەنگی هاوڵاتیانی كپ كردوە تا ناڕەزایی دەرنەبڕن و هێز لە دژی یەك بەیەكی هاوڵاتیان بەكاردەهێنێت و تا ڕەخنەی ئاراستە نەكەن و كۆمەڵگایەكی لە كۆیلە و مشەخۆر و پاشكۆی هێناوەتە بەرهەم .

6/ نەوشیروان هەرچی دەزگا هەستیار و سەركوتكەرەكانی ناو هەرێمە خستویەتە ژێر باڵ و بڕیاری خۆیەوە وەكو فەقیانە هەرچۆن و بە چ جۆرێك بیەوێت بای دەدات .

7/ نەوشیروان ئەوەی بیری لێناكاتەوە كەسێتی و ئەرزشە بۆ تاكی كوردی و هیچ مانایەك ناهێڵێتەوە بۆ كورد و كوردبون و مرۆڤایەتی بەبەڵگەی ئەوەی بواری كەس نادات گوزارشت بكات لە بیروڕاكانی تەنها گوێ لە دەروێش و سەرلەقێنەرەكانی دەگرێت و بە ڕەخنەی هیچ كەسێك قایل نابێت ئینجا ئەو كەسە هەركەسێك بێت و لە چ ئاستێكدا بێت .

8/ نەوشیروان شكستخواردوە لە فەرمانڕەوایەتی هەرێم و متمانەی خۆی لەدەستداوە و خەریكە توشی بێ هیوایی دەبێت , هەر بۆیە هەموو ڕێچكەیەك دەگرێت تا متمانە بەدەست بێنێت .

9/ نەوشیروان تەنها لەهەڵبژاردنەكاندا بەڵێن دەدات و دوای هەڵبژاردن ئەوەی جێگای باس نامێنێت لای ناوبراو ئەو بەڵێنانەیە كە لە ڕابردودا دەیدات بە خەڵكی كوردستان ناڕاست و بێ پەیمانە بەرامبەر دەنگدەرانی .

10/ نەوشیروان گەورە بەرپرسان نەبێت هیچ هاوڵاتیەكی سادە ناتوانێت بیبینێت و بە دەیەها پرسگە ناگەیتە لای تا لە بونی نادادپەروەری بێشوماری ناو ئەم هەرێمە سكاڵا و ڕازی بێدادی بۆ بڕێژی و لە ئازارەكانی هاوڵاتیان دورەپەرێزە و خۆی ئاوێتەی خەمی خەڵكی سادە ناكات .

   هەربۆیە ئەگەر نەوشیروان مستەفا یان هەر سەركردەیەكی كورد هەڵگری ئەم خەسڵەتانە بێت ..؟ پێویستە ڕاپێچی دادگا بكرێت و سزای گەل و نەتەوەی بەسەردا بسەپێنرێت ..!!!


13/12/2015



وتارەکانی تری نوسەر