نەوشیروان مستەفا لە دوڕیانی چەمانەوە یان ڕاستکرنەوە ..؟

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب
هەموو بیرێکی سیاسی بکەرێکی لە پشتەوەیە و تەنانەت تاکە کەسێک دەبێتە داهێنەر و جوڵێنەری و دواتر بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا پەخشی دەکات ، جا ئەم بیردۆزە دێتە کایەی کردەیی لە هەر کات و شوێنێکی جیهاندا بێت . گرنگی لەوەدا نیە کێ خاوەنی بیروباوەڕ و پەیامە ، بەڵکو بایەخەکە لەوەدایە پاڵنەرەکان چین و لە پێناو کێدایە ..؟
لە کۆمەڵگادا ئەم باسە جێگای ڕەچاوکردن و لێکدانەوەیە وهەمیشە دوو لایەن هەن هەریەکەیان بە جیا کاریگەریان لەسەر ئەوی تریان دادەنێت . یەکەمیان / دەسەڵات و سەرکردایەتی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی کردنە . دوەمیان / هاوڵاتی و تاکەکانی ناو کۆمەڵگایە . ئەم دوو لایەنە دوانەیەکی لێک دانەبڕوان بەجۆرێک هەر یەکەیان لە گشت دۆخە جیاجیاکاندا و لە قۆناغی مێژویی و ئێستا و ئایندەش دەتوانن کاریگەری لەسەر ئەوی تریان دابنێت . خۆ ئەگەر هاتوو هەر یەک لەم دوو لایەنە خۆگری خۆی لەدەستدا و لەق بوو ، ئەوا بێ یەک و دوو سەراپا تاکەکانی کۆمەڵگای دەخریتە ناو بازنەی زیان پێکەوتنەوە . ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر هاتوو دولایەنی ناوبراو بیرکرنەوە و باوەڕبونی دروستانە و لەباربوو . ئامادەنەبون لە وەرگرتنی بیری دروست و پەسەند لای تاکی کورد و ڕاستگیری نەبون لای سەرکارانی کورد هەردوکیان هۆکاربون بۆ ئەوەی هەتاوەکو ئێستا فەرمانڕەوایەتیەک یاخود دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردنی پاک و کارا نەبینراوە تا لە سایەیدا تەواوی تاکەکانی کۆمەڵی کوردی لێی سودمەند بن و لە سایەی یەکسانی و دادپەروەریەکی ڕاستەقینەدا بێ خەم لێی بحەوێنەوە . کەواتا ئەم جۆرە لە فەرمانڕەوایەتیەی ئێستا لە باشوردا جگە لە وێنای درەختێکی زڕ و بێ بەرهیج مانایەکی تر نانوێنێ و نابەخشێت .
نەخۆشی دەرونی هۆکاری سەرەکیە بۆ دۆزە گشتیەکان بێگومان چەندە نەخۆشی دەرونی لای سەرکردەکان بن لە هەمان کاتیشدا لای خەڵکان و هاوڵاتیان بونی هەیە ، چونکە چ سەرکردە و چ هاوڵاتی بەدەر و بەدوور نین لە توشبون بە پەتایەکی دەورونی کە بێچارە ماوە و لە سەرتاسەری گێتیدا بونی نیە و نەبینراوە . لە کۆمەڵگایەکی خێچ و خواری کوردیدا بە لێزمە ئەم نەخۆشیە بە سەرکەسێتی تاکەکاندا داباریوە بە شێوەیەک ئایندەی ئەم گەلە و نەوەکانمان و پاشەڕۆژیان هەجن هەنجن دەکات ، ئەگەر خۆمان نەخەینە خانەی خۆدزینەوە لە هەمان کاتدا ڕاستگۆیی تەنیا ڕێچکەمان بێت ئەوە ڕوونە ئەم دەردە بێ دەرمانە لای هەردوو لایەنەکە و بوونی هەیە . هەر ئەمەشە بوەتە هۆی ئەوەی نە سەرکردە دەتوانێت وەکو پێویست تاکەکانی کۆمەڵگا چاک بکات و نە کۆمەڵگاش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی خاوەن ئەوهێزە بێت کە ئاراستە و ڕێبازی فەرمانڕەوایەتی لە سەرکردایەتی کردندا دەستکاری بکات .

لەم قۆناغەدا نەوشیروان مستەفا وەکو لایەنێکی ئەم دوو لایەنە لە ناو سەرکردایەتی سیاسیدا کە زۆرترین کاریگەری هەیە لەسەر تاک و کۆمەڵ لە دروست بونی کاریگەرێتی ، ئەگەرچی بێ جوانکاری و هونەری ڕەتوش کردن وەکو ئەوەی کە هەیە بیخوێنینەوە . دەتوانین بێ دودڵی بڵێین وەکو خۆی دەکەوێتە دەرەوەی ئەو بارە نەخۆشیە کە ناوەندەکانی تری ناو هێزەکانی دی بە دەستیەوە گیرۆدەن . باشە تەنها کەسێک چۆن دەتوانێت سەرجەم کۆمەڵگا و تاک بە تاکی کۆمەڵگا بگۆڕێت و ڕۆچێتە ناخ و دەرونیان و تا باوەڕ تیایاندا دروست بکات بۆ ئەوەی بتوانن ئایندەیەکی گەش فەراهەم بکەن بۆ نەوەکانیان . جوڵاندنی کەشتی بەرەو کەناری ئارامی و ڕزگارکردن و قوتاربونی سەرنشینانی بە تەنها لە دەست کارزان و کەشتیوانی ژیر نیە ، بەڵکو بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی سەرجەم ئامادەبوانە بێ جیاوازی . ئەوە ئارەزومەندی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگایە لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو هێزەی کە ناوبراو پێشەنگی دەکات و کارکردنە لە پێناو خود نەوەکو خەڵک . ئەگەر تاکی ناو کۆمەڵگا بە تەنها بیری لە خۆش ژیانی بۆ خودی خۆی بێت و ژان بکاتە دیاری بۆ ڕۆڵەکانی ، ئەوا دەبێت تەنها شتێک بخاتە بەر دیدە ئەویش (مرۆڤ و ویژدان) ە دەرمان و چارەسەرەکەی تەنها داماڵینی کەسێتیە لە خودپەرستی و وەچەرخانی بەرەو گەل و خەڵک ویستی .

17/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر