شۆڕشی عەقلانی … بەرامبەر بە ستەم و قۆرخكاری

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

  لە دیوی شاراوەی هەموو كەسێكدا دوو شتی شاراوە هەن كە ناتوانرێت لە لایەن كەسانی ترەوە بە ئاسانی پەی پێ ببرێت ئەوانیش (ناخ و دەماخ) ن ... بۆ گەیشتن و تێگەیشتن بەوەی دەبێت چی هەبێت لە ناو ئەم دوو لایەنە شاراوەیە و بەدەست هێنانی ئەوەی كە دەگوزەرێت بە دوو شێوە دەگەینە زانین و خوێندنەوەیان ئەوەش یان گوزارشتی خودی كەسەكە یان لە ڕێگای كردە و هەنگاوەكانی .

   دەشێت بونی ئەم دوو شتە لە كەسێكەوە تا كەسێكی دی تەواو جیاواز بن تا ئەو ڕادەیەی كە ئاسمان و ڕێسمان نێوانیان بێت . بایەخیان هێندە پڕ مانا دەبێت ئەگەر بڕەخسێت لە ڕێگای ڕاست بزواندنیان و باش بەكارهێنانیان لە تەنیا كەسێكەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسانی دی تەنانەت لە توانادایە و ئەگەر و لێكەوتەی گۆڕانكاری لێ دەكرێت لە سەرجەم دیاریدە و كایەكانی ناو كۆمەڵگا .

   بەر لە هەموو شتێك وا دەخوازێت لەو ساتانەی كەسانێك ناخی گڕگانیان دەتەقێتەوە لەوێشەوە لەگەڵ هۆشەنگی و ژیریاندا گرێبدرێن و سەرپێ بخرێن .. ئەمە ئامرازێكە بۆ گواستنەوە و ئاراستەی دروست و هەنگاونانی ڕێكخراو و ڕیزبەندی بە دوور لە هەموو ڕێكردنێكی هەڕەمەكی و شپرزەیی .

   لە چەرخی مرۆڤایەتی نوشست لە دوو دۆخدا ڕوویداوە بە هۆی كەسانەوە .یەكەم/ ناخی پیس و شێواو .. دوەم/ هزری نا كارا و نەفام . بە نەبوونی هەر یەك لەم دوو كۆڵەكەیە سەرئەنجامەكەی هەرەس و داڕمانە هەم بۆ كەسە و هەم بۆ كۆمەڵگا ... نابێت ئەوەش لەبەر چاونەگرین پێویست دەكات ئەم دوانەیە لەیەك دانەبڕێن و لە یەكتر نەترازێن ... چونكە دەستەبەری سەركەوتن و مسۆگەر كردنی وابەستەی شان بەشان ڕۆیشتنی یەكترن .

   ئائامەیە ئەو شۆڕشەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا پێویستە بەرپا ببێت لەم قۆناغەدا هەروەك دەبینین ناخی تاكەكان تەقاوەتەوە و سەرچاوەگری مافی ڕەوا بوونە و وەستانەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتێكی پڕاوپڕ لە ستەم , كەڵبەسوور بە خوێنی هاوڵاتی , سنوردانەر بۆ مافەكان , بزركەری دادپەروەری و یەكسانی و نەخشەكێش لە دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی ... لە پاڵ ئەمانەدا تاڵانكاری سامانی نەتەوەیی و نیشتمانی , بازرگانی كردن بە تەمەنی هاونیشتمانیان و سەرمایەدار بوون لەسەر دۆزی میللەت . ئەوانەی ڕابردوو و نیشتمان پەروەری بە یەك بە یەكی ڕۆڵەكانمان دەفرۆشن .

   ئەمڕۆكە ئەركێك لە ئەستۆدماندایە كە بژادەمان نابێت خۆ دوورە پەرێز گرتن بێت یاخود بێ دەنگ بوون لە مەڕ ئەم هەموو بێ سەروبەریەی لەبەر دیدەماندایە و ڕۆژانە قەبە و كەڵەكە دەبێت , بەڵام جگە لە گوتار و ورتە ورت و وڕێنە و خەیاڵی بێ بەر هیچی دی لێ شین نەبووە . كارێكی بەجێیە گەر گوتارەكانمان یەكبخەین و بیخەینە ناو بازنەی هۆشەنگیمان لەوێشەوە بۆ گەیشتن بە مەبەست تاوێرەكانی ئەم قۆناغەی لەسەر یەكترپێ هەڵبچنین . چونكە لەم قۆناغەدا ئەوەی لەسەر بیرمەندان و ڕۆشنبیرانە ئەمەیە و ڕووبەڕوو وەستانەوە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتەی جگە لە پوچەڵی لە كرۆك و ناوەرۆكدا هیچی دی لێ نایەتە بەدیكردن .. پاش پێگەیشتن و كامڵ بوونی قۆناغێكی تر دێتە بەردەم كە تەواو هەستیارە و دەبێت ئامادەگی تەواومان هەبێت . دەنا ئەوەی كە دەكرێت لە دەست دەدرێت , هەروەك چۆن بە پێپیلكانەیەكدا سەردەكەوین ئەگەر نەتوانرێت یەك لە دوای یەك و بە ڕیك و دروستی هەنگاو بنێین  ڕەنگە پێمان بترازێت و سەرئەنجامەكەشی تلاوتل كەوتن یان هەڵگەڕانەوە بێت .


23/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر