(ڕۆژنامەی هاوڵاتی): گڕکانێکی ڕابردو.هەڵوێستە بۆ ئایندە

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب
ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) ئەو ڕۆژنامە ناوخۆ و بێلایەنەی ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاگیرانی . ڕابردویەکی (١٦) ساڵەی تەمەن کاری ئەم ڕۆژنامەیە بوو ، پێودانی متمانە بەم ڕۆژنامەیە بێ هیچ دودڵیەک لەسەر پرس و هەواڵە دروستەکان بە چاک و خراپیەوە لەخۆڕاوە نەهاتوە . چونکە سەرچاوەکەی ڕاستی بوە  لەبەراورد کردنی هەواڵەکان بە ڕوداو و لێکەوتەکان .
ساڵێک بەر لە ئێستا لە یادمە و وا دەزانم ئەمڕۆیە  بەرواری ٢٤ / ٢ / ٢٠١٦ ڕێکەوتی ڕۆژی (٥ شەمە) کاتێک چومە ناو شوێن کاری کارمەندانی ڕۆژنامەکەوە هەواڵی ئەوەیان دامێ کە ئەو ژمارەی دەردەچێت دوا ژمارەیەتی گەر بە هەڵەدا نەچوبم ژمارە (١٤٧٤) بوو . ئەم هەواڵە هێندە ناخۆش بوو لام  دوور بێت هێندەی جەرگ بڕان بە ئازار بوو . هۆکاری ڕاگیرانیشی  دیار و ئاشکرا بوو ، ئەویش نەبونی بودجە و پارەی پێویست بوو بۆ بەردەوامیدان بە دەرچونی ڕۆژنامەکە و خەرجیەکانی . ئەگەر چی من ڕۆژنامەکاری ناو ئەم ڕۆژنامەیە نەبوم ، بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ هاوەڵان و زۆربەی ئەو هاوڕێیانەی لەوێ بون وەکو ئەندامێکی ناو ڕۆژنامەکە دەهاتمە هەژمارکردن .
هاونیشتمانیان دەبێت ئەوە بزانن کاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندکاری شتێکی بەدەر نیە لە تانە لێدان و ڕەخنە لێگرتن ، چونکە مەرج ئەوە نیە ئەوەی بڵاودەکرێتەوە و دەنوسرێت بە دڵ و ئارەزوی سەراپا تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بن . ئەوەی دەبێتە پێوەر و بنەما بۆ سەرکەوتویی ڕۆژنامەنوس دوو شتە کە دەبێت تیایدا بێت ، ئەوانیش (ڕاستی و ویژدان)ە . ئەم دوو خەسڵەتە لەکەسێکیشدا ئەگەر ڕۆژنامەنوسیش نەبێت دەبێت تیایدا بێت .
زۆر ئاسانە بۆ ڕۆژنامەوان و نوسەر خۆی بفرۆشێت و بەتای بەرژەوەندی خۆی کار بکات و وەدوی ئارەزوەکانی بکەوێت و کارەکەی بخاتە خزمەتی تاکەکەسی یان هێزێکی دیاری کراوەوە و بەرژەوەندی گشتی وەلا بنێت ، وەلێ ئەوە گرانە و ئەستەمە کارەکانی بەرەو خزمەتی گشتی و بەرژەوەندی تەواوی کۆمەڵگا ئاراستە بکات . ڕۆژنامەنوس نابێت سڵ لەوە بکاتەوە ئەو بابەتەی دەینوسێت و بڵاوی دەکاتەوە خوێنەر یان نەیارانی لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکەن ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بابەتەکان یەکانگیر و هاوتەریب بوەستێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی و ئامانجە گشتیەکانی سەراپا تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بن . 
ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) ئەم خەسڵەتانەی لەخۆ گرتبوو ... ئەوەی دەبینرا بە کردە دەبوە ناونیشان و سەردێڕی هەواڵەکانی لە ئاسۆی نیشتمانێکی پڕو پڕ لە ستەمکاری ، نایەکسانی ، نادادپەرەوەری ، قۆرخکاری ، تاڵانکاری ، ناپاکی نەتەوەیی ، سنوردانان لەبەردەم ئازادیەکان و ژێرپێخستنی یاسا و نادیموکراسی و ... هتد . ئەم ڕۆژنامەیە دەنگێک بوو بۆ ئەوانەی ناتوانن لە شوێنێکی تری ئەم هەرێمەدا دەنگ هەڵبڕن . هەناسەیەک بوو لە ناو خانەی خنکاوەکانی بێ سەروشوێنیدا .
من وەکو خۆم لەمەودای لە بەردەوامی بڵاوکراوەکانمدا بچوکترین ئاستەنگ نەهێنرایە بەردەمم بۆ دیاری کردنی بابەت و نوسینەکانم بێ پەروا ئەوەی دەمویست ئەوەم بڵاودەکردەوە ، نەک ئەوەی خەڵکانی تر و بەرپرسان دەیانویست . لەو ڕۆژنامەیەدا هەر لەبابەتی یاسایی و گوتاری سیاسی تا دەگاتە ئاشکراکردنی بەڵگەکانی گەندەڵی لە ناو دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەری ئەوەی دەمگەیاندە دەست هاوڕێیانم بێ باکانە بڵاودەکرایەوە .
_ ڕۆژنامەی(هاوڵاتی) ئەو ڕۆژنامەیە بوو گڕکانێکی لە هەناوی کڵپەی دەرونی بێ ئارامیمدا تەقاندەوە و جۆش وتوانای بەردەوام بونی لە ناخمدا زیاتر کرد .
_ ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) بوێری زیاتری پێ بەخشیم و گیانی بەرەنگاربونەوەمی بەتین و بەهێێزتر کرد .
_ ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) دەست و قامکی نەرم کردم بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و ستەمکاری و نایەکسانی و بێ یاسایی . نوکی پێنوسی تیژتر کردم بۆ داکۆکی لە مافی گشتی و هاوڵاتیان .
لە کۆتایدا ئەوە ماوە بڵێم : ئەگەرچی ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) ڕاگیرا و وەستا ، بەڵام هاوڵاتیانی (هاوڵاتی) بەردەوامن و هەر ماون . لەم ڕۆژەدا دەستی یەک بە یەکی ئەو کارمەند و ڕۆژنامەنوسانە دەگوشم و چاوانیان ماچ دەکەم هەر لە پرسگەوە تا دەگاتە سەرنوسەر . خۆم بەقەرزارباری هەموان دەزانم ...
 سەرفرازی بۆ ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) .... هەر لەم ڕۆژەدا پرسە بۆ ڕۆژنامە و دەزگا حیزبیەکان کە بە پارە و قوتی هاونیشتمانیان ڕاگەیاندکانیان بەردەوامە .

28/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر