ئەو گۆڕانانەی… ؟ بەس گۆڕان نین..!

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   نۆبەرەی سەرهەڵدان و قوت بونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێكی جەماوەری كە پێگە و پشتپێبەستەی بزوتنەوەكە دەنگی هاوڵاتی و تاكە زویرەكانی خەڵكی كوردستان بوو بە ئامانجی چاكسازی لە گشت كایەكانی ناو كۆمەڵگا تا بتوانرێت كاریگەری و گۆڕانكاری دابنێت لەسەر هەموو ئەو دیاردە دزێوانەی كە بونیان هەبوو لە ڕابردودا هەر لە نوێنەرایەتی حیزبی لە جیاتی نوێنەرایەتی  كردنی خەڵك لە لایەن ئەندام پەرلەمان و دام ودەزگای حكومەتێكی ئیفلیج و لێوان لێو لە گەندەڵی و بێسەروبەری و بێ چاودێری و لێپرسینەوە تا دەگاتە ئاشكراكردنی بە تاڵان بردنی سامانی نیشتمانی لە لایەن دوو حیزبەوە تاوەكو ئێستا .

   ئەوەی جێگای باس و قسەكردنە ئەم بزوتنەوەیە گەرچی سەرەتا لە ڕووی پێكهاتەی سیاسیەوە درێژكراوەی حیزبەكانی پێشوو نەبوو كە پێشتر بینرابوون و شێوازبەندیەكی تەواو جیاوازی هەبوو لە گشت هێزەكانی تری ناو كوردستان لەبەر ئەوەی پەیامی بزوتنەوەكە لە تابلۆی بەرهەڵستی كردن و دژە بەری گەندەڵی بوو , بەڵام سەرەتاكەی بە ڕەخنە و ئاشكراكردنی بەڵگەی گەندەڵی  و نهێنی بوو چونكە ئەو بەرەیەی كە بزوتنەوەكە هەڵی بژاردبوو بەرەی كارا كردنی پەرلەمان بوو لە ڕێگای ئەندامانی پەرلەمان لە خولی سێیەمی پەلەمانی كوردستان هەروەها بەرهەڵستی(ئۆپۆزسیۆن) بوو لەبەرامبەر حكومەتی دوو حیزبی  تەواو ئامانجی دروستی خۆی خستە بەردەم هاوڵاتیان و خەڵكی كوردستان . وەلێ دوابەدوای هەڵبژاردنەكانی 21 / 9 / 2013 چونە ناو حكومەتی بنكە فراوان و فرە لایەن و دەست بەرداربوون و چۆڵكردنی بەرەی بەرهەڵستی بزوتنەوەكەی ڕووبەڕووی گازەندی هاوڵاتیان و ناقایل بوون كردۆتەوە بەوەی جۆش و تینی بزوتنەوەكە لە ئاستی پێویستدا نیە و لە ئامانجی خۆی لایداوە كە من لەلایەن خۆمەوە بەشێكیان بە بەجێ دەبینم و بە هەندیش وەریاندەگرم . ئەگەر سەرنج بدەینە ڕابردوو كە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە تەواو هەڵوێستەكان و هەنگاوەكانی لە پێناو بەدیهاتنی ستراتیژی بزوتنەوەكە ڕاست و دروست بوون ئەویش دەستكاری كردنی پەرلەمان و حكومەتی حیزبی بوو ئەوەی لە ئەستۆیدا بووە بەجێی گەیاندووە , بەڵام ئەوەی ڕاستە و نابێت بشاردرێتەوە ئۆباڵی گلەییەكان دەكەوێتە ئەستۆی بەشێك لەو كەسانەی نوێنەرایەتی بزوتنەوەكە دەكەن هەر لە ئەندامانی پەرلەمان و وەزیر و دامەزرێنراوەكانی ناو حكومەت و ڕێكخراوە پیشەییەكان و ...هتد چونكە ئەوان نوێنەرایەتی بزوتنەوەكەن و بە دەنگی هاوڵاتیان ئەو شوێنانەیان وەرگرتووە . بەتایبەتیش ئەگەر دەنگی هاوڵاتیان نەبایە ئەوان نەیاندەتوانی ئەو شوێنانە وەربگرن . هەربۆیە :

1-ئەوانە گۆڕان نەبوون لە پێشودا نوێنەرایەتی خەڵكیان كردوە لە ناو پەرلەماندا چ لە پەرلەمانی كوردستان چ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دوای تەواو بوونی خولی پەرلەمانیان پشتیان كردۆتە بزوتنەوەكە یاخود بەلای لایەنەكانی دی بایان داوەتەوە كە پێشتر لە ناو دەزگاكانی ڕاگەیاندندا بانگەشەی گۆڕانكاریان دەكرد .
2-بەوانە ناوترێت گۆڕان خواز كە ئێستا ئەندامی پەرلەمان و وەزیری ناو حكومەتن و هەر بەناو نوێنەرایەتی خەڵكی دەكەن هەتا بانگەشەی هەڵبژاردن بوو هێزیان لەبەری خۆیان بڕیبوو دوای ئەوەی بە دەنگی هاوڵاتیان دەنگیان بەدەست هێنا ئیتر نە نقەیان لێ دێت نە نوزە سەرباری زۆر بوونی قەیرانەكان و بێ دەرەتانی خەڵكی كوردستان و بەردەوامی لە تاڵانكاری سامانی نیشتمانی و ... هتد ..تەنانەت ئەو وتەیەی كە لە ناو خەڵكی كوردستاندا دەوترێت تەواو ڕاستە كە دەڵێن : ( تازە بە نانی خۆیان گەیشتن و دەنگی هاوڵاتیان هیچ ) .
3-كەی ئەوانە گۆڕانن كە بە دەنگی خەڵكانی گۆڕان شوێنی كاریگەریان وەرگرتووە و دەتوانن گۆڕانكاری بكەن , بەڵام لەبەر هەلپەرستی و بەرژەوەندی كەسێتی خۆیان و لەترسی كاڵنەكردنەوەی پەیوەندیەكانیان و بە پاڵنەری خۆ خۆیی تەنانەت لەهەندێ دۆخدا شەرمیان لەوە دێت بڵێن گۆڕانین . چۆن دەتوانرێت بە كەسانێك بوترێت گۆڕان كە بە دەنگی گۆڕان شوێنی وەرگرتبێت , لە كاتێكدا (( بۆ پارە و موچە زیت و زیندوو ... بەڵام بۆ مافی خەڵكی دەنگی مردوو ...)) .
   هەرئەوەندە ماوە و دەیڵێم : ئەوانەی نا پاكی بەرامبەر دەنگی هاوڵاتیان دەكەن لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا , نەك بە تەنها ناپاكیە بەرامبەر بەو خەڵكانە , بەڵكو ناپاكی كردنە لەسەرجەم خەڵكی كوردستان ... چونكە گۆڕان دوا هیوای هاوڵاتیانە لە پێناو گۆڕانكاری .
   وە ئەوانە گۆڕانی ڕاستەقینەن : هەتا گەندەڵی مابێت لە ناو پەرلەمان و حكومەت و دام و دەزگاكاندا و تاڵانكاری سامانی نەتەوەیی هەبێت لە لایەن حیزبە قۆرخكارەكانەوە و ستەم و مافخواردن و نادادپەروەری و نایەكسانی بوونی هەبێت دەبێت ئەوانە دەنگیان دلێر و بوێر بێت  .


30/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر