(نەوشیروان مستەفا) و شەڕی كۆنەقینەی لەگەڵ پارتی ...!

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   ڕابردوی شۆڕشی گەلی كورد خۆی لەپاشخانێكی خوێناویدا دەبینێتەوە بەدەست دوژمنانی لەمێژینەی عەرەب و تورك و فارسەوە كە بەدڕەندەترین شێوە مامەڵەیان لەتەك میللەتەكەمان و دۆزە ڕەواكەیدا كردوە هەربۆیە نەتوانراوە بە قەوارەیەكی سەربەخۆی خۆمان بگەین یان هەر هیچ نەبێت فەرمانڕەوایی خودموختاریەكی ڕاستەقینەبەدەست بهێنین , وەلێ هەر ئەو دوژمنانە و سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەكان بە تەنها هۆكار نەبوون بۆ نوشستیمان بەڵكو هۆكارە خۆییەكان و ململانێی ناوەكی و ناوخۆیی بونەتە هۆی ئەم ڕەش بەختیە .
   ئەوەی ئێستاكە لەكوردستانی باشور بەدەست هاتوە لەتاقیكردنەوە و فەرمانڕەوایەتی (23) ساڵەدا هەتا ئەم ساتە وەختە جگە لە نەهامەتی و بەدچارەیی هیچی تری لێ شین نەبووە , لەبەر ئەوەی سەركردەكانی كورد نەیاتوانیوە وەكو پێویست ڕێبەرایەتی میللەت بكەن بەوەی ئاوات و خواستی نەتەوەیەك لەبەر دیدە بگرن و پێش ویست و بەرژەوەندی حیزبی بدەن تا لەو دەروازەیەوە بەرەو قەوارەی بە دەوڵەت بوون بچین تەنانەت لە هەندێ باردا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت ڕەنگە ئەوەی بەدەست هاتوە لەبەر بێ دەربەست بونیان خوانەكردە لە دەست بدرێت .
   ئەوەی ئێستا بەرجەستەیە لەو نمونە فەرمانڕەوایەتیە سەقەت و نادروستە بەوەی ململانێی سیاسی و حیزبی خۆی هاویشتۆتە ناو جەستەی حكومەت و فەرمانڕوایەتی كردن بەئەندازەیەك پەرلەمان و دام و دەزگاكان بوونەتە گۆڕەپانی زۆرانبازی و یەكلایی كردنەوەی كینەی پێشینەی حیزبایەتی و جیاوازی ئایدیایی .
   ئەم چەند مانگەی دوایی تەنگەژە و تێكهەڵپرژاندنی دۆخی سیاسی گەیشتۆتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی پێشبینی لێكترازان و جیابونەوە و دووئیدارەیی حكومەتی هەرێمی لێدەكرێت . ئەوەی دەبیسترێت لە ڕێگای میدیاكان و ڕاگەیاندنی حیزبەكان ئەوەیە هەر حیزبێك ئۆباڵ و دواهاتە خراپەكان دەخاتە ئەستۆی حیزبی ڕكابەر .
   ئاشكرایەپارتی دیموكراتی كوردستان پاش هەڵبژاردنەكانی 21 / 9 / 2013 خاوەنی زۆرترین دەنگی خەڵكی كوردستان بوو بە بەراورد كردن بە حیزبەكانی دی و بڕیاریدا لەگەڵ هێزی دوەم كە بزوتنەوەی گۆڕانە حكومەت پێك بهێنێت لە داوایدا حیزبەكانی تریش چوونە ناو حكومەتەوە و هەریەكەیان بە پێی بەركەوتە و دەنگەكانیان پشكیان لە ناو حكومەتدا پێدرا , بەڵام كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان و هەردوو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكە چونە ناو حكومەتەوە هەڵگری بەرنامەی چاكسازی كردن بوون , بەڵام سەرئەنجامی چونە ناو حكومەت ئەوە ڕویدا كە ئەمڕۆ دەیبینین .
   لەهەرە دیارترین ئەو وتە زەقانەی دەیبینین و بەر گوێمان دەكەوێت لە سەركردایەتی پارتی و كادێرەكانی و هەندێ لە ئەندام پەلەمانەكانی ئەوەیە ئەو دۆخی نائارامی و ئاڵۆزی و ناجێگێریەی كە پیایدا تێپەڕدەبین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕە كۆنە قینەی كە نەوشیروان مستەفا هەیەتی بەرامبەر بە پارتی بەگشتی و بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی و هێرشێكی لە ڕادەبەدەر دەكرێتە سەر كەسێتی ناوبراو ... دەبێت بپرسین ئایا ئەم ئاراستە و بیركردنەوە و لێكدانەوەیە تاچەند دروستە و ڕاستی لەخۆ دەگرێت ..!
   ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە زۆر شت هەیە تا بوترێت و قسەی لەسەر بكرێت , بەڵام بە مەزەندەی خۆم ئەم بابەتە و لێكدانەوەكەی بە بێ بنەما و نادروست دەبینم بەڵگەش بۆ ئەمانە زۆرن :
1/ نەوشیروان مستەفا وەكو ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر شەڕی كۆنە قینی بكردایە هەڵبەت نەك هەر نەدەچوە ناو حكومەتەوە , بەڵكو هەر بیری لە بەشداری كردن لە ناو حكومەتدا نەدەكردەوە و لەبەرەی بەرهەڵستیدا دەمایەوە . ڕێكەوتنی دولایەنەی لەگەڵ پارتی نەدەكرد و پرۆسەی چونە ناو حكومەتی بە ئەنجام نەدەگەیاند .
2/ نەوشیروان چەند جارێك سەردانی بارزانی كردوە و پێشوازی لێكردوە و كۆبونەوەی دوولایەنەیان كردوە لە ئاستی باڵادا تەنانەت لە كێشە و قەیرانەكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق خودی بارزانی هانای بۆ نەوشیروان بردوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە .
3/ نەوشیروان وەكو كەسێتی خۆی تەواو پێچەوانەی سەردەكانی ترە بەوەی تەنها بە یەك ڕوو سیاسەت دەكات لە سەرمادا دەڵێت ساردە .. هەر كە گەرمیش بوو دەڵێت گەرمە .. دوو ڕوویی لە سیاسەتدا ناكات و شەرم و منەتی بەكەس نیە .
4/ ئەم قسانە لەسەر شەڕی كۆنەقین كردن ڕاست بوو ئەمە لە كاتێدا ئەگەر كوردستان لە بارێكی سیاسی و ئابوری و یاسایی ئاسایدا بوایە هۆكاری دەستكردی لە پشتەوە نەبوایە ... ئاشٍكرایە پرسی كورسی سەرۆكایەتی هەرێم بەو شێوازە دۆخەكەی وا ئاڵۆز كردوە بارزانی بەدەر لە چەسپاندن و سەروەر بونی یاسا دەبوایە لە پێناو برەودان بە بابەت و چەمكی دیموكراسی بە خواستی خۆی دەستبەرداری كورسی بوایە نەك هەرێم توشی كێشمەكێش و قەیران بكات و كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكان  ئەمڕۆ سبەی پێ بكرێت و (9) دانیشتن بكرێت تا بیەوێت بە سازان پرسی دیموكراسی و یاسا پێشێل بكات دواجار بارگرژی لێبكەوێتەوە ئەمە لە لایەك , لە لایەكی ترەوە  ئەو لایەنەی پەیوەندی بە كێشەی موچەخۆرانەوە هەیە وەك فشار بەكارهێنراوە و گەورەترین گرفتی هێناوەتە ئاراوە تا لە ڕێگای ئەمەوە ماوەی كورسی سەرۆكاتی بۆ بارزانی درێژ بكرێتەوە و لە ڕێگای ناچاركردنی لایەنەكان و بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان .
   دەبێت هەر لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا و لەسەروو هەمویانەوە پارتی باش لەوە بگەن كە خەڵكی كوردستان گەمژە و كاڵ فام نین ... پێویستە هەمیشە ڕاستی بوترێت دوور لە پەردەپۆش كردنی ڕاستیەكان بە ناڕاستی و پەخش كردنی بەناو هاوڵاتیاندا .
  بۆیە هەر كاتێك ئازادی و دیوكراسی لە هەرێمدا فەراهەمكرا و بەركەماڵا بوو ... قوت و بژێوی خەڵكی نەكرا بە ئامراز و قوربانی كورسی ... تاڵانكاری سامانی نەتەوەیی كۆتایی پێهێنرا ... ئەوجا هەرچیەكەك بگوترێت جێگای خۆی دەگرێت .


22/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر