سازانی حیزبەكان ... دژی یاسا و دیموكراسی

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   وادەی تەواو بوونی ماوەی دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم بۆ مانگێك نزیك دەبێتەوە و حیزبەكان هەر خۆیان بە كۆبوونەوە و دانیشتن و گفتوگۆ سەرقاڵ كردوە بەبێ ئەوەی گەیشتبنە ئەوەی دەستكەوتێك بە دەست بهێنن بۆ سەروەركردن و سەقامگیربوونی یاسا لەلایەك , لە لایەكی تریشەوە هیچ لە هەوڵەكانیان بەرهەمدار نەبووە تا بتوانرێت پرۆسە و پرسی دیموكراسی بەرەو پێش ببرێت .

   ئەوەندەی پەیوەندی بە لایەنی یاساییەوە هەبێت ئەم جۆرە كۆبونەوانە بە بێ هودە دەبینم و مایەی گەشبینی نیە لە ژێر ناوی سازاندا ,  چونكە ناكرێت سازان لەسەر شتێك یان بابەتێك بكرێت كە پێی دەگوترێت (یاسا) بە بەڵگەی ئەوەی لە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2005)ی سەرۆکایەتی هەرێم، بۆ هەر كەسێك هەیە تەنها بۆ (2) خولی سەرۆكایەتی دەتوانێت ببێت بە سەرۆك دوای تەواو بوونی ئەو ماوەیە بۆی نیە خۆی بپاڵێوێت تا ببێتەوە بەسەرۆك . تەنانەت یاسای ژمارە (19) ی ساڵی 2013ی (پەرلەمانی کوردستان) كە خودی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەكەیان یەكێتی كە لەڕابردودا دەریان كردوە بە هیچ جۆرێك ڕێگا بەسەرۆكی پارتی نادات دوای بەرواری 19 / 8 / 2015 دابنرێتەوە بەسەرۆكی هەرێم . زۆر بە ئاشكرا و بێ پەروا دەڵێم هەر یەكێك لەو لایەنانەی دانوساندن دەكەن لەگەڵ پارتی ئەگەر بێت و بكەونە ژێر باری ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بۆ ناوبراو درێژ بكەنەوە نەك تەنهابۆ (2) ساڵ بەڵكو بۆ تەنها (2) هەفتەش ,  ئەوا جگە لە بێ باوەڕی بە یاسا و پێشلكردنی هیچ لێدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت . چونكە ناكرێت بە ناوی سازان و پاراستنی یەكڕیزی و ئارامیەوە سازش لەسەر یاسا و چەسپاندنی بكرێت .

   هەرچی پەیوەندی بە لایەنە دیموكراسیەكەیەوە هەبێت دەبێت هەموو لایەنە سیاسیەكان بە پارتیشەوە باش لەوە بگەن كە ئایندەی دیموكراسی لە هەرێمدا بە تەواوی وابەستەی ئەم پرسەیە بەوەی دەبێتە كلیلی چوونە ناو دەروازەی نهۆمە یەك لەدوای یەكەكانی دیموكراسیەوە ..دەكرێت لەم ڕێگایەوە بە دیوێكیا بنەما و پایەكانی لەسەر بچەسپێنرێت , بەڵام بە دیوەكەی تریدا هەڵبتەكێنرێت و دابڕمێنرێت .

   هەر بۆیە دەبێت گشت لایەنەكان ژیرانە مامەڵەبكەن بەوەی نە یاسا پێشێل بكەن و نە پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمدا لە بار ببەن .

   بە دیدی خۆم هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ سازان و گفتوگۆ نەبووم , چونكە ناكرێت گفتوگۆ لەسەر بابەتێك بكرێت كە پێشێلكردنی یاسای لێبكەوێتەوە یاخود زەمینەسازی بكرێت بۆ قایم كردنی كورسی سەرۆكایەتی هەرێم و دانانەوەی لە هەمان جێگای خۆیدا كە لە دوور و نزیك لەگەڵ دیموكراسیەتدا یەك ناگرنەوە و ڕەنگی یەكتریش هەڵناگرن .

   بە هیوام لە دوا ساتەكان سەروەر بوونی یاسا و سەقامگیربوونی پرۆسەی دیموكراسی لەلایەن حیزبەكانەوە نەبێتە میزڵدانێكی تەواو فودراو دواجاریش بە نوكە دەرزیەك بتەقێنرێت .

15/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر