(بارزانی) بەڵێنی خۆی بردە سەر یان شكاندی...؟؟

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   ڕابردووی هەر ڕووداوێك لەگەڵ ئەوەی دەبێتە مێژوو لە هەمان كاتیشدا ڕاستی و ناڕاستیمان بۆ دەخاتە بەرچاومان و بە هیچ شێوەیەكیش لە یاد ناكرێت .. یەكێك لەو ڕوداوە سەرسامانەی هەڵدەگرێت قسەی لەسەر بكرێت (بەڵێنێكی بارزانی) ە كە داوێتی لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە دوو لایەنەوە هەیە یەكەم/ كەسی سەرۆكی پارتی(بارزانی) ە . دووەم / كورسی و پایەی سەرۆكی هەرێم كە لە ئێستادا پرسی هەنوكەیی و لە هەرە گەرموگوڕترین باسەكانی ڕۆژە .
   پێش(4) ساڵ زیاتر لەمەوبەر لە كاتی ئامادەبوونی بارزانی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا لە پەیمانگایەكی لێكۆڵینەوە بە ناوی (ئیپاڵمۆ) وە بە دیاری كراوی لە بەرواری 24 / 2 / 2011 لە ڕاگەیاندراوێكدا بەڵێنیدا بەوەی ئامادەیە گوێ لە هاوڵاتیانی كوردستان بگرێت و واز لە كورسی دەسەڵات بهێنێت هەر كاتێك ( 50000) پەنجا هەزار كەس لە خەڵكی كوردستان داوای ڕۆیشتنی لێبكەن تەنانەت لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتوە وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا 72% ی دەنگی بەدەستهێناوە ئامادەیە واز لە دەسەڵات بهێنێت و هەرگیز هێز لە دژی میللەت بەكارناهێنێت دەبێت ئەوەش لە یاد نەكرێت بارزانی لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە زۆر بە ڕوونی گوتویەتی (لە من ئاسانتر نیە ئەگەر میللەت داوای وازهێنانم لێ بكەن لەبەر ئەوەی گوایا كورسی لەپێناو خزمەتی خەڵكی كوردستانە) .
   دوابە دوای ئەم ڕگەیاندراوە هەڵمەتێكی واژوو كردن دەست پێكرا تیایدا زیاد لە (1000000) سەد هەزار واژوو كۆكرایەوە وەك دەنگی ناڕەزایی و داوای وازهێنانی بارزانیان كرد لە كورسی , بەڵام سەرباری ئەمەش بارزانی ئامادە نەبوو دەست بەرداری كورسیەكەی بێت بەمەش بەڵێنی خۆی شكاند كە پێشتر دایبووی .
   لێرەدا پێویستە بوترێت ئەگەر وایدابنێین بارزانی لەبەر ئەوەی پێشتر بە دەنگی خەڵك هاتووەتە سەر كورسی ئێستاش سوورە لەسەر دەنگی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان , ئەی بۆ دوای تەواوبوونی دوو خولە یاساییەكەی لە 30 حوزەیرانی 2013 باسی دەنگی هاوڵاتیانی نەكرد كاتێك 2 ساڵی بە نایاسایی بۆ درێژكرایەوە ..؟؟
  (بەڵێن) لە هەموو كۆمەڵگایەك و هەر كات و شوێنێكدا بەمانای ئەوە دێت بە جێ بگەیەنرێت نەك فەرامۆش بكرێت و پشت گوێ بخرێت و لەهەمان كاتدا نابێت بۆ مەبەستێكی ناڕەوا دەرببڕێت و بدرێت , ئینجا ئەو كەسە لە هەر پلە و پایەیەك بێت .  ئەوەی تا ئێستا بەدیمان كردووە بارزانی ئەگەر لە ڕابردودا بیانووی ئەوەی بە دەستەوە بووە بە دەنگی هاوڵاتیانی كوردستان هاتۆتە سەر كورسی سەرۆكایەتی , بەڵام لە ئێستادا ئەو بیانوەی نەماوە و نابێت ئەوەشی لە یاد بچێت هەر هەمان ئەو دەنگی هاوڵاتیانەیە داوای وازهێنانی لێدەكەن كە كورسی سەرۆكایەتی هەرێم بەجێبهێڵێت لە ڕێگای پەرلەمانی كوردستانەوە  چونكە ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری خەڵكی كوردستانن  ئەمەش لەبەر كەسی ئەو نیە وەكو كەسێتی , بەڵكو لە پێناو چەسپاندنی یاسا و برەودانە بە پرسە دیموكراسیەكان . وا پێویست دەكات بارزانی لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی خۆی شكاندووە نابێت خۆی لەسەروو یاسا و دیموكراسیەتەوە ببینێتەوە . دەبێت بارزانی پێش كەسانی دی ئامادە بێت یاسا پیادە بكات و تەقەلا بۆ سەقامگیربوونی پرسی دیموكراسیەت بدات . بە تایبەتی ناو و دروشمی حیزبەكەی (دیموكراتی) ە .


14/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر