سیاسەتی نەوشیروان مستەفا... مزراحێنە یان شەتڕەنج ؟

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

 بەو پێیەی سیاسەت شای زانستەكانە و پەلدەهاوێت بۆ گشت سوچ و پەنایەكی سەر زەمین و كاریگەری خۆی دادەنێت لەسەر كایە جیاوازەكانی ناو كۆمەڵگا بەشێوەیەك لێكەوتە و شوێنەوار و كاریگەریەكانی دەردەكەوێت لەبەردەم دیدی هەموو تاكەكانی  گەلانی سەرتاسەری جیهان . سیاسەت كە لە دیاریدە باڵاكانی سەرخانە و تەنانەت لە هەندێ كاتدا كار لە ژێرخانی دەوڵەتانیش دەكات بەو مەرجەی لەلایەن كەسێكەوە بێتە پیادەكردن كە تەواو كارامە و لێزان و بیرمەند بێت لە ڕووی دیتنی ڕوخساری خودەوە تێڕامانی هەبێت بۆ دەوروبەرەكەی هەروەها لە كاتی پێویستدا خەمڵاندن و لێكدانەوەكانی دروست بن و ئاراستەی ڕاستگیری بگرێتە بەر  و لە بڕیارداندا لە ناوەڕاستی خاڵی مەبەستدا بیچەقێنێت .

  ڕاستە سیاسەت هونەری لەتوانادا بوونە و دەكرێت هەر كەسێكی ناو كۆمەڵ خۆی بهاویژێنە ناو جیهانی سیاسەتەوە ئەمە بەلایەك , بەلایەكی تریشەوە دەشێت تاڕادەیەك سەركەوتنی تیادا بەدەست بێت بەڵام گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندی گشتی وكۆمەڵی تیادا بەدی بهێنرێت نەك بەرژەوەندی تاك و تەنیایی كەسەكە و دەوروبەری و دەستە و تاقمێكی ناو چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی ئەو كەسەی كە سیاسەت دەكات لەو كاتەی دەگاتە لوتكەی دەسەڵات و جڵەوی فەرمانڕوایەتی دەگرێتە دەست . زۆرن ئەوانەی كە سیاسەتیان بەو هێڵەدا پەیڕەو كردوە بۆ مەرامی گەیشتن بەدەسەڵات سەرەتا بە جۆرەها بەڵێن و گفتی بریقەدار دەستپێدەكات , بەڵام  هەر كە گەیشتن بەدەسەڵات , نە بەڵێنیان بیر ماوە نە دەزانن هاونیشتمانی كێیە . بەمەش ئەو جۆرە سیاسەتمەدار و سەركردانە گەر بگەنە كەشكەلانی فەلەك وەها دادەڕمێن و هەرەس دێنن بەشێوەیەك لە لوتكەی قوچەك دەكەونە سەر بنكە و لە هیچ شوێنێكدا شوێنەوار و ناویان نامێنێت تەنها لە لاپەڕە ڕەشەكانی دوو توێی پەرتوكەكانی مێژوو نەبێت ... كە بۆ هەتا هەتایە نەوە یەك لەدوای یەكەكانی مێژوو دەیخەنە ناو خانەی نەفرەتلێكردنەوە . ئەوەندەی پەیوەندی بەم قۆناغەی مێژووەوە هەبێت و جێگای سەرباسی ئەم گوتارەمە كەسێتی نەوشیروان مستەفایە .

  نەوشیروان مستەفا وێنەیەكی ساغ لە سیاسەتمەداری كردن لە پێناو گەیشتن بە ئامانج , بەڵام كام ئامانج ..!؟ ئامانجێك كە تیایدا بەرژەوەندی گشتی بێنتە دی نەك قەتیس كراو بە چەند تاكێكی دیاری كراو هەر بەو شێوەیە پەلدەهاویژێتە ناو گۆڕەپانێكی بێ سنوور نەك بازنەی بەرژەوەندی داخراو . ئا لەم قۆناغەدا سیاسەت كردن لای نەوشیروان هەڵێنجراوی ناخی تاكی بەئاگاو بێ ئاگایە , هەربۆیە بە چەندەها شێواز خوێندنەوە و لێكدانەوە بۆ هەنگاوەكانی دەكرێت و بە وێنەی جیاواز لەسەر تابلۆی سیاسیدا ڕوكەش دەكرێت یان دەنەخشێنرێت . نەوشیروان زۆر ژیرانە مامەڵەی دروست دەكات .. باش دەزانێت لە چ كاتێكدا نەرمی دەنوێنێت و بێدەنگ دەبێت و لە كاتی تریشدا ڕەفتار ڕەق و دەنگ هەڵدەبڕێت , بەڵام هەر هەموو ئەمانە زۆر وەستا باشیانە ئامراز و كەرەستەی خۆی  تیادا بەكاردەهێنێت . لەو ساتەی كە دەخوازێت و وا پێویست دەكات سیاسەتی نەرم بێت تۆز لەسەر جەستەی خاوبونەوەی دەنیشێت , وەلێ هەر كە پێویست بكات وەها دەتەقێتەوە لەگەڵ هەورە بروسكە و ڕەخت و شەستەدا تۆز دەكاتە قوڕاو بە جۆرێك وەها ڕایدەماڵێت شوێنەواری تۆز وون دەكات .. ئەمە ئەو سیاسەتەیە نەوشیروان دەیكات . لێرەدا ئەگەر پرسیار بكرێت ئا ئەمە گەمەی منداڵانە  نەوشیروان مستەفا دەیكات یان سیاسەتی ژیرانەیە ..؟ وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە .. ئەگەر لای كەسانێك وەها بێت كە سیاسەت كردن لای نەوشیروان گەمە كردنە لەوەڵامدا دەڵێم : بەڵێ ڕاستە گەمە دەكات , بەڵام گەمەی منداڵان نیە چونكە ئەگەر وەها دابنرێت نەوشیروان مزراح بە دەست بێت .. ئا لەم ساتەدا باش دەزانێت چ مزراحێكی بە دەستەوەیە و خۆی دەزانێت چۆن شیپ و بەنەكەی تیادەئاڵێنێت و چۆن پەنجەكانی لە دەوری مزراحەكە گیر دەكات و بە چ چەشنێك بازوو و قۆڵی دەبات و دێنێت لەهەر هەموو ئەمانەش گرنگتر دەزانێت مزاحەكەی لەسەر زەمیندا چۆن لەو خاڵ و چەقەی كە دەیەوێت دایدەكوتێَت , لەسەروو ئەمانەش دەبێت دەوروبەرەكەی ئەوە بزانێت تەمتەمەی مزراحەكەی نەوشیروان لەهەر هەموو ئەمانەدا زادەی حەوجۆشە نەك تەمتەمەی مزراحێكی ئاسایی ئینجا بزانن ئەو مزراحە چۆن چۆنی دەخولێَتەوە .!؟

  ئەگەر وایدابنێین نەوشیروان شەتڕەنج دەكات زۆر بە ژیرانە و هۆشەنگانە بیر دەكاتەوە و بەسەلیقەیە بۆ سەر تەختەی شەتڕەنج بەو ئەندازەیەی زۆر بەهەست و هۆشمەندانە دەڕوانێتە گشت تاك و داشێكی سەر پانتایی یاریەكە و بەیەكسانی و زۆر بە بایەخەوە پێدراوی خۆیان پێ دەدات و دەچێتە ناو گیانی یەك بە یەكیان بەو جۆرەی كە دەخوازێت جوڵە دەكەن و بەهای ڕاستەقیەنەی خۆیان دەداتێ و خوێندنەوەی بۆ گەورە و بچوك یەك ئاراستەیە چونكە دەزانێت هەر جەنگاوەرە و دەبێتە شالیار و سەركەوتنی پێ  دێنێتە دی


01/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر