شەڕی كورسی .. بۆ خەڵكی برسی .. بوو بە مەترسی

پارێزەر.. سۆران محه‌مه‌د غه‌ریب

   ئەو بابەتەی لە هەرێمی كوردستاندا بوەتە ناوازەترین و بەربڵاوترین باسی ناو خەڵك , دانیشتنەكان , میوانداریەكان و ڕاگەیانەكان و حیزبەكان (كورسی سەرۆكایەتی هەرێم)ە تا ئەو ڕادەیەی نە حكومەت كاری خۆی لا بەبایەخە و نە دام و دەزگاكان دەپەرژێنە سەر ئەوەی كاری ئاسایی خۆیان بەجێدەگەیەنن .. تەنانەت درێژەكێشانی كۆبونەوەكان و ئەمڕۆ سبەی پێكردنیان كاریگەری كردۆتە سەر بازاڕ و ستت بونی بەئەندازەیەك دەمی هەر تاكێك لە دانیشتوانی هەرێم دەكەیرێتەوە بێ یەك ودوو گوزارشت لە بێزاری و نادادی ڕەوشی ژیان دەكات , لەسەروو هەر هەموو ئەمانەشەوە ئەوەی بیری لێناكرێتەوە بژێوی خەڵكی بێدەرەتان و بەش مەینەت و بێ پاشەكەوت كردووە , بەتایبەتریش لای ئەوانەی كە هیچ سەرچاوەیەكی تریان نیە بۆ بەدەستهێنانی دەرامەت بۆ  بژێویان بێجگەلەپیشە و كاری ڕۆژانەیان . ناكرێت بواری ئابووری و جوڵەی بازاڕ گرێنەدەین بەكار و گوزەرانی یەكتر و بەگەڕخستنی سەرمایەی سەرمایەدارانەوە , چونكە لە هەردوو باردا (هەڵكشان و داكشان) بواری بازاڕ و گەرموگوڕی كاریگەری خۆی هەیە بەلایەنەكانی ترەوە جا بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی .

   ئەگەرچی پرسەكە پرسێكی دیموكراسیە و ناكرێت خۆمانی لێ لابدەین یان وەلای بنێین , هەر بۆیە نابێت ڕاستیەكان نەوترێت  و بێدەنگ بین لەبەرامبەر ئەوەی لەگەڵ هەنگاوەكانی مرۆڤایەتی نایەتەوە و ڕێناكات . پێدەچێت لە سایەی كێبڕكێ و ململانێ لایەنە سیاسیەكان و ئەوەی بە بیریاندا نایەت خەڵكی ڕەشۆك و بەشمەینەت و بێ دەرەتانە , دەنا ئەمڕۆ نا سبەی ... ئەم هەفتەیە یان دوو هەفتەی دی ... مانگ لە دوای مانگ ... جگە لە گاڵتە جاڕی و ڕابواردن بە هەست و چارەنوسی خەڵكی چ مانایەكی تر دەگەیەنێت ..!؟

   لە بێ هیوای و كاری بەدكاران هەزارەها گەنج و چەندین خێزانی هەرێم ڕووەو دەرەوە ڕێگایان گرتەبەر و سەدەها كەسیش بونە قوربانی ڕێگای دەربەدەری و نەهامەتی .
   جا پرسیارەكە ئەمەیە شەڕی ئەم كورسیە بۆ چیە و لە پێناو كێدایە ؟ ئەوەندەی ئێمە بیستومانە لە ڕابردودا و لە ئێستاشدا دەیبینین لە هیچ كاتێكدا چونە سەر كورسی لە لایەن سەركردەكانی كورد لە هەرێمدا بۆ بەختەوەری ئەم میللەتە یان بۆ خۆش گوزەرانی خەڵكی نەبوە هەردەم هەڵپەی ئەوە كراوە تا بەرژەوەندی و ئارەزوەكانی كۆمەڵە كەسانێكی دیاری كراو بهێنێتە دی .. ئیتر خەڵكی و ڕۆڵەكانی خەڵكی كوردستان (چش ...)

   ئەم وێنەیە لە فەرمانڕەوایەتی و بە ڕێوەبردن مەگەر لە كوردستان و هاوشێوەكانی هەبێت ئەو دەوڵەتە تاكڕە و و خوێن مژەكان .. ئەوانەی لەسەر سك و ماف و سامانی نیشتمان و ئازادی هاوڵاتیەكانیان دەژین و خۆیان پێ دەوڵەمەند دەكەن و تاكەكانی پێ هەژار دەكەن , ئەگینا لە هیچ وڵاتێكی تری ماف پارێزەری هاوڵاتی و تاك نەبونیان هەیە و نەدەبینرێت .
   لەو بڕوایەدام ئەگەر ئەو كورسیەی ئێستاكە چەلەحانێ و دەنگە دەنگ لەسەر دەكرێت لە پێناو خەڵكی برسی ئەم وڵاتەدا بوایە نە كەسێك لە گەورەكانی هەرێم هەرای لەسەر دەنایەوە و نەڕەوشی كوردستانیش بەم دۆخە دەگەیشت , ئەو سەركردانەی كە خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن نەك هەر نەیاندەویست بچنە سەری دابنیشن یاخود لەسەری بمێننەوە , بەڵكو بە هەموو هێز و گوڕێكیان لە دەستی هەڵدەهاتن , بەڵام لەبەر ئەوەی وەك هەنگوین و ڕۆن سەرچاوەیەكە بۆ دەوڵەمەند بون و دروستكردنی پەیوەندی بازرگانی لە شێوەی كۆمپانیا ... ئەوا بۆیە ئامادەن سەراپا هاوڵاتیان و خەڵكی تەنانەت ئەگەر چارەنوسی ئەم میللەتە كڵۆڵەش بێت لەدەستی بدەن  تا مانەوە لەسەر كورسی بەدەست بهێنن و دەرونی نەخۆشیان پێ چارە بكەن .


11/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر